عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
گدعۆن 
1
نەوەی ئیسرائیل لەبەرچاوی یەزدان خراپەکارییان کرد، یەزدانیش حەوت ساڵ ژێر دەستەی میدیانییەکانی کردن.
2
جا دەسەڵاتی مییدیانییەکان بەسەر ئیسرائیلدا زاڵ بوو، لەبەر میدیانییەکان نەوەی ئیسرائیل بۆ خۆیان پەناگایان لەناو کونە شاخ و ئەشکەوت و قەڵای چیاکان دروستکرد.
3
هەر جارێک ئیسرائیلییەکان تۆویان دەچاند میدیانییەکان بۆیان سەردەکەوتن و عەمالێقییەکان و کوڕانی ڕۆژهەڵات دەهاتنە سەریان.
4
لە دژیان چادریان هەڵدەدا و بەروبوومی زەوی و زاریان لەناو دەبرد تاکو دەگەیشتنە غەزە، هیچ شتێکی زیندوویان بۆ نەوەی ئیسرائیل نەدەهێشت[a] ، نە لە مەڕ و نە لە مانگا و نە لە گوێدرێژ.
5
لەبەر ئەوەی کە سەردەکەوتن بە ئاژەڵی ماڵی و چادرەکانیانەوە دەهاتن و وەک کۆمەڵە کوللە لە زۆریدا، خۆیان و وشترەکانیان بێشومار بوون، دەچوونە ناو خاکەکەوە بۆ ئەوەی وێرانی بکەن.
6
ئیتر ئیسرائیلییەکان بەدەست میدیانییەکانەوە زۆر هەژار بوون و نەوەی ئیسرائیل هاواریان بۆ یەزدان کرد.
7
کاتێک نەوەی ئیسرائیل هاواریان بۆ یەزدان کرد بەهۆی میدیانییەکانەوە،
8
یەزدان پێغەمبەرێکی بۆ نەوەی ئیسرائیل نارد، ئەوەی پێ گوتن: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: من لە میسرەوە سەرم خستن و لە خاکی کۆیلایەتی دەرمهێنان و
9
لە دەستی میسرییەکان و لە دەستی هەموو ئەوانەی دەیانچەوساندنەوە دەربازم کردن، لەبەردەمتاندا دەرمکردن و خاکەکەیانم پێدان.
10
پێم فەرموون: ”من یەزدانی پەروەردگاری ئێوەم. خوداوەندەکانی ئەمۆرییەکان مەپەرستن، ئەوانەی ئێوە لە خاکیاندا نیشتەجێن،“ بەڵام گوێتان لێ نەگرتم.»
11
ئینجا فریشتەی یەزدان هات و لەژێر دار بەڕووەکەی عۆفرا کە هی یۆئاشی ئەبیعەزەری بوو دانیشت. گدعۆنی کوڕی یۆئاشیش لە گوشەرەکە گەنمی دەکوتا بۆ ئەوەی لە میدیانییەکانی بشارێتەوە.
12
جا فریشتەی یەزدان بۆ گدعۆن دەرکەوت و پێی فەرموو: «ئەی جەنگاوەری بەهێز، یەزدانت لەگەڵە.»
13
گدعۆنیش پێی گوت: «گەورەم لێت دەپرسم، ئەگەر یەزدان لەگەڵماندایە، ئەی بۆچی ئەم هەموو کارەساتەمان بەسەرهات؟ کوا هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانی کە باوکانمان پێیان ڕاگەیاندین و گوتیان: ”ئایا یەزدان نەبوو لە میسرەوە دەریهێناین؟“ ئێستاش یەزدان وازی لێ هێناوین و ژێردەستەی میدیانی کردووین.»
14
ئینجا یەزدان ئاوڕی لێدایەوە و گوتی: «بەم توانایەتەوە بڕۆ و ئیسرائیل لە دەستی میدیان ڕزگار بکە. من تۆ دەنێرم.»
15
گدعۆنیش لێی پرسی: «ئای گەورەم! ئیسرائیل بە چی ڕزگار بکەم؟ ئەوەتا خێڵەکەم بێهێزترین خێڵی مەنەشەیە و منیش لە ماڵی باوکم لە هەموویان بچووکترم.»
