عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
فەرمانی کوشتنی عیسا 
1
ئیتر پیلاتۆس عیسای برد و دایە بەر قامچی.
2
سەربازەکان تاجێکیان لە دڕک چنی و خستیانە سەر سەری و کەوایەکی ئەرخەوانییان لەبەرکرد.
3
لێی دەچوونە پێشەوە، دەیانگوت: «سڵاو، ئەی پاشای جولەکە!» و زللەیان لێی دەدا.
4
دیسان پیلاتۆس هاتە دەرەوە و پێی گوتن: «بۆتانی دەهێنمە دەرەوە تاکو بزانن هیچ خراپەیەکی تێدا نابینم!»
5
عیسا بە تاجی دڕکاوی و جلی ئەرخەوانییەوە هاتە دەرەوە، پیلاتۆس پێی گوتن: «ئەوە پیاوەکەیە!»
6
کاتێک کاهینانی باڵا و پاسەوانان بینییان، هاواریان کرد: «لە خاچی بدە! لە خاچی بدە!»
پیلاتۆس وەڵامی دانەوە: «ئێوە بیبەن و لە خاچی بدەن، چونکە من خراپەی تێدا نابینم.»
7
ڕابەرانی جولەکە وەڵامیان دایەوە: «تەوراتمان هەیە. بەگوێرەی تەورات دەبێت بمرێت، چونکە خۆی کردووەتە کوڕی خودا.»
8
کاتێک پیلاتۆس گوێی لەم قسەیە بوو زیاتر ترسا.
9
گەڕایەوە ناو کۆشکەکە و بە عیسای گوت: «خەڵکی کوێی؟» بەڵام عیسا هیچ وەڵامێکی نەدایەوە.
10
پیلاتۆس پێی گوت: «قسەم بۆ ناکەیت؟ ئایا نازانیت دەسەڵاتم هەیە کە ئازادت بکەم یان لە خاچت بدەم؟»
11
عیسا وەڵامی دایەوە: «هیچ دەسەڵاتێکت بەسەر منەوە نییە، مەگەر لە سەرەوە پێت درابێت. لەبەر ئەوە ئەوەی منی داوەتە دەست تۆ گوناهەکەی گەورەترە.»
12
ئیتر پیلاتۆس هەوڵی دەدا ئازادی بکات، بەڵام ڕابەرانی جولەکە هاواریان دەکرد: «ئەگەر ئەمە ئازاد بکەیت، دۆستی قەیسەر نیت. هەرکەسێک خۆی بکاتە پاشا، لە دژی قەیسەر دەدوێت.»
13
کاتێک پیلاتۆس گوێی لەم قسانە بوو، عیسای بردە دەرەوە و لەسەر کورسی دادوەری دانیشت، لە شوێنێک پێی دەگوترێ «بەردڕێژکراو»، کە بە عیبری پێی دەڵێن «گەباسا».
14
ڕۆژی ئامادەکاری جەژنی پەسخە بوو، نزیکەی کاتژمێر دوازدە[a] بوو.
ئینجا پیلاتۆس بە جولەکەکانی گوت: «ئەوەتا پاشاکەتان.»
15
ئەوانیش هاواریان کرد: «بیبە! بیبە! لە خاچی بدە!»
پیلاتۆس لێی پرسین: «پاشاکەتان لە خاچ بدەم؟»
کاهینانی باڵا وەڵامیان دایەوە: «جگە لە قەیسەر پاشامان نییە.»
16
ئیتر پیلاتۆس دایە دەستیان تاکو لە خاچ بدرێت.
سەربازەکانیش عیسایان برد.
لەخاچدان 
17
عیساش خاچەکەی خۆی هەڵگرت و چوو بەرەو ئەو شوێنەی کە پێی دەگوترا «شوێنی کاسەسەر»، بە عیبریش دەبێتە «گولگۆسا».
18
لەوێ لەگەڵ دوو کەسی دیکە لە خاچیان دا، هەریەکە لە لایەکییەوە، عیساش لە ناوەڕاستیان.
19
پیلاتۆسیش تەختەیەکی لەسەر خاچەکە داکوتا کە لەسەری نووسیبوو:
«عیسای ناسیرەیی، پاشای جولەکە.»
20
جولەکەیەکی زۆر نووسراوەکەیان خوێندەوە کە بە عیبری و لاتینی و یۆنانی نووسرابوو، چونکە ئەو شوێنەی عیسای تێدا لە خاچ درابوو لە شارەوە نزیک بوو.
21
کاهینانی باڵای جولەکە بە پیلاتۆسیان گوت: «مەنووسە: پاشای جولەکە، بەڵام بنووسە: ”خۆی گوتی من پاشای جولەکەم.“»
22
پیلاتۆس وەڵامی دایەوە: «ئەوەی نووسیومە، نووسیومە.»
23
کاتێک سەربازەکان عیسایان لە‏ خاچ دا، جلەکانیان برد و کردیان بە چوار بەشەوە، هەر سەربازێک بەشێکی بەرکەوت. کراسەکەشیان برد، کراسەکە بێ دروومان بوو، لەسەرڕا یەک پارچە چنرابوو.
24
لەبەر ئەوە بە یەکتریان گوت: «پێویست ناکات بیدڕێنین. با تیروپشکی لەسەر بکەین بزانین بۆ کێ دەبێت.»
