عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
لقە ڕاستودروستەکە 
1
یەزدان دەفەرموێت: «قوڕبەسەر ئەو شوانانەی مەڕی مێگەلەکەم دەفەوتێنن و پەرتوبڵاوی دەکەنەوە!»
2
لەبەر ئەوە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل لەبارەی ئەو شوانانەی کە شوانایەتی گەلەکەی من دەکەن، ئەمە دەفەرموێت: «ئێوە مەڕەکانی منتان پەرتوبڵاوکردەوە و دەرتانکرد و گرنگیتان پێنەدا، لەبەر ئەوە منیش لەسەر خراپی کردەوەکانتان سزاتان دەدەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
3
«بەڵام من پاشماوەی مێگەلەکەی خۆم لە هەموو ئەو خاکانە کۆدەکەمەوە کە دەرمکردن بۆی، دەیانگەڕێنمەوە بۆ لەوەڕگاکانیان و زاوزێ دەکەن و زۆر دەبن.
4
ئینجا شوانیان بۆ دادەنێم و شوانایەتییان دەکەن، ئیتر ناترسن و ناتۆقن و ون نابن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
5
یەزدان دەفەرموێت: «ئەوەتا سەردەمێک دێت،
لقێکی ڕاستودروست لە داودەوە هەڵدەستێنم،
پاشایەک بە دانایی پاشایەتی دەکات،
ڕاستودروستی و دادپەروەری لە زەویدا پەیڕەو دەکات.
6
لە سەردەمی ئەودا یەهودا ڕزگاری دەبێت و
ئیسرائیل بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبێت.
ئەو ناوەی کە پێی دەناسرێت:
”یەزدان ڕاستودروستیمانە.“»
7
یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە ئەوەتا سەردەمێک دێت، چیتر ناڵێن: ”بە یەزدانی زیندوو، ئەوەی نەوەی ئیسرائیلی لە خاکی میسرەوە دەرهێنا،“
8
بەڵکو دەڵێن: ”بە یەزدانی زیندوو، ئەوەی ڕەچەڵەکی بنەماڵەی ئیسرائیلی لە خاکی باکوورەوە دەرهێنا و لە هەموو ئەو خاکانەوە بۆ ئەوێ دەریکردن.“ ئەوانیش لەسەر خاکەکەی خۆیان نیشتەجێ دەبن.»
پێغەمبەرە درۆزنەکان 
9
سەبارەت بە پێغەمبەرەکان:
دڵم لە ناخمدا وردوخاش بووە،
هەموو ئێسکەکانم دەلەرزن.
من وەک کەسێکی سەرخۆشم لێهات،
وەک پیاوێک شەراب بەسەریدا زاڵ بووبێت،
لەبەر یەزدان و
لەبەر فەرموودە پیرۆزەکانی.
10
خاکەکە پڕ بووە لە داوێنپیسان،
خاکەکە لەبەر نەفرەت دەناڵێنێت،
لەوەڕگاکانی چۆڵەوانی وشک بوون.
پێغەمبەران لەسەر ڕێڕەوی خراپە دەڕۆن و
دەسەڵاتیان بۆ ستەم بەکاردەهێنن.
11
«پێغەمبەر و کاهین هەردووکیان گڵاوبوون،
تەنانەت لە پەرستگاکەشم خراپەی ئەوانم بەرچاوکەوت.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
12
«لەبەر ئەوە ڕێگاکانیان خلیسکە بۆیان،
بۆ ناو تاریکی دەردەکرێن و
لەوێ دەخزێن،
چونکە بەڵایان بەسەردا دەهێنم
لە ساڵی سزادانیان.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
13
«لەنێو پێغەمبەرەکانی سامیرەدا
قێزەونییەکەم بینی،
بەهۆی بەعلەوە پێشبینی دەکەن و
ئیسرائیلی گەلی من گومڕا دەکەن.
14
لەنێو پێغەمبەرەکانی ئۆرشەلیمیش
ئەوەی بینیم موچڕکە بە لەشدا دەهێنێت:
داوێنپیسی و ڕێی درۆیان گرتووەتەبەر،
خراپەکاران هاندەدەن
بۆ ئەوەی کەس لە خراپەکەی نەگەڕێتەوە.
ئەوان بۆ من وەک سەدۆمیان لێهاتووە،
خەڵکی ئۆرشەلیمیش وەک عەمۆرا.»
15
لەبەر ئەوە یەزدانی سوپاسالار سەبارەت بە پێغەمبەرەکان ئەمە دەفەرموێت:
«ئەوەتا من زەقنەبووتیان دەرخوارد دەدەم و
ئاوی ژەهراوییان پێ دەنۆشم،
چونکە لەلای پێغەمبەرەکانی ئۆرشەلیمەوە
گڵاوی بۆ هەموو زەوی بڵاو بووەوە.»
16
یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:
«گوێ لە قسەی ئەو پێغەمبەرانە مەگرن کە پێشبینیتان بۆ دەکەن،
چونکە ئەوان تەفرەتان دەدەن.
لە خەیاڵی بیری خۆیانەوە دەدوێن،
نەک لەسەر زمانی یەزدانەوە.
17
ئەوانەی سووکایەتی بە من دەکەن، دەڵێن،
”یەزدان دەفەرموێت، ئاشتیتان بۆ دەبێت.“
هەروەها هەموو ئەوانەی بەدوای کەللەڕەقی خۆیان کەوتوون، دەڵێن،
”خراپەتان بەسەرنایەت.“
18
بەڵام کامیان لە ئەنجومەنی یەزدان[a] ڕاوەستا و
بینی و گوێی لە فەرموودەکانی بوو؟
کامیان فەرموودەکانی بیست و گوێی لێ گرت؟
19
ئەوەتا ڕەشەبای یەزدان
لە تووڕەییدا هەڵدەچێت،
گەردەلوولێکی ڕاماڵە
لەسەر سەری بەدکاران هەڵدەکات.
