عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
دانییەکان لە لەیش نیشتەجێ بوون 
1
لەو سەردەمەدا هیچ پاشایەک لەناو ئیسرائیلدا نەبوو.
لەو ڕۆژانەشدا هۆزی دانییەکان بەدوای شوێنێکدا دەگەڕان بۆ نیشتەجێبوون، چونکە هەتا ئەو ڕۆژەش لەنێو هۆزەکانی ئیسرائیلدا هیچ میراتێکیان بەرنەکەوتبوو.
2
جا نەوەی دان لە چۆرعا و لە ئەشتائۆلەوە پێنج جەنگاوەری لێهاتوویان لە تێکڕای خێڵەکەیانەوە نارد، بۆ ئەوەی سیخوڕی بەسەر خاکەکەوە بکەن و بیپشکنن، پێیان گوتن: «بڕۆن و خاکەکە بپشکنن.»
جا ئەوانیش هاتن بۆ ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم بۆ ماڵی میخا و لەوێ مانەوە.
3
لەو کاتەدا کە ئەوان لە نزیک ماڵی میخا بوون، دەنگی کوڕە لێڤییەکەیان ناسییەوە و چوون بۆ ئەوێ و لێیان پرسی: «کێ تۆی هێناوە بۆ ئێرە؟ لەم شوێنە چی دەکەیت؟ چیت لێرە هەیە؟»
4
ئەویش پێی گوتن: «میخا ئەمە و ئەوەی بۆ کردووم و بە کرێی گرتووم و بووم بە کاهینی.»
5
ئەوانیش پێیان گوت: «تکایە لە خودا بپرسە و بزانە لەو ڕێگایەدا سەرکەوتوو دەبین کە پێیدا دەڕۆین؟»
6
کاهینەکەش وەڵامی دانەوە: «بە سەلامەتی بڕۆن، ئەو ڕێگایەی پێیدا دەڕۆن چاوی یەزدانی لەسەرە.»
7
ئینجا پێنج پیاوەکە ڕۆیشتن و هاتنە لەیش، تەماشایان کرد ئەو گەلەی تێیدایە بە ئاسوودەیی دەژین، وەک نەریتی سەیدائییەکان، ئاسوودە و خاوەن متمانە بوون، چونکە زەوییەکە لە هیچ شتێکدا کەموکوڕی نەبوو و دەوڵەمەندیش بوون. جگە لەوەش لە سەیدائییەکانەوە دووربوون و پەیوەندیشیان بە کەسەوە نەبوو.
8
جا هاتنەوە بۆ لای خزمەکانیان بۆ چۆرعا و ئەشتائۆل و خزمەکانیان لێیان پرسین: «ها هەواڵ چی بوو؟»
9
ئەوانیش گوتیان: «هەستن با بچینە سەریان، چونکە بینیمان خاکەکە زۆر چاکە، جا بێدەنگ مەبن و لە ڕۆیشتن تەمبەڵی مەکەن بۆ ئەوەی بچنە ناو خاکەکەوە و ببن بە خاوەنی.
10
کاتێک دەگەنە ئەوێ، گەلێکی خاوەن متمانە و خاکێکی لە دوو لاوە بەر فراوان دەبینن. خودا خستوویەتییە ژێر دەستتانەوە و شوێنێکە لەسەر ڕووی زەوی کەموکوڕی لە هیچ شتێک نییە.»
11
ئیتر شەش سەد پیاوی چەکدار لە خێڵی دانییەکان لە چۆرعا و ئەشتائۆلەوە بۆ شەڕکردن بەڕێکەوتن.
12
پیاوەکان سەرکەوتن و لە قیریەت یەعاریم لە یەهودا چادریان هەڵدا، لەبەر ئەوە هەتا ئەمڕۆش بەو شوێنە دەگوترێت مەحەنێی دان[a] ، شوێنەکەش لە ڕۆژئاوای قیریەت یەعاریمەوەیە.
13
لەوێشەوە پەڕینەوە بۆ ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم و هاتن بۆ ماڵی میخا.
14
ئینجا ئەو پێنج پیاوەی کە بۆ سیخوڕیکردن بەسەر خاکی لەیشەوە چووبوون، بە خزمەکانیان گوت: «ئایا دەزانن لەم ماڵەدا ئێفۆد و بت و پەیکەری داتاشراو و بتی لەقاڵبدراو هەیە؟ کەواتە ئێستا بیربکەنەوە چی بکەن.»
15
ئینجا ڕوویان کردە ئەوێ و هاتن بۆ ماڵی میخا، سڵاویان لە کوڕە لێڤییەکە کرد.