ئەمەش ڕوویدا تاکو نووسراوە پیرۆزەکە بێتە دی کە فەرموویەتی:
﴿جلوبەرگەکەی منیان لەنێو خۆیان بەشکرد و
تیروپشکیان لەسەر کراسەکەم کرد.﴾[b]
جا سەربازەکان ئەمەیان کرد.
25
لەلای خاچەکەی عیسا، دایکی و پووری و مریەمی ژنی کلۆپا و مریەمی مەجدەلی ڕاوەستابوون.
26
کاتێک عیسا دایکی بینی لەگەڵ ئەو قوتابییەدا ڕاوەستاوە کە ئەم خۆشی دەویست، بە دایکی فەرموو: «ژنەکە، ئەوەتا کوڕی تۆ.»
27
بە قوتابییەکەشی فەرموو: «ئەوەتا دایکی تۆ.» ئیتر لەو کاتەوە قوتابییەکە بردییەوە ماڵی خۆی.
مردنی عیسا 
28
پاشان، لەبەر ئەوەی عیسا زانی کە هەموو شتێک تەواو بووە، هەروەها بۆ ئەوەی نووسراوە پیرۆزەکە[c] بێتە دی، فەرمووی: «تینوومە.»
29
گۆزەیەکی پڕ لە سرکە دانرابوو، ئیسفەنجێکی پڕ لە سرکەیان خستە سەر لقە زوفایەک و بەرزیان کردەوە بۆ دەمی.
30
کاتێک عیسا تامی سرکەکەی کرد، فەرمووی: «تەواو بوو.» لەدوای ئەوە سەری دانەواند و گیانی سپارد.
31
پاشان ڕابەرانی جولەکە داوایان لە پیلاتۆس کرد قاچی لەخاچدراوان بشکێنرێن و تەرمەکانیان هەڵبگیردرێن، چونکە ڕۆژی ئامادەکاری بوو، ئەو شەممەیە ڕۆژێکی گەورە بوو، تاکو تەرمەکان لە شەممەدا لەسەر خاچ نەمێنن.
32
ئینجا سەربازەکان هاتن و هەردوو قاچی ئەوەی یەکەم و ئەوی دیکەیان شکاند کە لەگەڵ عیسادا لە خاچ درابوون.
33
بەڵام کاتێک هاتنە لای عیسا بینییان وا مردووە، قاچییان نەشکاند.
34
بەڵام یەکێک لە سەربازەکان ڕمێکی لە کەلەکەی دا، دەستبەجێ خوێن و ئاو دەرچوو.
35
ئەو پیاوەی ئەمەی بینی شایەتی دا، شایەتییەکەشی ڕاستە. خۆی دەزانێت کە ڕاست دەڵێت، تاکو ئێوە باوەڕ بهێنن.
36
ئەمە ڕوویدا تاکو نووسراوە پیرۆزەکە بێتە دی: ﴿هیچ ئێسکێکی ئەو ناشکێنرێت!﴾[d]
37
هەروەها نووسراوێکی پیرۆزی دیکەش دەفەرموێ: ﴿تەماشای ئەوە دەکەن کە ڕمیان لێداوە.﴾[e]
ناشتنی عیسا 
38
پاش ئەوە یوسفی خەڵکی ڕامە کە لە ترسی ڕابەرانی جولەکە بە نهێنی قوتابی عیسا بوو، داوای لە پیلاتۆس کرد تاکو تەرمی عیسا ببات، پیلاتۆسیش ڕێی دا. ئەویش هات و تەرمەکەی برد.
39
نیقۆدیمۆسیش هات، ئەوەی یەکەم جار بە شەو هاتە لای عیسا. لەگەڵ خۆی نزیکەی سی لیتر[f] موڕی[g] تێکەڵاو بە ئەلوای[h] هێنا.
40
جا تەرمەکەی عیسایان برد و بە کەتان لەگەڵ بۆن پێچایانەوە، وەک نەریتی جولەکەیە لە کفن کردن.
41
لەو شوێنەی عیسای تێدا لە خاچ درا باخچەیەکی لێبوو، لە باخچەکەشدا گۆڕێکی نوێی لێبوو کەسی تێدا نەنێژرابوو.
42
لەبەر ڕۆژی ئامادەکاری جولەکەکان عیسایان لەوێ دانا[i] ، چونکە گۆڕەکە نزیک بوو.
  1. a. 19‏:14 یۆنانی: کاتژمێری شەشەم.‏
  2. b. 19‏:24 زەبوورەکان 22‏:18‏‏
  3. c. 19‏:28 بڕوانە زەبوورەکان 69‏:21‏‏
  4. d. 19‏:36 دەرچوون 12‏:46 و زەبوورەکان 34‏:20.‏‏
  5. e. 19‏:37 زەکەریا 12‏:10‏‏.‏
  6. f. 19‏:39 یۆنانی: سەد لترا دەکاتە نزیکەی سی لیتری سەردەمی ئێستامان.‏
  7. g. 19‏:39 بڕوانە مەتا 2‏:11‏‏.‏
  8. h. 19‏:39 ئەلوا: ڕووەکێکی دڕکاوییە وەک (سەباڕ)، شلەیەکی تێدایە بۆ پێست باشە. بڕوانە زەبوورەکان 45‏:8‏‏ هتد.‏
  9. i. 19‏:42 لە کەلتوری جولەکە مردوو لە شوێنێکی وەک ئەشکەوت دانراوە و دەرگای لەسەر داخراوە. بڕوانە مەتا 27‏:60‏‏.‏