عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
- «بۆچی خودای هەرە بەتوانا کاتەکانی دادگاییکردنی خراپەکاران دیاری ناکات؟
 بۆچی خواناسەکان ئەو ڕۆژانە نابینن؟
- 2
- خراپەکاران سنوور دەگوازنەوە،
 دەست بەسەر مێگەلێکدا دەگرن و دەیلەوەڕێنن.
- 3
- گوێدرێژی هەتیوان دەدەنە پێش خۆیان و
 گای بێوەژن وەک بارمتە دەبەن.
- 4
- نەداران لەسەر ڕێگا دەردەکەن،
 هەژارانی خاکەکە ناچار دەکەن خۆیان بشارنەوە.
- 5
- هەژاران وەک کەرەکێوی لە چۆڵەوانی،
 بۆ گەڕان بەدوای خواردندا دەچن،
 دەشتودەریش نان بۆ منداڵەکانیان دابین دەکات.
- 6
- لە کێڵگە ئالیکی خۆیان دروێنە دەکەن،
 لە ڕەزی خراپەکار هەڵدەگرنەوە.
- 7
- بە ڕووتی بەبێ جل سەر دەنێنەوە،
 هیچ بەرگێکیان نییە لە سەرمادا.
- 8
- لەبەر نەبوونی پەناگا بە بارانی چیاکان تەڕ دەبن و
 خۆیان بە تاشەبەردەوە دەگرن.
- 9
- بەدکار هەتیو لە مەمکان دەڕفێنن،
 منداڵی ساوای هەژار وەک بارمتە دەگرن.
- 10
- نەدار بە ڕووتی دەڕۆن، بەبێ جل،
 بە برسیێتی کۆڵەکان هەڵدەگرن.
- 11
- لەنێو کەڵەکی زەوییەکان زەیت دەگوشن،
 بە پێیان گوشەرەکان دەپەستن و تینوو دەبن.
- 12
- ئەوانەی لەناو شار لەناودەچن دەناڵێنن،
 گیانی برینداران بۆ فریاکەوتن هاوار دەکەن،
 بەڵام خودا هیچ کەس بە خراپەکاری تاوانبار ناکات.
- 13
- «ئەوانە کە لە ڕووناکی یاخین،
 نە ڕێگاکانی دەزانن و
 نە لە ڕێڕەوەکانی دەمێننەوە.
- 14
- بکوژ لەگەڵ ڕووناکی هەڵدەستێت و
 هەژار و نەدار دەکوژێت؛
 بە شەویش بۆ دزی دەچێت.
- 15
- چاوی داوێنپیسیش تێبینی تاریکوڕوونی دەکات؛
 دەڵێت: ”هیچ چاوێک چاودێریم ناکات،“
 ڕووپۆشێک لەسەر ڕووی دادەنێت.
- 16
- لە تاریکیدا ماڵ دەبڕن،
 لە ڕۆژیشدا دەرگا لەسەر خۆیان دادەخەن؛
 ڕووناکی ناناسن.
- 17
- تاریکی شەو بەیانییە لەلای ئەوان،
 هاوڕێی تۆقێنەرەکانی تاریکین.
- 18
- «لەگەڵ ئەوەشدا ئەوانە کەفن لەسەر ڕووی ئاوەکان؛
 بەشیان لە زەوی نەفرەت لێکراوە،
 لەبەر ئەوە کەس ناچێتە ڕەزەکان.
- 19
- وەک چۆن وشکەساڵی و گەرما ئاوی بەفر دەبات،
 جیهانی مردووانیش گوناهباران دەڕفێنێت.
- 20
- سکی دایک لەبیریان دەکات و
 کرم تامی دەمی پێیان خۆش دەکات؛
 ئیتر یادی خراپەکار ناکرێتەوە و
 وەک دار دەشکێت.
- 21
- لەگەڵ نەزۆک کە منداڵی نەبووە بە خراپی هەڵسوکەوت دەکەن،
 هیچ چاکەیەک لەگەڵ بێوەژن ناکەن.
- 22
- بەڵام خودا بە هێزی خۆی پاڵەوانان دەگرێت؛
 هەرچەندە هەڵدەستن بەڵام کەسیان لە ژیانی خۆی دڵنیا نابێت.
- 23
- دەشێت بیانهێڵێت بە ئاسوودەیی بژین،
 بەڵام چاوی لەسەر ڕێگاکانیانە.
- 24
- کەمێک پایەدار دەبن و ئیتر نامێنن؛
 نزم دەبن و وەک هەمووان کۆدەکرێنەوە،
 وەک سەری گوڵەگەنم دەبڕێنەوە.
- 25
- «ئەگەر وا نییە، کێ بە درۆم دەخاتەوە و
 قسەکانم وەک هیچ لێ دەکات؟»

