عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
عیسا پێی قوتابییەکانی دەشوات 
1
پێش جەژنی پەسخە، عیسا دەیزانی کاتی هاتووە ئەم جیهانە بەجێبهێڵێت و بۆ لای باوک بگەڕێتەوە، جا ئەوانەی هی خۆی بوون لە جیهاندا خۆشی دەویستن، هەتا ئەوپەڕی خۆشویستن.
2
ژەمی ئێوارە بوو، شەیتان خستبوویە دڵی یەهوزای ئەسخەریوتی کوڕی شیمۆن، کە عیسا بەدەستەوە بدات.
3
عیساش کە دەیزانی باوک هەموو شتێکی خستووەتە ژێر دەستی، هەروەها لە خوداوە هاتووە و بۆ خوداش دەگەڕێتەوە،
4
لەسەر خوان هەستا و کەواکەی داکەند و خاولییەکی هەڵگرت و لە ناوقەدی بەست.
5
پاشان عیسا ئاوی کردە ناو لەگەنێک و دەستی بە شوشتنی پێی قوتابییەکان کرد و بەو خاولییەی کە بە ناوقەدیەوە بەستبووی پێیانی دەسڕییەوە.
6
کاتێک گەیشتە سەر شیمۆن پەترۆس، شیمۆن پێی گوت: «گەورەم تۆ پێی من دەشۆیت؟»
7
عیسا لە وەڵامدا پێی فەرموو: «ئەمەی ئێستا دەیکەم تۆ لێی تێیناگەیت، بەڵام دواتر تێیدەگەیت.»
8
پەترۆس پێی گوت: «هەرگیز پێم ناشۆیت.»
عیساش وەڵامی دایەوە: «ئەگەر پێت نەشۆم، لەگەڵ من بەشت نابێت.»
9
جا شیمۆن پەترۆس پێی گوت: «گەورەم، تەنها پێم نا، بەڵکو دەست و سەریشم!»
10
عیساش پێی فەرموو: «ئەوەی خۆی شوشتبێت تەنها پێویستی بە پێ شوشتن هەیە، تەواوی جەستەی پاکە. ئێوەش پاکن بەڵام هەمووتان نا.»
11
عیسا فەرمووی: «هەمووتان پاک نین،» چونکە دەیزانی کێ بە گرتنی دەدات.
12
پاش شوشتنی پێیان کەواکەی خستەوە سەر شانی و دانیشتەوە، لێی پرسین: «ئایا لەوە تێگەیشتن کە بۆم کردن؟
13
ئێوە بە ”مامۆستا“ و ”گەورە“ بانگم دەکەن و ڕاست دەکەن، چونکە من وام.
14
جا کە من گەورە و مامۆستاتانم و پێم شوشتن، ئێوەش لەسەرتانە پێی یەکتری بشۆن.
15
من نموونەیەکم پێدان تاکو ئەوەی بۆم کردن ئێوەش بیکەن.
16
ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: کۆیلە لە گەورەکەی زیاتر نییە، نێردراویش لەوەی ناردوویەتی زیاتر نییە.
17
ئەگەر ئەمانەتان زانی، خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە ئەگەر پەیڕەوتان کرد.
18
«باسی هەمووتان ناکەم. ئەوانەی هەڵمبژاردوون دەیانناسم، بەڵام تاکو ئەوەی لە نووسراوە پیرۆزەکە هاتووە بێتە دی: ﴿ئەوەی نمەکی کردووم، ناپاکی لەگەڵم کرد[a] ‏.﴾[b]
19
«لە ئێستاوە پێتان دەڵێم پێش ئەوەی ڕووبدات، تاکو کاتێک ڕوویدا باوەڕ بکەن کە من ئەوم[c] .
20
ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی پێشوازی لەوە بکات کە دەینێرم، ئەوا پێشوازی لە من دەکات، ئەوەی پێشوازی لە من بکات، پێشوازی لەوە دەکات کە ناردوومی.»
ناپاکی یەهوزا 
21
کاتێک عیسا ئەمانەی فەرموو، ڕۆحی خەمبار بوو و شایەتی دا: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: یەکێکتان بە گرتنم دەدات.»