20
تووڕەیی یەزدان دانامرکێتەوە
هەتا نیازەکانی دڵی خۆی
بە تەواوی جێبەجێ نەکات.
لە داهاتوودا
بە ڕوونی تێی دەگەن.
21
من ئەو پێغەمبەرانەم نەنارد،
بە پەلە پەیامیان ڕاگەیاند،
من قسەم لەگەڵیان نەکرد،
کەچی خۆیان پێشبینییان کرد.
22
بەڵام ئەگەر لە ئەنجومەنی مندا بووەستابان،
فەرموودەکانی منیان بە گەلەکەم ڕادەگەیاند و
لە ڕێگا خراپەکانیان و
لە خراپەی کردەوەکانیان دەیانگێڕانەوە.
23
«ئایا من تەنها لە نزیکەوە خودام و
لە دوورەوە خودا نیم؟»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
24
«یان کەس هەیە لە پەناگا خۆی بشارێتەوە و
من نەیبینم؟
ئایا من ئاسمان و زەوی پڕناکەمەوە؟»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
25
«گوێم لە قسەی ئەو پێغەمبەرانە بوو کە بە درۆ بە ناوی منەوە پێشبینی دەکەن، دەڵێن: ”خەونم بینی! خەونم بینی!“
26
هەتا کەی ئەمە لە دڵی ئەو پێغەمبەرە درۆزنانە دەبێت کە بە خەیاڵی بیری خۆیان پێشبینی بکەن؟
27
بەو خەونانەی بۆ یەکتری دەگێڕنەوە وای لێک دەدەنەوە ناوی من لەبیری گەلەکەم ببەنەوە، وەک چۆن باوباپیرانیان لەبەر پەرستنی بەعل ناوی منیان لەبیرچوو.
28
با ئەو پێغەمبەرەی خەونی هەیە خەونەکەی بگێڕێتەوە، بەڵام با ئەوەی فەرموودەی منی لەلایە بە دڵسۆزییەوە فەرموودەی من ڕابگەیەنێت! گەنم و کا زۆر لە یەکتری جیاوازن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
29
«ئایا فەرموودەکانم وەک ئاگر نین؟ وەک چەکوش بەرد وردوخاش ناکەن؟» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
30
یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە ئەوەتا من لە دژی ئەو پێغەمبەرانەم، ئەوانەی فەرموودەکان لە یەکتری دەدزن، جا دەڵێن کە لە منەوە هاتووە.
31
ئەوەتا من لە دژی ئەو پێغەمبەرانەم، ئەوانەی زمانیان دەخەنەگەڕ و ڕایدەگەیەنن: ”ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.“
32
ئەوەتا من لە دژی ئەو پێغەمبەرانەم کە بە خەونی درۆوە پێشبینی دەکەن، ئەوانەی بە شانازییەوە درۆکانیان دەگێڕنەوە و گەلەکەم گومڕا دەکەن، بەڵام من نە ناردوومن و نە فەرمانم پێکردوون. هیچ سوودێکیش بەم گەلە ناگەیەنن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
پەیام و پێغەمبەرایەتی درۆزن 
33
«کاتێک ئەم گەلە یان پێغەمبەر یان کاهینێک لێت دەپرسێت: ”سروشی یەزدان چییە؟“ پێیان بڵێ: ”سروشی چی؟ یەزدان دەفەرموێت: من لە کۆڵ خۆمتان دەکەمەوە.“
34
هەرکەسێک، پێغەمبەر یان کاهین یان لە گەل، ئەگەر وا بڵێت: ”ئەمە سروشی یەزدانە،“ خۆی و ماڵەکەی سزا دەدەم.
35
ئاوا بە یەکتری دەڵێن، هەریەکە بە برادەرەکەی و هەریەکە بە براکەی: ”وەڵامی یەزدان چی بوو؟ یەزدان چی فەرموو؟“
36
بەڵام چیتر باسی ”سروشی یەزدان“ ناکەن، چونکە هەرکەسە و قسەکەی خۆی دەبێت بە سروشەکەی، ئێوە دەستکاری فەرموودەکانی خودای زیندووتان کرد، فەرموودەکانی خودامان، یەزدانی سوپاسالار.
37
ئاوا بە هەر پێغەمبەرێک دەڵێیت: ”وەڵامی یەزدان چی بوو؟ یەزدان چی فەرموو؟“
38
هەرچەندە وا بڵێن: ”ئەمە سروشی یەزدانە،“ یەزدان ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی ئەم قسەیە دەکەن: ”ئەمە سروشی یەزدانە،“ هەرچەندە من بۆم ناردوون کە وا نەڵێن: ”ئەمە سروشی یەزدانە،“
39
لەبەر ئەوە بە تەواوی لەبەردەمی خۆم هەڵتاندەگرم و لە کۆڵ خۆمتان دەکەمەوە، خۆتان و ئەم شارەش کە بە خۆتان و باوباپیرانتانم داوە.
40
ڕیسواییەکی هەتاهەتایی و سەرشۆڕییەکی هەتاهەتاییتان لەسەر دادەنێم کە هەرگیز لەیاد نەچێت.»
  1. a. 23‏:18 یەرمیا لەو باوەڕەدا بوو، کە پێغەمبەرێکی ڕاستەقینە بانگهێشت دەکرێت بۆ ئەنجومەنی ئاسمان بۆ ئەوەی پەیامی یەزدان وەربگرێت.‏