عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
سکاڵانامەی یەرمیا 
1
ئەی یەزدان، تۆ ڕاستودروستیت
کاتێک سکاڵای خۆم بۆ تۆ دەهێنم.
لەگەڵ ئەوەشدا سەبارەت بە حوکمەکانی تۆ دەدوێم:
بۆچی ڕێگای بەدکاران سەرکەوتووە؟
بۆچی هەموو ناپاکەکان ئاسوودەن؟
2
ئەوانت چاند و ڕەگیان داکوتا،
گەشەیان کرد و بەریان دا.
تۆ هەردەم لەسەر زاری ئەوانیت
بەڵام لە دڵیان دووریت.
3
بەڵام ئەی یەزدان، تۆ دەمناسیت،
دەمبینیت و لەلای خۆت دڵی من تاقی دەکەیتەوە.
وەک مەڕ بۆ سەربڕین جیایان بکەوە!
بۆ ڕۆژی کوشتن تەرخانیان بکە!
4
هەتا کەی زەوی بگریێ و
گیای هەموو کێڵگەکان وشک بێت؟
لەبەر خراپەی دانیشتووانەکەی
ئاژەڵ و باڵندە لەناوچوون،
چونکە گوتیان: «خودا کۆتایی ئێمە نابینێت.»
وەڵامی خودا 
5
«ئەگەر لە ڕاکردن لەگەڵ پیادەکان ماندوو بیت،
ئەی چۆن پێشبڕکێ لەگەڵ ئەسپەکان دەکەیت؟
ئەگەر لەسەر خاکێکی سەلامەت ساتمە دەکەیت و دەکەویت،
ئەی لە دەوەنەکانی ڕووباری ئوردون چی دەکەیت؟
6
براکانت و بنەماڵەکەشت،
ئەوانیش ناپاکییان لەگەڵ کردیت،
ئەوانیش پڕ بەدەم بەدواتدا هاواریان کرد.
لێیان دڵنیا مەبە، هەرچەندە باسی چاکەشیان بۆ کردیت.
7
«واز لە ماڵی خۆم دەهێنم،
میراتی خۆم ڕەت دەکەمەوە،
ئەویندارەکەی خۆم
دەخەمە چنگی دوژمەنەکانیەوە.
8
میراتەکەم لێم دەبێتە
شێرێک لە دارستان،
بەسەرمدا دەنەڕێنێت،
لەبەر ئەوە دژایەتی دەکەم.
9
ئایا میراتەکەم مەلی گۆشتخۆری خاڵدارە،
کە مەلە گۆشتخۆرەکانی دیکە چواردەوریان داوە و هێرشیان کردووەتە سەری؟
بڕۆن هەموو ئاژەڵە کێوییەکان کۆبکەنەوە،
بیانهێنن بۆ خواردن.
10
زۆر شوان ڕەزەمێوەکەی من تێکدەدەن،
کێڵگەکەی من پێپەست دەکەن.
کێڵگە ئارەزووبەخشەکەی من
دەکەنە چۆڵەوانییەکی کاول.
11
دەیکەنە کاولگە،
کاولگە شیوەن بۆ من دەگێڕێت.
هەموو زەوی کاول دەبێت،
چونکە کەس نییە گرنگی پێبدات.
12
لەسەر هەموو گردۆڵکەکانی چۆڵەوانی
تاڵانکەران دێن،
چونکە شمشێری یەزدان
لەوپەڕی زەوییەوە هەتا ئەم پەڕی دەخوات،
ئاشتی بۆ هیچ کەسێک نابێت.
13
گەنم دەچێنن و دڕک دەدورنەوە،
ماندوو دەبن و قازانج ناکەن.
ئیتر شەرمەزار دەبن لە بەروبوومەکەتان،
لە گڕی تووڕەیی یەزدان.»
14
یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئەو نەتەوە بەدکارانەی دراوسێم کە دەستیان لە میراتەکەم دا کە دامە ئیسرائیلی گەلەکەم، ئەوەتا لە خاکەکەدا ڕیشەکێشیان دەکەم و بنەماڵەی یەهوداش لە ناوەڕاستیان ڕیشەکێش دەکەم.
15
لەدوای ئەوەی ڕیشەکێشیان دەکەم، دەگەڕێمەوە بەزەییم پێیاندا دێتەوە، هەریەکە بۆ میراتەکەی خۆی و بۆ خاکەکەی خۆی دەگەڕێنمەوە.
16
لە ڕابردوو گەلەکەی منیان فێرکرد سوێند بە ناوی بەعل بخۆن، بەڵام ئەگەر ئێستا بە تەواوی فێری نەریتی گەلەکەی من ببن، ئەگەر سوێندیان بە ناوی من خوارد و گوتیان: ”بە یەزدانی زیندوو،“ ئەوا لەنێو گەلەکەم بنیاد دەنرێن.
17
بەڵام هەر نەتەوەیەک ئەگەر گوێ نەگرێت، من لە ڕەگەوە ڕیشەکێشی دەکەم و لەناوی دەبەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.