16
یەزدانیش وەڵامی دایەوە: «من لەگەڵت دەبم و لە هەموو میدیانییەکان دەدەی وەک ئەوەی لە تەنها پیاوێک بدەی.»
17
گدعۆنیش پێی گوت: «ئەگەر جێی ڕەزامەندی تۆم، نیشانەیەکم بدەرێ کە تۆ خۆتی قسەم لەگەڵ دەکەیت.
18
تکایە ئێرە بەجێمەهێڵە هەتا دێمەوە بۆ لات و پێشکەشکراوەکەم دەردەهێنم و لەبەردەمتدا دای دەنێم.»
یەزدانیش فەرمووی: «دەمێنمەوە هەتا دەگەڕێیتەوە.»
19
گدعۆنیش چووە ژوورەوە و کارەبزنێکی سەربڕی و ئامادەی کرد لەگەڵ ئێفەیەک ئارد[b] کە نانی فەتیرەی لێ دروستکرد. گۆشتەکەی لەناو سەبەتەیەک دانا و گۆشتاوەکەشی[c] کردە مەنجەڵێکەوە و بردیە دەرەوە بۆی بۆ ژێر دار بەڕووەکە و پێشکەشی کرد.
20
فریشتەی خوداش پێی فەرموو: «گۆشت و نانە فەتیرەکە ببە و لەسەر ئەو تاتەبەردە دایانبنێ و گۆشتاوەکە بڕێژە.» گدعۆنیش بەم جۆرەی کرد.
21
ئینجا فریشتەکەی یەزدان سەری گۆچانەکەی کە بە دەستیەوە بوو درێژی کرد و لە گۆشت و نانە فەتیرەکەی دا و ئاگرێک لە بەردەکەوە بەرزبووەوە و گۆشت و نانە فەتیرەکەی خوارد. ئینجا فریشتەکەی یەزدان لەبەرچاوی نەما.
22
ئیتر گدعۆن زانی کە فریشتەی یەزدان بوو، بۆیە گوتی: «ئای ئەی یەزدانی باڵادەست! من فریشتەی یەزدانم ڕووبەڕوو بینی.»
23
یەزدانیش پێی فەرموو: «ئاشتی بۆ تۆ، مەترسە، نامریت.»
24
ئیتر گدعۆن لەوێ قوربانگایەکی بۆ یەزدان دروستکرد و ناوی لێنا «یەزدان ئاشتییە.» هەتا ئەمڕۆ لە عۆفرای ئەبیعەزەرییەکانە.
25
ئینجا لەو شەوەدا یەزدان پێی فەرموو: «دووەمین گای باوکت کە حەوت ساڵانە، بیبە بۆ قوربانگاکەی بەعل کە هی باوکتە، قوربانگاکە تێکبدە و ئەو ستوونە ئەشێرایەی[d] لەتەنیشتییەتی بیبڕەوە.
26
ئینجا قوربانگایەک بۆ یەزدانی پەروەردگارت لەسەر ئەو قەڵا بەرزە بە ڕێکوپێکی دروستبکە و دووەمین گا سەربخە و بیکە قوربانی سووتاندن لەسەر تەختە دارەکانی ئەو ستوونە ئەشێرایەی کە دەیبڕیتەوە.»
27
گدعۆنیش دە پیاوی لە خزمەتکارەکانی برد و ئەوەی کرد کە یەزدان پێی گوت. لەبەر ئەوەی لە ماڵی باوکی و خەڵکی شارۆچکەکە دەترسا ئەو کارە بە ڕۆژ ئەنجام بدات، بۆیە بە شەو کردی.
28
بۆ سبەینێ خەڵکی شارۆچکەکە هەستان و بینییان قوربانگاکەی بەعل ڕووخێنراوە و ستوونە ئەشێراکەی تەنیشتی بڕاوەتەوە، دووەمین گا کراوە بە قوربانی لەسەر قوربانگاکەی کە تازە دروستکرابوو.
