عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
بانگهێشتکردنی تینووەکان 
1
«هۆ ئەی هەموو تینووەکان، وەرن،
وەرن بۆ ئاو[a] ،
ئەوانەش کە پارەیان نییە،
وەرن، بکڕن و بخۆن!
وەرن ئێوە پارە مەدەن، بەبێ نرخ
شەراب و شیر بکڕن.
2
بۆچی پارە بە شتێک بەهەدەر دەدەن کە نان نییە؟
بۆچی کارێک دەکەن لە پێناوی شتێک کە تێرتان ناکات؟
بە تەواوی گوێم لێ بگرن و ئەوە بخۆن کە باشە،
با گیانتان تام لە چەوری وەربگرێت.
3
گوێتان شل بکەن و وەرنە لام،
گوێ بگرن بۆ ئەوەی گیانتان بژیێت.
پەیمانی هەتاهەتاییتان لەگەڵدا دەبەستم،
خۆشەویستی نەگۆڕ و چەسپاوم بۆ داود.
4
ئەوەتا کردم بە شایەت بەسەر نەتەوەکانەوە،
ڕابەر و فەرماندە بۆ نەتەوەکان.
5
ئەوەتا ئەو نەتەوانەی نایانناسیت بانگیان دەکەیت و
ئەو نەتەوانەی ناتناسن بۆ لات ڕادەکەن،
لەبەر یەزدانی پەروەردگارت،
لەبەر پیرۆزەکەی ئیسرائیل،
چونکە شکۆمەندی کردیت.»
6
ڕووتان لە یەزدان بکەن هەتا کاتی ماوە،
لێی بپاڕێنەوە کە هێشتا نزیکە.
7
با بەدکار واز لە ڕێگای خۆی بهێنێت و
خراپەکاریش لە بیرکردنەوەکانی،
با بگەڕێتەوە لای یەزدان، ئەویش بەزەیی پێدا بێتەوە،
بۆ لای خودامان، چونکە زۆر لێبوردەیە.
8
«بێگومان بیرکردنەوەی من بیرکردنەوەی ئێوە نییە و
ڕێگاکانی ئێوەش ڕێگاکانی من نین،»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
9
«هەروەک بەرزیی ئاسمان لە زەوییەوە،
ئاوا بەرزە ڕێگاکانم بەسەر ڕێگاکانتاندا و
بیرکردنەوەم بەسەر بیرکردنەوەتان.
10
هەروەک چۆن باران و بەفر
لە ئاسمانەوە دێنە خوارەوە و
ناگەڕێنەوە ئەوێ،
بەڵکو زەوی ئاو دەدەن و
وای لێ دەکەن بەرهەم بدات و ڕووەکی لێ بڕووێت و
تۆو بدات بۆ تۆوکردن و نان بۆ خواردن،
11
فەرمایشتەکەم ئاوا دەبێت کە لە دەممەوە دێتە دەرەوە:
بە بەتاڵی ناگەڕێتەوە بۆم،
بەڵکو ئەوەی من پێم خۆشە دەیکات و
سەرکەوتوو دەبێت لەوەی بۆی دەنێرم.
12
ئەو کاتە بە خۆشییەوە دەچنە دەرەوە و
بە ئاشتییەوە ڕابەرایەتیتان دەکرێت،
چیاکان و گردەکان
لەبەردەمتان دەکەونە هاواری خۆشییەوە،
هەموو دارەکانی دەشتودەریش
بە دەست چەپڵە لێ دەدەن.
13
لە جێی دڕک سنەوبەر دەڕوێت و
لە جێی چقڵیش مۆرد دەڕوێت،
بۆ یەزدان دەبێت بە ناوێک،
نیشانەیەکی هەتاهەتایی
کە لەناو ناچێت.»
  1. a. 55‏:1 ئاو: هێمایە بۆ ژیان و بەزەیی خودا.‏