عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
 - «مرۆڤی لەدایکبوو لە ژن
ڕۆژگاری کەمە و چەرمەسەری زۆرە. - 2
 - وەک گوڵ دەپشکوێت و پاشان سیس دەبێت،
وەک سێبەر دەڕوات و ناوەستێت. - 3
 - ئایا چاوت لەسەر کەسێکی وەکو ئەم دەبێت؟
ئێستاش ئەوت هێناوەتە بەردەم خۆت بۆ دادگایی؟ - 4
 - کێ دەتوانێت پاکێک لە گڵاوێک دەربهێنێت؟
بێگومان کەس! - 5
 - جا ئەگەر ڕۆژانی هەرکەسێک دیاریکراو بێت و
ژمارەی مانگەکانی لای تۆ بێت و
کاتێکت بۆ دیاریکردبێت کە لێی تێنەپەڕێت، - 6
 - ئیتر لێیگەڕێ با پشوو بدات،
هەتا وەک ڕەنجدەرێک دڵخۆش بێت بە تەواوبوونی ڕۆژەکەی. - 7
 - «لانی کەم دار ئومێدی ئەوەی هەیە کە
ئەگەر بڕایەوە چەکەرە بکاتەوە و دووبارە شین بێتەوە و
لقوپۆپی تازە دەربکات. - 8
 - ئەگەر ڕەگەکەی لەناو زەویدا کۆنیش بێت و
بنەدارەکەی لەناو خۆڵدا بمرێت، - 9
 - هەر کاتێک بۆنی ئاو بکات چەکەرە دەکات و
وەک ڕووەکێکی نوێ لق دەردەکات. - 10
 - بەڵام پیاو دەمرێت و لەناودەچێت؛
مرۆڤ ڕۆح بەدەستەوە دەدات و بوونی نابێت. - 11
 - هەروەک ئاوەکان لەناو دەریاچە نامێنن و
ڕووبار ئاوی تێدا نامێنێت و وشک دەبێت، - 12
 - هەروەها مرۆڤیش ڕادەکشێت و هەڵناستێتەوە،
لە خەوەکەی خەبەری نابێتەوە و بەئاگا نایەت
هەتا ئاسمان نامێنێت. - 13
 - «خۆزگە لەناو جیهانی مردووان لەچاو ونت دەکردم و
دەتشاردمەوە هەتا تووڕەییەکەت دادەمرکایەوە!
خۆزگە کاتێکت بۆ دیاری دەکردم و
بەبیرت دەهاتمەوە! - 14
 - ئەگەر پیاوێک بمرێت، ئایا زیندوو دەبێتەوە؟
هەموو ڕۆژانم تێکۆشانە،
ئارام دەگرم هەتا دەرووم لێ دەکرێتەوە. - 15
 - بانگم دەکەیت من وەڵامت دەدەمەوە،
تامەزرۆ دەبیت بۆ ئەو بوونەوەرەی کە دروستت کرد. - 16
 - بێگومان ئەو کاتە چاودێری هەنگاوەکانم دەکەیت،
بەڵام تێبینی گوناهەکەم ناکەیت. - 17
 - یاخیبوونەکەم گرێی لێدراوە لەناو بوخچەیەک،
تاوانەکەم دەشاریتەوە. - 18
 - «هەروەک چۆن کە چیا بکەوێت پارچەپارچە دەبێت و
تاشەبەرد لە جێی خۆی دەلەقێت، - 19
 - ئاو بەرد دەسووێنێت و
لافاو خۆڵی زەوی ڕادەماڵێت،
بەو جۆرە تۆش هیوای مرۆڤ لەناودەبەیت. - 20
 - بۆ هەتاهەتایە بەسەریدا زاڵ دەبیت و کۆتایی پێ دێت،
ڕووی دەگۆڕیت و دەریدەکەیت. - 21
 - ئەگەر کوڕەکانی ڕێزیان لێ بگیرێت، پێی نازانێت،
ئەگەر لە پلەوپایەشیان نزم بکرێتەوە، ئاگای لێ نییە. - 22
 - تەنها هەست بە ئازاری خۆی دەکات و
داخ بۆ حاڵی خۆی دەخوات.» 