22
قوتابییەکان سەیری یەکتریان دەکرد و دڵنیا نەبوون مەبەستی لە کێیە.
23
یەکێک لە قوتابییەکان کە عیسا خۆشی دەویست لەتەنیشتی پاڵیدابووەوە،
24
شیمۆن پەترۆس ئاماژەی بۆ کرد تاکو پرسیار لە عیسا بکات کە مەبەستی لە کێیە.
25
ئەویش شانی دا بەسەر سنگی عیسادا و پێی گوت: «گەورەم، کێیە؟»
26
عیسا وەڵامی دایەوە: «ئەو کەسەیە کە ئەم پارووە نانە لە قاپەکە هەڵدەکێشم و دەیدەمێ.» ئینجا پارووەکەی لە قاپەکە هەڵکێشا و دای بە یەهوزای کوڕی شیمۆنی ئەسخەریوتی.
27
هەرکە پارووەکەی وەرگرت، شەیتان چووە ناویەوە.
عیساش پێی فەرموو: «ئەوەی بەتەمای بیکەیت، خێرا بیکە.»
28
هیچ کەسێک لەوانەی لەسەر خوانەکە لەگەڵی دانیشتبوون تێنەگەیشتن بۆچی عیسا ئەمەی پێ فەرموو.
29
هەندێکیان وایانزانی عیسا پێی دەفەرموێ کە چییان پێویستە بۆ جەژن بیکڕێت، یان شتێک بداتە هەژاران، چونکە سندوقی پارەکە لەلای یەهوزا بوو.
30
ئەویش کە پارووەکەی وەرگرت یەکسەر چووە دەرەوە. ئەو کاتە شەو بوو.
ڕاسپاردەی نوێ 
31
کاتێک چووە دەرەوە، عیسا فەرمووی: «ئێستا کوڕی مرۆڤ شکۆدار کرا و خوداش تێیدا شکۆدار کرا.
32
جا ئەگەر خودا تێیدا شکۆدار کرا، خوداش کوڕەکە لە خۆیدا شکۆدار دەکات، دەستبەجێ شکۆداری دەکات.
33
«ڕۆڵەکانم، ماوەیەکی کورت لەگەڵتاندا دەبم. جا بەدوامدا دەگەڕێن، بەڵام وەک چۆن بە جولەکەکانم گوت، ئێستا بە ئێوەشی دەڵێم: ئێوە ناتوانن بێنە ئەو شوێنەی کە من بۆی دەچم.
34
«من ڕاسپاردەیەکی نوێتان دەدەمێ: یەکتریتان خۆشبوێ. وەک خۆشمویستن، ئێوەش بەو جۆرە یەکتریتان خۆشبوێ.
35
بەمە هەموو خەڵک دەزانن کە قوتابی منن، ئەگەر خۆشەویستیتان بۆ یەکتری هەبێت.»
پێشبینیکردنی نکۆڵی پەترۆس 
36
شیمۆن پەترۆسیش لێی پرسی: «گەورەم، بۆ کوێ دەچیت؟»
عیساش وەڵامی دایەوە: «ئەو شوێنەی بۆی دەچم، ئێستا ناتوانیت دوامبکەویت، بەڵام دواتر دوام دەکەویت.»
37
دیسان پەترۆس لێی پرسی: «گەورەم، بۆچی ئێستا ناتوانم دواتبکەوم؟ ژیانم بۆ تۆ دادەنێم.»
38
عیسا وەڵامی دایەوە: «ژیانت بۆ من دادەنێیت؟ ڕاستی ڕاستیت پێ دەڵێم: پێش خوێندنی کەڵەشێر، تۆ سێ جار نکۆڵی لە ناسینی من دەکەیت!
  1. a. 13‏:18 یۆنانی: گۆزینگی لێ بەرز کردمەوە.‏
  2. b. 13‏:18 زەبوورەکان 41‏:9.‏‏
  3. c. 13‏:19 مەبەستی لە مەسیحە.‏