عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - ڕۆژی خودا بۆ تۆڵەسەندن و ڕزگاری
- 1
- ئەوە کێیە لە ئەدۆمەوە دێت
 بە بەرگی سوور لە بۆزراوە،
 ئەو شکۆمەندەی بە جلوبەرگەکەیەوە
 بە زۆری هێزەکەیەوە نمایش دەکات؟
 «منم، بە ڕاستودروستی دەدوێم
 مەزنم بۆ ڕزگاری.»
- 2
- بۆچی بەرگت سوورە و
 بەرگت وەک پەستێنەری گوشەری ترێیە؟
- 3
- «کەس لە گەلان لەگەڵمدا نەبوو
 بە تەنها گوشەرم پەستەوە.
 لە تووڕەییدا ئەوانم پڵیشاندەوە،
 بە هەڵچوونی خۆم پێم لێنان.
 جا خوێنیان بەسەر بەرگمدا پرژا و
 هەموو جلەکەم لەکەدار بوو.
- 4
- ڕۆژی تۆڵەسەندنەوە لە دڵمدا بوو و
 ساڵی کڕینەوەی گەلم هات.
- 5
- تەماشام کرد بەڵام یارمەتیدەر نەبوو،
 سەرسام بووم کە پشتگیری نەبوو،
 بەڵام بە هێزی بازووی خۆم ڕزگاریم دەستەبەر کرد،
 هەڵچوونم پشتگیری کردم.
- 6
- بە تووڕەیی خۆم گەلانم پەستەوە،
 بە هەڵچوونی خۆم سەرخۆشم کردن،
 خوێنی ئەوانم بەسەر زەویدا ڕشت.»
- نوێژ و ستایش
- 7
- باسی خۆشەویستی نەگۆڕی یەزدان دەکەم،
 کارەکانی کە شایستەی ستایشن،
 بۆ هەموو ئەوەی کە لە پێناوی ئێمەدا کردی.
 باسی چاکە مەزنەکەی دەکەم بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل،
 ئەوەی پاداشتی پێدانەوە بەپێی بەزەییەکەی و
 بەپێی زۆری خۆشەویستییە بێ سنوورەکەی.
- 8
- فەرمووی: «بە ڕاستی گەلی منن،
 کوڕن، ناپاکیم لەگەڵ ناکەن،»
 جا بۆیان بوو بە ڕزگارکەر.
- 9
- لە هەموو تەنگانەکانیان ئەویش تەنگاو بوو و
 فریشتەی ئامادەبوونەکەی[a] ڕزگاری کردن.
 ئەو بە خۆشەویستییەکەی و بە میهرەبانی ئەوانی کڕییەوە،
 بەرزی کردنەوە و هەڵیگرتن
 هەموو ڕۆژانی کۆن.
- 10
- بەڵام ئەوان یاخی بوون و
 ڕۆحی پیرۆزی ئەویان خەمبار کرد،
 جا لێیان بوو بە دوژمن و
 لەگەڵیان کەوتە جەنگەوە.
- 11
- ئینجا گەل ڕۆژانی کۆنیان بەبیر هاتەوە،
 ڕۆژانی موسا و گەلەکەی.
 کوا ئەوەی لە دەریاوە سەری خستن
 لەگەڵ شوانی مێگەلەکەی؟
 کوا ئەوەی ڕۆحی پیرۆزی خۆی
 لەنێویان دانا؟
- 12
- کوا ئەوەی لەلای دەستی ڕاستی موسا
 هێزە شکۆدارەکەی بازووی خۆی نارد،
 ئەوەی ئاوی لەبەردەمیان دوو لەت کرد،
 بۆ ئەوەی ناوێکی هەتاهەتایی بۆ خۆی دروستبکات،
- 13
- ئەوەی بەناو دەریا قووڵەکاندا بردنی؟
 وەک ئەسپ بە چۆڵەوانیدا سەرسمیان نەدا،
- 14
- وەک دابەزینی ڕەشەوڵاخ بەرەو دەشتایی،
 ڕۆحی یەزدان پشووی پێدان.
 ئاوا ڕێنمایی گەلەکەتت کرد
 بۆ ئەوەی ناوێکی شکۆمەند بۆ خۆت دروستبکەیت.
- 15
- لە ئاسمانەوە تەماشا بکە،
 لە نشینگەی پیرۆز و شکۆمەندیتەوە ببینە،
 کوا دڵگەرمی و پاڵەوانیێتییەکەت؟
 ئاخ هەڵکێشانی هەناوت و بەزەییت لە ئێمە بڕی.
- 16
- بەڵام تۆ باوکی ئێمەی،
 ئەگەر ئیبراهیم نەمانناسێت و
 ئیسرائیلیش دانمان پێدا نەنێت.
 ئەی یەزدان تۆ باوکی ئێمەیت،
 لە ئەزەلەوە ناوت دەمانکڕێتەوە.
- 17
- ئەی یەزدان، بۆچی لە ڕێگاکانی خۆت وێڵت کردین،
 بۆچی دڵت ڕەق کردین هەتا لێت نەترسین؟
 بگەڕێوە لە پێناو خزمەتکارەکانت،
 هۆزەکانی میراتەکەت.
- 18
- بۆ ماوەیەکی کەم گەلی پیرۆزت خاوەنی پیرۆزگای تۆ بوون،
 بەڵام ئێستا دوژمنانمان پێشێلیان کرد.
- 19
- ئێمە لە کۆنەوە گەلی تۆین،
 ئێستا وامان لێ هاتووە کە تۆ فەرمانڕەوایی ئێمەت نەکردووە،
 وەک چۆن هەرگیز بە ناوی تۆوە ناو نەنرابین.
- a. 63:9 مەبەستی لە ئەو فریشتەیە کە هەمیشە ئامادەیە لەبەردەمی یەزدان بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی.

