عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - سییۆن ناوێکی نوێی هەیە
- 1
- لە پێناوی سییۆن بێدەنگ نابم و
 لە پێناوی ئۆرشەلیم هێمن نابم
 هەتا بێتاوانییەکەی وەک گزنگی خۆر دەدرەوشێتەوە و
 ڕزگاریشی وەک مەشخەڵ داگیرسێت.
- 2
- ئەو کاتە هەموو نەتەوەکان بێتاوانییەکەت دەبینن،
 هەموو پاشاکانیش شکۆمەندییەکەت.
 ناوێکی نوێت لێ دەنرێت
 کە دەمی یەزدان دیاری دەکات.
- 3
- دەبیت بە تاجی جوانی لە دەست یەزدان و
 تاجەگوڵینە لەناو لەپی خودات.
- 4
- چیتر ناوت نانرێت «بەجێماو» و
 چیتر بە خاکەکەت ناگوترێت «وێرانە»،
 بەڵکو پێت دەگوترێت «حەفچیڤا[a] »،
 خاکەکەشت، «بەعولە[b] »،
 چونکە یەزدان بە تۆ دڵخۆش دەبێت،
 خاکەکەشت مێردی دەبێت.
- 5
- وەک چۆن گەنج دەبێت بە مێردی کچێکی پاکیزە،
 ئاواش کوڕەکانت دەبن بە مێردت.
 وەک دڵخۆشی زاوا بە بووک،
 ئاواش خودات بە تۆ دڵخۆش دەبێت.
- 6
- ئەی ئۆرشەلیم، ئێشکگرم لەسەر شووراکانت داناوە،
 بەردەوام شەو و ڕۆژ بێدەنگ نابن.
 ئەی ئەوانەی یەزدانتان لە یادە،
 ئۆقرە مەگرن،
- 7
- لێ مەگەڕێن یەزدان ئۆقرە بگرێت هەتا ئۆرشەلیم دەچەسپێنێت و
 ناوداری دەکات لە زەویدا.
- 8
- یەزدان بە دەستی ڕاستی خۆی و
 بە هێزی بازووی سوێندی خوارد:
 «چیتر دانەوێڵەکەت
 ناکەم بە خۆراک بۆ دوژمنەکانت و
 شەرابە نوێیەکەشت کە پێوەی ماندوو بوویت،
 نامۆکان نایخۆنەوە،
- 9
- بەڵکو ئەوانە دەیخۆن کە گەنمیان بەرهەم هێناوە و
 ستایشی یەزدان دەکەن،
 ئەوانەی ترێیان ڕنیوەتەوە
 لە حەوشەی پیرۆزگاکەم دەیخۆنەوە.»
- 10
- تێپەڕ بن! تێپەڕ بن لە دەروازەکانەوە!
 ڕێگای گەل خۆش بکەن.
 ئامادەی بکەن! ڕێڕەو ئامادە بکەن!
 لە بەرد پاکی بکەنەوە.
 ئاڵا بۆ گەل بەرز بکەنەوە.
- 11
- ئەوەتا یەزدان
 بە هەر چوار لای زەویدا ڕایگەیاندووە:
 «بە شاری سییۆن بڵێن،
 ”وا ڕزگارکەرەکەت دێت!
 وا پاداشتەکەی لەگەڵیەتی و
 خەڵاتەکەی لەبەردەمییەتی.“»
- 12
- ناویان لێ دەنێن، «گەلە پیرۆزەکە»،
 «ئەوانەی یەزدان کڕیونیەتیەوە»،
 تۆش ناوت لێ دەنرێت، «داواکراوەکە»،
 «شارە بەجێنەماوەکە».