16
شەش سەد پیاوە چەکدارەکەی نەوەی دان بە هەموو چەک و تفاقەوە لەبەردەم دەرگاکە ڕاوەستان.
17
ئەو پێنج پیاوەی کە بۆ سیخوڕیکردن بەسەر خاکەکەوە چووبوون، سەرکەوتن و چوونە ژوورەوە بۆ ئەوێ، پەیکەرە داتاشراوەکە و ئێفۆدەکە و بتەکان و بتە لەقاڵبدراوەکەیان برد، کاهینەکەش لەبەردەم دەرگاکە لەگەڵ شەش سەد پیاوە چەکدارەکە ڕاوەستابوو.
18
کاتێک پێنج پیاوەکە چوونە ناو ماڵی میخا و پەیکەرە داتاشراوەکە و ئێفۆدەکە و بتەکان و بتە لەقاڵبدراوەکەیان برد، کاهینەکە لێی پرسین: «ئەوە چی دەکەن؟»
19
ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «بێدەنگ بە! دەستت بخەرە سەر دەمت و لەگەڵمان وەرە، ببە بە باوک و کاهینمان. چاکترە کاهینی ماڵی یەک پیاو بیت، یاخود کاهینی هۆزێک و خێڵێک لە ئیسرائیلدا؟»
20
ئیتر کاهینەکەش دڵخۆش بوو، ئێفۆدەکە و بتەکان و پەیکەرە داتاشراوەکەی برد و چووە ڕیزی گەلەکەوە.
21
ئینجا ڕۆیشتن، منداڵ و ئاژەڵی ماڵی و هەرچی بەهادار بوو دایانە پێش خۆیان.
22
کاتێک لە ماڵی میخا دوور کەوتنەوە ئەو پیاوانەی کە لەناو ماڵەکانی نزیک ماڵی میخا بوون، دوای نەوەی دان کەوتن و پێیان گەیشتن.
23
هاواریان لە نەوەی دان کرد. ئەوانیش ئاوڕیان دایەوە و بە میخایان گوت: «ئەوە چیتە، پیاوەکانت بانگکردووە بۆ ئەوەی شەڕ بکەن؟»
24
ئەویش گوتی: «ئەو بتانەی دروستم کردن لەگەڵ کاهینەکە بردووتانە و ڕۆیشتوون، هیچم بۆ نەماوەتەوە، ئیتر چۆن پێم دەڵێن، ”ئەوە چیتە؟“»
25
نەوەی دانیش وەڵامیان دایەوە: «با لەنێوماندا گوێمان لە دەنگت نەبێت، نەوەک ئەم پیاوە سەرگەرمانە پەلامارت بدەن و گیانی خۆت و خێزانەکەت بکێشن.»
26
ئینجا نەوەی دان ڕێگای خۆیان گرتەبەر، کە میخاش بینی لەو بەهێزترن، گەڕایەوە و چووەوە بۆ ماڵەکەی.
27
بەڵام ئەوان ئەوەی میخا دروستی کردبوو لەگەڵ کاهینەکەیدا بردیان و چوونە لەیش، بۆ لای گەلێکی ئاسوودە و خاوەن متمانە، جا دایانە بەر شمشێر و شارەکەیان سووتاند.
28
کەسیش نەبوو بە هانای بگات، چونکە شارەکە لەناو دۆڵی بێت‌ڕەحۆڤ بوو کە لە سەیداوە دوور بوو، پەیوەندیشیان بە کەسەوە نەبوو.
ئینجا دانییەکان شارەکەیان بنیاد ناوە و تێیدا نیشتەجێ بوون و
29
شارەکەیان ناو نا دان، بە ناوی دانی باپیر گەورەیانەوە کە یەکێک بوو لە کوڕەکانی ئیسرائیل[b] ، بەڵام پێشتر شارەکە ناوی لەیش بوو.
30
ئینجا نەوەی دان پەیکەرە داتاشراوەکەیان بۆ خۆیان دانا و یۆناتانی کوڕی گێرشۆمی کوڕی موسا خۆی و کوڕەکانی بوون بە کاهینی هۆزی دانییەکان هەتا ڕۆژی ڕاپێچکردنی خەڵکی خاکەکە.
31
بە درێژایی ئەو ماوەیەی کە ماڵی خودا لە شیلۆ بوو، ئەو پەیکەرە داتاشراوەی کە میخا دروستی کردبوو بۆ خۆیان دایاننا.
  1. a. 18‏:12 مەحەنێی دان: واتا ئۆردوگای دان.‏
  2. b. 18‏:29 لە کوڕەکانی ئیسرائیل: واتا یەکێک بوو لە کوڕەکانی یاقوب.‏