عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - دانایی لەکوێ دەدۆزرێتەوە؟
 - 1
 - زیو کانی هەیە و
بۆ زێڕیش شوێنێک هەیە بۆ پاڵاوتنی. - 2
 - ئاسن لە خۆڵ دەردەهێنرێت،
مسیش لە توانەوەی بەرد. - 3
 - مرۆڤ کۆتایی بە تاریکی دەهێنێت؛
لەناو تاریکی سێبەری مەرگ
بۆ بەردی کانزایی دوورترین کون و کەلەبەرەکان دەپشکنن. - 4
 - کانێکی لێدا دوور لە خەڵکی،
لە شوێنێکی لەبیرکراو لەلایەن ڕێبوارانەوە؛
شۆڕ کرانەوە و دوور لە خەڵکی جۆلانەیان پێکرا. - 5
 - زەوی ئەوەی کە نانی لێوە دەردەهێنرێت،
لە ژێرەوە دەگۆڕدرێت بە چەشنی ئاگر؛ - 6
 - بەردەکانی یاقووتی شینی[a]  تێدایە و
لە خۆڵەکەیدا زێڕ هەیە. - 7
 - ڕێگایەک کە مەلە گۆشتخۆرەکان پێی نازانن و
چاوی هەڵۆ نایبینێت. - 8
 - ئاژەڵە دڕندەکان پێیدا نەڕۆیشتوون،
شێر پێیدا تێنەپەڕیوە. - 9
 - مرۆڤ دەستدرێژی دەکاتە سەر بەرد،
بنکەی چیاکان دەردەخات. - 10
 - لە تاشەبەردەکان تونێل دەکات؛
چاوەکانی هەموو شتێکی گرانبەها دەبینێت. - 11
 - ئاودزی ڕووبارەکان دەپشکنێت و
ئەوەی شاراوەیە دەیخاتە بەر ڕووناکی. - 12
 - بەڵام دانایی لەکوێ دەدۆزرێتەوە و
تێگەیشتن لەکوێ نیشتەجێیە؟ - 13
 - مرۆڤ نرخەکەی نازانێت و
لە خاکی زیندوواندا نادۆزرێتەوە. - 14
 - قووڵایی ژێر زەوی[b]  دەڵێت: «لەناو مندا نییە،»
دەریا دەڵێت: «لەلای من نییە.» - 15
 - دانایی نە زێڕی بێگەرد لە جیاتی دەدرێت و
نە بە زیویش نرخەکەی دەکێشرێت. - 16
 - نە بە زێڕی ئۆفیر و نە بە بەردی عاشقبەندی گرانبەها و
نە بە یاقووتی شین دەکێشرێت. - 17
 - نە زێڕ و نە بلور هاوتایەتی،
نە بە دەفرێکی زێڕی بێگەرد دەگۆڕدرێتەوە. - 18
 - لە پاڵ ئەودا نە مەرجان و نە یەشب باسیان ناکرێت و
نرخی دانایی لە یاقووت بەهادارترە. - 19
 - یاقووتی زەردی کوش هاوتای نابێت و
بە زێڕی بێگەرد ناکێشرێت. - 20
 - ئیتر دانایی لەکوێ دەدۆزرێتەوە و
تێگەیشتن لەکوێ نیشتەجێیە؟ - 21
 - لەبەرچاوی هەموو زیندووێک شاراوەیە و
لەبەرچاوی باڵندەکانی ئاسمان داپۆشراوە. - 22
 - لەناوچوون و مردن دەڵێن:
«بە گوێی خۆمان هەواڵی ئەومان بیست.» - 23
 - خودا ڕێگاکەی تێدەگات و
ئەو شوێنەکەی پێ دەزانێت. - 24
 - لەبەر ئەوەی ئەو تەماشای ئەوپەڕی زەوی دەکات و
هەموو ژێر ئاسمان دەبینێت. - 25
 - کاتێک کێشی بۆ با دروستکرد و
ئاوەکانی بە پێوانە پێوا، - 26
 - کاتێک بۆ باران یاسای دانا و
بۆ دەنگی هەورەتریشقەش ڕێگا، - 27
 - ئەو کاتە دانایی بینی و باسی کرد،
ئامادەی کرد و هەروەها تاقی کردەوە. - 28
 - بە مرۆڤی فەرموو:
«بێگومان دانایی لە لەخواترسییەوەیە و
لە خراپە لادانیش لە تێگەیشتنەوەیە.» 
- a. 28:6 یاقووتی شین: دەشێت لاجیوەرد بێت.
 - b. 28:14 بەپێی بیروباوەڕی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کۆن (قووڵایی ژێر زەوی) هەبوو کە سەرچاوەی کانیاو و ڕووبارەکان بوو. بڕوانە پەیدابوون 7:11.
 

