عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
 - بەڵام ئەوانەی لەژێر گوشار بوون لە تاریکی تەنگانەدا نامێنن، وەک سەردەمی پێشوو خاکی زەبولون و خاکی نەفتالی زەلیل کردەوە، سەردەمی کۆتایی ڕێز لە جەلیلی ناجولەکەکان دەگرێت، ئەوەی لە ڕێگای دەریایە، ئەوبەری ڕووباری ئوردون.
 - 2
 - ئەو گەلەی لە تاریکیدا دەڕۆیشت،
ڕووناکییەکی گەورەی بینی،
دانیشتووان لە خاکی سێبەری مەرگ
ڕووناکی بەسەریاندا هەڵهات. - 3
 - ئەو نەتەوەیەت زۆر کرد و
خۆشییەکی گەورەت پێی بەخشی،
لەبەردەمت دڵخۆش بوو
وەک خۆشی کاتی دروێنە،
وەک ئەوانەی شاد دەبن
بە دابەشکردنی دەستکەوت. - 4
 - لەبەر ئەوەی نیری بارگرانی ئەو و
داری پشتی ئەو و
کوتەکی بێگاری پێکردنی ئەوت
وەک ڕۆژی میدیان شکاند. - 5
 - هەموو پۆستاڵی جەنگاوەران لە گەرمەی شەڕدا و
بەرگی لەناو خوێن گەوزاو
بۆ سووتان دەبێت،
سووتەمەنییە بۆ ئاگر، - 6
 - چونکە کوڕێکمان دەبێت،
کوڕێکمان پێدەدرێت و
سەرکردایەتی دەکەوێتە سەرشانی.
ناوی لێ دەنرێت
سەرسوڕهێنەر و ڕاوێژکار، خودای بەتوانا،
باوکی هەتاهەتایی، میری ئاشتی. - 7
 - گەشەسەندنی سەرۆکایەتی و ئاشتییەکەی
بێ کۆتایی دەبێت.
لەسەر تەختی داود و بەسەر شانشینەکەی
پاشایەتی دەکات
بۆ چەسپاندنی و بەهێزکردنی،
بە دادپەروەری و بە ڕاستودروستی
لە ئێستاوە و هەتاهەتایە.
دڵگەرمی یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەکات. - تووڕەیی یەزدان لە دژی ئیسرائیل
 - 8
 - پەروەردگار وشەیەکی لە دژی یاقوب نارد و
بەسەر ئیسرائیلدا کەوت. - 9
 - گەل هەموو دەزانن،
ئەفرایم و دانیشتووانی سامیرە،
بە لووتبەرزی و
فیزی دڵەوە دەڵێن: - 10
 - «خشت ڕووخا،
بەڵام بە بەردی تاشراو بنیاد دەنێینەوە؛
هەنجیرە کێوی بڕایەوە،
بەڵام داری ئورز لە شوێنی دادەنێین.» - 11
 - یەزدان دوژمنانی ڕەچینی پاشای لێ هەڵدەستێنێت،
ناحەزانی جۆش دەدات. - 12
 - ئارامییەکان لە ڕۆژهەڵاتەوە و فەلەستییەکان لە ڕۆژئاواوە
پڕ بە دەم ئیسرائیل هەڵدەلووشن.
لەگەڵ هەموو ئەوەشدا تووڕەییەکەی دانەمرکایەوە،
هێشتا دەستی درێژکردووە. - 13
 - گەل هێشتا نەگەڕایەوە لای لێدەرەکەی،
ڕوویان لە یەزدانی سوپاسالار نەکرد. - 14
 - یەزدان لە ئیسرائیل سەر و کلک دەبڕێت،
دار خورما و قامیش لە یەک ڕۆژدا، - 15
 - پیر و پیاوماقوڵ سەرەکەن،
ئەو پێغەمبەرانەی کە فێرکردنی درۆیین فێر دەکەن کلکەکەن. - 16
 - ڕابەرانی ئەم گەلە بوون بە چەواشەکار،
ئەوانەی ڕابەرایەتی دەکرێن سەریان لێ شێواوە. - 17
 - لەبەر ئەوە پەروەردگار دڵخۆش نابێت بە گەنجەکانیان،
بەزەیی نایەتەوە بە هەتیو و بێوەژنەکانیان،
چونکە هەموو خوانەناس و خراپەکارن،
هەموو دەمەکان بە گێلی دەدوێن.
لەگەڵ هەموو ئەوەشدا تووڕەییەکەی دانەمرکایەوە،
هێشتا دەستی درێژکردووە. - 18
 - بێگومان بەدکاری وەک ئاگر دەسووتێت،
دڕکوداڵ دەخوات،
گڕ لە دەوەنی دارستان بەردەدات،
ستوونی دووکەڵ لوول دەخوات. - 19
 - بە جۆشی تووڕەیی یەزدانی سوپاسالار
خاکەکە دەسووتێت،
گەلیش دەبێت بە سووتەمەنی ئاگر،
پیاو دڵی بە برای خۆی ناسووتێ. - 20
 - لای ڕاست لێ دەکاتەوە و
هەر برسییە،
لای چەپ دەخوات و
تێر نابێت.
پیاو گۆشتی قۆڵی خۆی دەخوات: - 21
 - مەنەشە ئەفرایم دەخوات و ئەفرایمیش مەنەشە،
هەردووکیان پێکەوە لە دژی یەهودا هەڵدەگەڕێنەوە.
لەگەڵ هەموو ئەوەشدا تووڕەییەکەی دانەمرکایەوە،
هێشتا دەستی درێژکردووە. 

