عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - سروودی دەڤۆرا
 - 1
 - ئینجا دەڤۆرا و باراکی کوڕی ئەبینۆعەم لەو ڕۆژەدا دەستیان بە گوتنی سروود کرد:
 - 2
 - «کاتێک پێشەواکان لە ئیسرائیل ڕابەرایەتی دەکەن،
کاتێک گەل خۆیان بەخت دەکەن،
ستایشی یەزدان بکەن! - 3
 - «ئەی پاشایان، ببیستن! ئەی فەرمانڕەوایان، گوێ بگرن!
من بۆ یەزدان سروود دەڵێم،
مۆسیقا بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل دەژەنم. - 4
 - «ئەی یەزدان، بە هاتنەدەرەوەت لە سێعیر،
بە بەرەوپێشچوونت لە خاکی ئەدۆم،
زەوی لەرزی، ئاسمانیش دڵۆپەی کرد،
هەروەها هەورەکانیش ئاویان لێ باری. - 5
 - چیاکان هەرەسیان هێنا لە ڕووی یەزدانی پەروەردگاری شاخی سینا،
لە ڕووی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل. - 6
 - «لە ماوەی ڕابەرایەتی شەمگەری کوڕی عەنات،
لە سەردەمی یاعێل ڕێگا سەرەکییەکان وازلێهێنران و
ڕێبوارەکان بە ڕێڕەوی خواروخێچدا ڕۆیشتن. - 7
 - گوندەکانی ئیسرائیل چۆڵ بوون،
چۆڵ بوون، هەتا من کە دەڤۆرام هەستام،
هەتا وەک دایکێک لە ئیسرائیل هەستام. - 8
 - کاتێک شەڕ گەیشتە دەروازەکان،
خودا ڕابەرە نوێیەکانی هەڵبژارد،
بەڵام هیچ قەڵغانێک یان ڕمێک
لەنێو چل هەزار کەس لە ئیسرائیل نەبینرا. - 9
 - دڵم لەگەڵ سەرکردەکانی ئیسرائیلە،
لەگەڵ خۆبەختکەرانی نێو گەل،
ستایشی یەزدان بکەن! - 10
 - «ئەی ئەوانەی سواری ماکەری سپی بوون،
دانیشتوو لەسەر زینی لباد و
ئەوانەی ڕێتان گرتووەتەبەر،
گوێ بگرن - 11
 - لە دەنگی گۆرانیبێژان لەلای بیرە ئاوەکان،
لەوێ بە کردارە ڕاستودروستەکانی یەزدانیان هەڵدا،
کردەوە ڕاستودروستەکانی جەنگاوەرانی ئەو لە ئیسرائیل.
«ئینجا گەلی یەزدان
بەرەو دەروازەکان ڕۆیشتن. - 12
 - ”هەستە، هەستە، ئەی دەڤۆرا!
هەستە، هەستە، سروود بڵێ!
هەستە، ئەی باراک!
ئەی کوڕی ئەبینۆعەم دیلەکانت بگرە.“ - 13
 - «ئینجا پاشماوەی گەل
هاتنە خوارەوە بۆ لای بەگزادەکان،
گەلی یەزدان بۆ لام هاتنە خوارەوە،
لەگەڵ پاڵەوانەکان. - 14
 - هەندێکیان لە ئەفرایمەوە هاتن، ئەوانەی بارەگایان لەنێو عەمالێقە،
لە دواتەوەن، نەوەی بنیامین لەگەڵ گەلەکەت.
لە ماکیرەوە سەرکردەکان دابەزین و
لە زەبولونەوە ئەوانەی داردەستی پێشەوایان بەدەستەوەیە. - 15
 - سەرۆکەکانی یەساخار لەگەڵ دەڤۆرا هاتن و
نەوەی یەساخار لەگەڵ باراک،
بەرەو دۆڵەکە بە پەلە بەدوایدا دەڕۆیشتن.
