عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
شەمشون تۆڵە لە فەلەستییەکان دەکاتەوە 
1
ئینجا پاش ماوەیەک لە کاتی دروێنەی گەنمدا شەمشون ژنەکەی بە کارەبزنێک بەسەرکردەوە و گوتی: «دەچمە ژوورەوە بۆ لای ژنەکەم لە ژوورەکەی خۆی.» بەڵام باوکی ژنەکەی نەیهێشت بچێتە ژوورەوە.
2
باوکی گوتی: «لە ڕاستیدا من وا بیرم کردەوە کە تۆ ڕقت لێی بووەتەوە، بۆیە دام بە هاوڕێکەت. ئایا خوشکە بچووکەکەی لەو جوانتر نییە؟ با لە جیاتی ئەو بۆ تۆ بێت.»
3
شەمشونیش پێی گوتن: «ئێستا من بێتاوانم ئەگەر خراپە بەسەر فەلەستییەکان بهێنم.»
4
ئینجا شەمشون چووە ڕاو و سێ سەد ڕێوی ڕاوکرد، کلکی هەردوو ڕێوی پێکەوە بەستەوە و مەشخەڵێکی لە ناوەڕاستی هەردوو کلکەکان دانا.
5
ئینجا ئاگری لە مەشخەڵەکان بەردا و ڕێویەکانی بەڕەڵا کردە ناو کێڵگەکانی فەلەستییەکانەوە، جا ئەوەی کۆکرابووەوە و ئەوەی چێنرابوو تەنانەت ڕەزەمێوەکان و ڕەزە زەیتوونەکانیشی سووتاند.
6
فەلەستییەکانیش گوتیان: «کێ ئەمەی کرد؟» وەڵامیان دایەوە: «شەمشونی زاوای تیمنی، چونکە ژنەکەی لێسەندەوە و دایە هاوڕێکەی.»
ئینجا فەلەستییەکان سەرکەوتن و ژنەکە و باوکیان سووتاند.
7
شەمشونیش پێی گوتن: «لەبەر ئەوەی ئەم کارەتان کرد، وازتان لێ ناهێنم هەتا تۆڵەتان لێ نەکەمەوە.»
8
ئینجا بە توندی لێیدان و زۆر کەسی لێیان کوشت، پاشان بەرەو خوار چوو و لەناو ئەشکەوتێک لە تاشەبەردی عێتام نیشتەجێ بوو.
9
ئینجا فەلەستییەکان سەرکەوتن و لە یەهودا چادریان هەڵدا و لە لەحی بڵاو بوونەوە.
10
جا پیاوانی یەهودا گوتیان: «بۆچی هاتوونەتە سەرمان؟»
ئەوانیش گوتیان: «بۆ ئەوەی شەمشون ببەستینەوە و ئەوەی پێ بکەین کە پێی کردین.»
11
ئینجا سێ هەزار پیاو لە یەهودا بەرەو خوار چوون بۆ ئەشکەوتەکە لە تاشەبەردی عێتام و بە شەمشونیان گوت: «ئایا نازانیت فەلەستییەکان بەسەرماندا زاڵن؟ تۆ چیت پێکردین؟»
ئەویش پێی گوتن: «چییان پێکردم، ئەوەم پێکردوون.»
12
ئینجا پێیان گوت: «هاتووینە خوارەوە بۆ ئەوەی بتبەستینەوە و بتدەینە دەست فەلەستییەکان.»
شەمشونیش پێی گوتن: «سوێندم بۆ بخۆن کە ئێوە نامکوژن.»
13
ئەوانیش گوتیان: «نەخێر ناتکوژین، بەڵام دەتبەستینەوە و دەتدەینە دەستیان.» ئینجا بە دوو گوریسی نوێ بەستیانەوە و لە تاشەبەردەکەوە سەریان خست.
14
کاتێک هات بۆ لەحی، فەلەستییەکان بە هاوارەوە بەرەو ڕووی چوون. ئینجا ڕۆحی یەزدان بە تواناوە هاتە سەری و ئەو دوو گوریسەی بە بازوویەوە بوو وەک کەتانی سووتێنراویان لێهات و دەستی ئازاد بوو.
15
ئینجا شەمشون شەویلاکێکی کەری دۆزییەوە کە هێشتا وشک نەببووەوە، هەڵیگرت و هەزار پیاوی بەوە کوشت.
16
ئینجا شەمشون گوتی:
«بە شەویلاکی کەرێک
ئێوەم کردە کەرگەل،
بە شەویلاکی کەرێک
هەزار پیاوم کوشت.»
17
کە لە قسەکردن بووەوە شەویلاکەکەی دەستی فڕێدا و ئەو شوێنەی بە ڕامەت لەحی[a] ناو برد.
18
پاشان زۆر تینووی بوو و هاواری بۆ یەزدان کرد و گوتی: «تۆ ئەم ڕزگارییە گەورەیەت دا بەدەست خزمەتکارەکەت و ئایا ئێستاش لە تینووێتیدا دەمرم و دەکەومە دەست خەتەنەنەکراوەکان؟»
19
ئینجا خودا چاڵەکەی لەحییەی کردە دوو کەرت و ئاوی لێ هاتە دەرەوە. کاتێک شەمشون خواردیەوە ڕۆحی هاتەوە بەر و بووژایەوە، بۆیە بە کانی هەقۆرێ[b] ناوبرا کە هەتا ئەمڕۆ لە لەحیدایە.
20
جا شەمشون لە ڕۆژگاری فەلەستییەکاندا بیست ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد.
  1. a. 15‏:17 ڕامەت لەحی: واتا گردی شەویلاک.‏
  2. b. 15‏:19 q کانی هەقۆرێ واتا ئەو کانییەی کە هاوار دەکات.‏