عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ئیشایا و منداڵان وەک نیشانە و هێما 
1
یەزدان پێی فەرمووم: «پارچە چەرمێکی گەورە بۆ خۆت ببە و بە پێنووسی قامیش لەسەری بنووسە: ”مەهێر شالال حاش بەز.[a] “»
2
هەروەها دوو شایەتی سەرڕاست بۆ خۆم بکەم بە شایەت، ئوریای کاهین و زەکەریای کوڕی یەڤەرەخیا.
3
لە پێغەمبەرە ژن[b] نزیک بوومەوە و سکی بوو و کوڕێکی بوو. یەزدانیش پێی فەرمووم: «ناوی بنێ: مەهێر شالال حاش بەز،
4
چونکە بەر لەوەی منداڵەکە بزانێت بڵێت ”بابە“ و ”دایە،“ سامانی دیمەشق و دەستکەوتی سامیرە دەهێنرێتە بەردەم پاشای ئاشور.»
5
ئینجا یەزدان دووبارە قسەی لەگەڵمدا کردەوە و فەرمووی:
6
«لەبەر ئەوەی ئەم گەلە
ئاوی هێمنی شیلۆوەحی[c] ڕەتکردەوە،
دڵخۆش بوو بە ڕەچین و
کوڕەکەی ڕەمەلیاهو،
7
لەبەر ئەوە پەروەردگار خەریکە
ئاوی ڕووبارە[d] بەهێز و زۆرەکە بەسەریاندا هەڵدەستێنێت،
مەبەست لە پاشای ئاشور و هەموو شکۆمەندییەکەیەتی.
جا بەسەر هەموو جۆگەکانیدا سەردەکەوێت و
بەسەر هەموو کەنارەکانیدا دەڕوات،
8
بەناو یەهودا ڕەت دەبێت، هەڵدەچێت و
تێدەپەڕێت هەتا دەگاتە گەردن،
لێککشانی باڵەکانی پڕ بە پانتایی خاکەکەتە،
ئەی ئیمانوێل!»
9
ئەی گەلینە، گەلەکۆمە بکەن و بشکێنەوە!
ئەی هەموو خاکە دوورەکانی جیهان، گوێ بگرن:
خۆتان توند بکەن و بشکێنەوە!
خۆتان توند بکەن و بشکێنەوە!
10
ڕاوێژ بکەن، پووچ دەبێت،
قسە بکەن، سەرناگرێت،
چونکە خودا لەگەڵمانە.[e]
11
یەزدان بەم جۆرەی پێ فەرمووم، کە دەستی گرتم و ئاگاداری کردمەوە بە ڕێگای ئەم گەلەدا نەڕۆم:
12
«مەڵێ ”پیلانگێڕییە!“
بە هەموو ئەوەی ئەم گەلە پێی دەڵێت پیلانگێڕی،
مەترسە لەوەی کە ئەوان لێی دەترسن،
مەتۆقە.
13
تەنها یەزدانی سوپاسالار بە پیرۆز دابنێ و
دەبێ لەو بترسی،
لەو بتۆقی.
14
ئەو دەبێتە پیرۆزگا،
بەڵام بۆ هەردوو بنەماڵەکەی ئیسرائیل
دەبێتە بەردێک بۆ کۆسپ،
تاشەبەردێکیش کە لێی بکەونە خوارەوە.
بۆ دانیشتووانی ئۆرشەلیم
دەبێت بە تەڵە و داو.
15
زۆر کەس ساتمەی لێ دەکەن و دەکەون،
دەکەون و تێکدەشکێن،
بە داوەوە دەبن و دەگیرێن.»
16
ئەم شایەتییە بۆ ئاگادارکردنەوە بپێچەوە،
فێرکردنەکە بە قوتابییەکانم مۆر بکە.
17
چاوەڕێی یەزدان دەکەم،
ئەو کە ڕووی خۆی لە بنەماڵەی یاقوب شاردووەتەوە،
من پشت بەو دەبەستم.
18
ئەوەتا خۆم و ئەو منداڵانەی کە یەزدان پێیداوم، لەناو ئیسرائیلدا وەک نیشانە و هێمای یەزدانی سوپاسالارین کە لە کێوی سییۆن نیشتەجێیە.
تاریکی دەبێتە ڕووناکی 
19
کە پێتان دەڵێن: «”پرسیار لە نێوانگرەکان[f] و ڕۆح ئامادەکاران[g] بکەن کە ورتەورت و چپەچپیانە،“ پێیان بڵێ: ”ئەی گەل، لە خوداکەتان بپرسن. ئایا لە پێناو زیندووان پرسیار لە مردووان دەکەن؟“
20
بەرەو فێرکردنەکە و بەرەو شایەتییەکە! ئەگەر وەک ئەم قسەیە نەکەن، گزنگی بەیانییان نابێت.
21
بە سەختی و برسیێتییەوە پێیدا تێدەپەڕن، کاتێک برسی دەبن و قینیان هەڵدەستێت نەفرەت لە پاشای خۆیان و خودای خۆیان دەکەن و سەر هەڵدەبڕن.
22
ئینجا تەماشای زەوی دەکەن، ناخۆشی و تاریکی و ڕەشی دەبینن، فڕێدەدرێنە ناو تەنگانە و سێبەری مەرگ.»
  1. a. 8‏:1 مەهێر شالال حاش بەز: واتا خێرا بۆ تاڵانکردن.‏
  2. b. 8‏:3 مەبەست لە ژنەکەی خۆیەتی کە ئەویش پێغەمبەر بووە.‏
  3. c. 8‏:6 شیلۆوەح: هەمان ئاوی سیلوامە. بڕوانە نەحەمیا 3‏:15 و یۆحەنا 9‏:7‏.‏‏
  4. d. 8‏:7 واتا ڕووباری فورات.‏
  5. e. 8‏:10 عیبری: \+tl ئیمانوێل‏\+tl*. بڕوانە 7‏:14 و مەتا 1‏:23‏‏.‏
  6. f. 8‏:19 نێوانگرەکان: لێرە بەو واتایە دێت، ئەو کەسانە کە گوایە هۆی پەیوەندی ڕێکخەرن لەنێوان خەڵکی مردوو و زیندوودا.‏
  7. g. 8‏:19 ڕۆح ئامادەکاران: بەو کەسانە دەگوترێت کە ڕۆح ئامادە دەکەن. بڕوانە یەکەم ساموئێل 28‏:3؛ 8‏–9‏‏.‏