29
ئیتر بە یەکتریان دەگوت: «کێ ئەمەی کردووە؟»
دوای پرسیارکردن و گەڕان، گوتیان «گدعۆنی کوڕی یۆئاش ئەمەی کردووە.»
30
جا خەڵکی شارۆچکەکە بە یۆئاشیان گوت: «کوڕەکەت بهێنە دەرەوە، دەبێت بکوژرێت، چونکە قوربانگاکەی بەعلی ڕووخاندووە و ستوونە ئەشێراکەی تەنیشتی بڕیوەتەوە.»
31
بەڵام یۆئاش بە هەموو ئەوانەی گوت کە لێی هەستابوون: «ئایا ئێوە داکۆکی لە بەعل دەکەن، یان ڕزگاری دەکەن؟ ئەوەی داکۆکی لە بەعل بکات لەم بەیانییەدا دەکوژرێت! ئەگەر بەڕاستی خودایە با خۆی داکۆکی لە خۆی بکات، چونکە قوربانگاکەی ڕووخێنراوە.»
32
ئیتر لەو ڕۆژەدا گدعۆنیان ناو نا یەروبەعل[e] و گوتیان: «با بەعل لە دژی شەڕ بکات،» چونکە قوربانگاکەی ڕووخاندووە.
33
ئینجا هەموو میدیانییەکان و عەمالێقییەکان و کوڕانی ڕۆژهەڵات پێکەوە کۆبوونەوە و لە ڕووباری ئوردون پەڕینەوە و لە دۆڵی یەزرەعیل چادریان هەڵدا.
34
ڕۆحی یەزدان هاتە سەر گدعۆن و کەڕەنای لێدا و ئەبیعەزەرییەکان شوێنی کەوتن.
35
ئینجا نێردراوی نارد بۆ هەموو مەنەشە و ئەوانیش بە دەنگییەوە هاتن، هەروەها نێردراوی نارد بۆ ئاشێر و زەبولون و نەفتالی، ئەوانیش سەرکەوتن بۆ ئەوەی پێیان بگەن.
36
ئینجا گدعۆن بە خودای گوت: «ئەگەر بە دەستی من ئیسرائیل ڕزگار دەکەیت وەک فەرمووت،
37
ئەوەتا من کەوڵی مەڕ لەسەر جۆخینەکە[f] دادەنێم، جا ئەگەر تەنها کەوڵەکە شەونمی لەسەر بوو و زەوی هەمووی وشک بوو، ئەوا دەزانم کە تۆ بە دەستی من ئیسرائیل ڕزگار دەکەیت وەک گوتت.»
38
ئیتر ئاوا بوو. بەیانی گدعۆن زوو هەستا و کەوڵەکەی گوشی و پڕ تەشتێک شەونمی لە کەوڵەکە گوشی.
39
ئینجا گدعۆن بە خودای گوت: «لێم تووڕە مەبە هەر ئەم جارە داوا دەکەم. تەنها ئەم جارە بە کەوڵەکە تاقی دەکەمەوە. با بەس کەوڵەکە وشک بێت و لەسەر هەموو زەوی شەونمی لێ بێت.»
40
خوداش لەو شەوەدا بەم جۆرەی کرد. بە تەنها کەوڵەکە وشک بوو و لەسەر هەموو زەوییەکە شەونم هەبوو.
  1. a. 6‏:4 هیچ شتێکی زیندوو: بڕوانە دواوتار 28‏:31‏.‏
  2. b. 6‏:19 ‏نزیکەی شازدە کیلۆ.‏
  3. c. 6‏:19 گۆشتاو: چەلاو.‏
  4. d. 6‏:25 ستوونە ئەشێرا: هێمای خواژنە. بڕوانە یەکەم پاشایان 11‏:5‏‏.‏
  5. e. 6‏:32 q یەروبەعل بە واتای (با بەعل بجەنگێت) دێت.‏
  6. f. 6‏:37 جۆخین یان سەرخەرمان ئەو زەوییە تەرخانکراوەیە کە لەلایەن وەرزێر و جوتیارەوە بەکارهێنراوە بۆ کوتانی دانەوێڵە لەسەری لەدوای کۆکردنەوەی لە کێڵگە.‏