عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - گەڕاندنەوەی ئیسرائیل
- 1
- ئەمە ئەو پەیامەیە کە لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات:
- 2
- «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”هەموو ئەو وشانەی کە پێم فەرموویت، لە پەڕتووکێکدا بیاننووسە.“
- 3
- یەزدان دەفەرموێت: ”سەردەمێک دێت، ئیسرائیل و یەهودای گەلەکەم لە ڕاپێچکراوی دەگەڕێنمەوە، دەیانهێنمەوە ئەو خاکەی بە باوباپیرانی ئەوانم دابوو، بۆ ئەوەی خاوەنداریێتی بکەن.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 4
- ئەمانەش ئەو وشانەن کە یەزدان سەبارەت بە ئیسرائیل و یەهودا فەرمووی:
- 5
- «یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
 «”هاواری ترسمان بیست،
 تۆقین نەک ئاشتی.
- 6
- بپرسن و ببینن:
 ئایا نێر سکی دەبێت؟
 ئەی بۆچی هەر پیاوێک دەبینم
 وەک ژنی ژانگرتوو دەستی بە کەمەرییەوەیە و
 هەموو ڕووشی زەرد هەڵگەڕاوە؟
- 7
- ئای! لەو ڕۆژە سامناکە!
 ڕۆژی ئاوا نابێت.
 ئەمە کاتی تەنگانەیە بۆ یاقوب،
 بەڵام لێی ڕزگار دەبێت.“
- 8
- «یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت،
 ”لەو ڕۆژەدا، ئەو نیرە دەشکێنم کە لە ملیانە،
 پێبەندیان دەپسێنم و
 چیتر بێگانە نایانکەن بە کۆیلە.
- 9
- بەڵکو یەزدانی پەروەردگاریان دەپەرستن و
 خزمەتی داودی پاشایان دەکەن،[a]
 ئەوەی کە بۆیان دایدەنێم.“»
- 10
- یەزدان دەفەرموێت: «”ئەی یاقوبی بەندەم، مەترسە،
 ئەی ئیسرائیل، مەتۆقە.
 بە دڵنیاییەوە من لەم شوێنە دوورە ڕزگارت دەکەم،
 نەوەکەشت لەو خاکەوەی بۆی ڕاپێچ کراوە.
 یاقوب دەگەڕێتەوە و ئاسوودە دەبێت،
 دڵنیا دەبێت و کەس نایتۆقێنێت.
- 11
- من لەگەڵتدام و ڕزگارت دەکەم.“
 یەزدان دەفەرموێت:
 ”ئەگەر کۆتایی بە هەموو ئەو نەتەوانە بهێنم
 کە لەنێویاندا پەرتەوازەم کردیت،
 کۆتایی بە تۆ ناهێنم.
 تەمبێت دەکەم، بەڵام بە دادپەروەری،
 بێ سزا بەڕەڵات ناکەم.“
- 12
- «یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
 «”شکاوییەکەت بێ چارەیە،
 برینەکەت سەختە.
- 13
- کەس نییە داکۆکی لە کێشەی تۆ بکات،
 دەرمان نییە بۆ برینەکەی تۆ،
 تۆ چاک نابیتەوە.
- 14
- هەموو هاوپەیمانەکانت لەبیریان کردوویت،
 هیچ گرنگی بە تۆ نادەن.
 وەک لێدان لە دوژمن لە تۆم دا،
 بە سەختی تەمبێم کردی
 لەسەر زۆری تاوانەکانت،
 لەسەر گەورەیی گوناهەکانت.
- 15
- بۆچی لەبەر شکانەکەت هاوار دەکەیت،
 لەبەر ئازارەکەت کە چارەسەر ناکرێت؟
 بەهۆی زۆری تاوانەکانت و گەورەیی گوناهەکانت،
 منیش ئەمەم پێکردیت.
- 16
- «”بەڵام هەموو ئەوانەی تۆیان خوارد دەخورێن،
 هەموو دوژمنەکانت ڕاپێچ دەکرێن.
 ڕاووڕووتکەرانت ڕاووڕووت دەکرێن و
 هەموو تاڵانکەرانت دەکەم بە تاڵانی.
- 17
- بەڵام تەندروستیت دەگەڕێنمەوە،
 برینەکانت چاک دەکەمەوە،
 چونکە ناویان لێنایت دوورخراوەکە،
 سییۆن، ئەوەی کەس گرنگی پێ نادات.“
 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 18
- «یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
 «”من ڕاپێچکراوانی چادرەکانی یاقوب دەگەڕێنمەوە،
 بەزەییم بە نشینگەکانی دێتەوە.
 شار لەسەر گردەکەی خۆی بنیاد دەنرێتەوە،
 کۆشک لە شوێنی خۆی بنیاد دەنرێتەوە.
- 19
- دەنگی گۆرانی سوپاسگوزاری و
 بەزمیان لێ بەرز دەبێتەوە.
 ژمارەیان زۆر دەکەم و
 کەم نابن،
 ڕێزیان لێ دەنێم و
 بچووک نابن.
- 20
- کوڕەکانی وەک جاری جاران دەبن،
 کۆمەڵەکەی لەبەردەمم دەچەسپێت،
 سزای هەموو ئەوانە دەدەم کە ستەمی لێ دەکەن.
- 21
- میرەکەیان یەکێک دەبێت لەنێو خۆیان،
 فەرمانڕەواکەیان لە خۆیان هەڵدەکەوێت.
 لە خۆمی نزیک دەکەمەوە و لێم نزیک دەبێتەوە،
 چونکە کەس ناوێرێت بەبێ ویستی من لێم نزیک بێتەوە.“»
 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 22
- «”ئێوە دەبن بە گەلی من و
 منیش دەبم بە خودای ئێوە.“»
- 23
- ئەوەتا گەردەلوولی یەزدان
 تووڕەییە هەڵدەچێت،
 گەردەلوولێکی ڕاماڵە،
 لەسەر سەری بەدکاران هەڵدەکات.
- 24
- گڕی تووڕەیی یەزدان دانامرکێتەوە
 هەتا نیازەکانی دڵی خۆی
 بە تەواوی بەجێنەگەیەنێت.
 لە ڕۆژانی داهاتوودا
 لەمە تێ دەگەن.
- a. 30:9 مەبەستی لە یەکێکە لە نەوەکانی داود.