لەنێو خێڵەکانی ڕەئوبێن
دڵەڕاوکێیەکی زۆر هەبوو. - 16
 - بۆچی لەنێو پەرژینەکان دانیشتبوون،
بۆ گوێگرتن لە دەنگی بلوێرلێدان بۆ مێگەلەکان؟
لەنێو خێڵەکانی ڕەئوبێن
دڵەڕاوکێیەکی زۆر هەبوو. - 17
 - گلعاد لەوبەری ڕووباری ئوردون مایەوە،
بۆچی دان لەلای کەشتییەکان چاوەڕێی دەکرد؟
ئاشێریش لەلای کەناری دەریا دانیشت و
لە بەندەرەکانی مایەوە. - 18
 - زەبولون گەلێکە گیان لەسەر دەست
لەگەڵ نەفتالی لە بەرزاییەکانی گۆڕەپانی جەنگ. - 19
 - «پاشایان هاتن و جەنگان،
ئینجا پاشایانی کەنعان جەنگان
لە تەعنەک لەلای ئاوی مەگیدۆ،
هەندێک زیویشیان دەست نەکەوت. - 20
 - ئەستێرەکان لە ئاسمانەوە جەنگان،
لە خولگەکانی خۆیانەوە لە دژی سیسرا جەنگان. - 21
 - ڕووباری قیشۆن ڕایماڵین،
ڕووباری قیشۆن، ڕووبارێکی دێرینە.
ئەی گیانی من بە ئازایەتییەوە بەرەو پێشەوە بڕۆ! - 22
 - ئینجا سمی ئەسپەکان دەنگەدەنگەیان دەدا،
لە غارەغاری ئەسپە بەتاوەکانی. - 23
 - فریشتەی یەزدان فەرمووی: ”نەفرەت لە مێرۆز بکەن،
بە توندی نەفرەت لە دانیشتووانی بکەن،
چونکە نەهاتن بۆ یارمەتیدانی یەزدان،
یارمەتیدانی یەزدان لە دژی پاڵەوانان.“ - 24
 - «بەرەکەتدار بێت لەنێو ئافرەتان،
یاعێلی ژنی حەڤەری قێنی،
بەرەکەتدار بێت لەناو هەموو ئەو ئافرەتانەی چادرنشینن. - 25
 - داوای ئاوی کرد شیری پێدا،
لەناو کاسەی شازادان، دەڵەمەی[a] بۆ هێنا. - 26
 - دەستی درێژکرد بۆ مێخی چادرەکە و
دەستی ڕاستی بۆ چەکوشی کرێکار.
لە سیسرای دا و سەری شکاند،
کاسە سەری وردوخاش کرد و لاجانی کون کرد. - 27
 - لەبەر پێیەکانی ڕۆچوو،
کەوت، ڕاکشا،
لەبەر پێیەکانی ڕۆچوو، کەوت،
لەکوێ ڕۆچوو، لەوێ کەوت و مرد. - 28
 - «دایکی سیسرا لە پەنجەرەوە تەماشای کرد و
لە کڵاوڕۆژنەوە[b] دەستی بە شیوەن کرد.
”بۆچی گالیسکەکانی لە هاتن دواکەوتن؟
بۆچی دەنگی ناڵی وڵاخی گالیسکەکانی دواکەوتن؟“ - 29
 - ئینجا داناترین شازادەی وەڵامی دایەوە،
بەڵکو خۆی بوو وەڵامی خۆی دایەوە: - 30
 - ”ئایا دەستکەوتێکیان دەست نەکەوتووە و بەشی ناکەن،
کیژێک یان دووان بۆ هەر پیاوێک،
تاڵانکردنی جلی ڕەنگکراو بۆ سیسرا،
جلی ڕەنگکراو و نەخشێنراو،
جلی نەخشێنراو لە هەردوو ڕوو بۆ گەردنم،
هەمووی وەک تاڵانی؟“ - 31
 - «ئاوا هەموو دوژمنانت لەناودەچن، ئەی یەزدان!
بەڵام با ئەوانەی کە تۆیان خۆشدەوێت وەک خۆر بن
کاتێک لە بەهێزیدا هەڵدێت.»
ئینجا خاکەکە چل ساڵ لە ئاشتیدا بوو. 
- a. 5:25 یان دەرەمە، قۆناغی پێش دروستبوونی پەنیر.
 - b. 5:28 وەک پەنجەرەیە، دەلاقەیەکە بۆ هاتوچۆی هەوا و گێڕانەوەی تیشکی خۆر.
 

