عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
خودا داوای سدقیا ڕەت دەکاتەوە 
1
ئەو پەیامەی لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات، کاتێک سدقیای پاشا پەشحوری کوڕی مەلکیا و سەفەنیای کوڕی مەعسێیاهوی کاهینی ناردە لای و گوتی:
2
«تکایە لە پێناوی ئێمە داوا لە یەزدان بکە، چونکە نەبوخودنەسری پاشای بابل هێرشمان دەکاتە سەر، بەڵکو یەزدان وەک ڕابردوو کاری سەرسوڕهێنەرمان لەگەڵ دەکات هەتا نەبوخودنەسر لەلای ئێمە بکشێتەوە.»
3
بەڵام یەرمیا وەڵامی دانەوە: «بە سدقیا بڵێن،
4
”یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: من خەریکم ئەو چەکانە لە دژتان بەکاردەهێنم کە لە دەستتاندایە و لەگەڵ پاشای بابل و بابلییەکان شەڕی پێ دەکەن، کە لە دەرەوەی شوورای شارەکان گەمارۆیان داون. لە ناوەڕاستی شار کۆیان دەکەمەوە.
5
من خۆم بە دەستێکی پۆڵایین و بازووێکی بەهێز، بە تووڕەیی و هەڵچوونێکی بە جۆشی گەورەوە لە دژتان دەجەنگم.
6
دانیشتووانی ئەو شارە دەکوژم، مرۆڤ و ئاژەڵ پێکەوە، بە دەردێکی گەورەوە دەمرن.
7
پاش ئەمەش، سدقیای پاشای یەهودا و خزمەتکارەکانی و ئەوەی لەم گەلە لە شارەکەدا ماونەتەوە، لەدوای دەرد و شمشێر و قاتوقڕییەکە، دەیاندەمە دەست نەبوخودنەسری پاشای بابل و دوژمنەکانیان و ئەوانەی دەیانەوێت لەناویان ببەن. ئەوانیش دەیاندەنە بەر شمشێر و لەگەڵیان میهرەبان نابن و دڵیان پێیان ناسووتێت و بەزەییان پێیاندا نایەتەوە.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
8
«بەم گەلەش دەڵێیت: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئێستا من ڕێگای ژیان و ڕێگای مردنتان لەپێش دادەنێم.
9
ئەوەی لەم شارەدا بمێنێتەوە بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد لەناودەچێت، ئەوەش بچێتە دەرەوە و ڕوو لە بابلییەکان بکات، ئەوانەی گەمارۆیان داون، دەژیێت و ژیانی خۆی دەرباز دەکات.
10
لەبەر ئەوەی مکوڕم لەسەر ئەوەی خراپە بەسەر ئەو شارە بهێنم نەک باشە. دەدرێتە دەست پاشای بابل و بە ئاگر دەیسووتێنێت.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
11
«بە بنەماڵەی پاشای یەهودا بڵێ: ”گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن.
12
ئەی بنەماڵەی داود، یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«”هەموو بەیانییەک بە دادپەروەری حوکم بدەن،
تاڵانکراو لە دەستی زۆردار ڕزگار بکەن،
نەوەک تووڕەییم وەک ئاگر بتەقێتەوە،
لەبەر ئەو خراپانەی کردووتانە،
جا بسووتێنێت و کەس نەبێت بکوژێنێتەوە.
13
ئەی ئۆرشەلیم، ئەوەی نیشتەجێی لەسەر دۆڵەکە،
بەسەر دەشتی بەردەڵانی بەرز،
ئەوەتا من لە دژی تۆم.
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
ئێوە دەڵێن: ’کێ بەسەرماندا دەدات؟
کێ دێتە ناو نشینگەکانمانەوە؟‘
14
بەڵام من سزای شایستەی کردارەکانتان دەدەم،
ئاگر بەردەدەمە دارستانەکەی و
هەموو دەوروبەرەکەی دەخوات.“»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.