عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
بەرگری کۆتایی ئەیوب 
1
ئەیوب سەرلەنوێ دەستی بە قسە کردەوە و گوتی:
2
«خۆزگەم بە مانگەکانی ڕابردوو،
بەو ڕۆژانەی کە خودا منی پاراست،
3
کاتێک چراکەی خۆی لە سەرم هەڵکرد و
بە ڕووناکی ئەو بەناو تاریکیدا دەڕۆیشتم!
4
خۆزگە بەو ڕۆژانەی کە لە هەڕەتی هێز و توانادا بووم،
هاوڕێیەتییە گیانی بەگیانییەکەم لەگەڵ خودا چادرەکەی منی بەرەکەتدار کردبوو،
5
خودای هەرە بەتوانا هێشتا لەگەڵم بوو و
منداڵەکانیشم لە چواردەورم بوون،
6
کاتێک پێیەکانم بە شیر دەشوشت،
تاشەبەردیش جۆگەکانی زەیتی بۆ هەڵدەقوڵاندم.
7
«کاتێک بۆ لای دەروازەی شارەکە دەچووم و
لە گۆڕەپانەکەدا دیوەخانی خۆم ئامادە دەکرد،
8
گەنجەکان کە منیان دەبینی خۆیان دەشاردەوە،
پیرانیش لەبەرم هەڵدەستان و ڕادەوەستان؛
9
پیاوە گەورەکان نەیاندەویست قسە بکەن،
دەستیان دەخستە سەر دەمی خۆیان؛
10
پیاوماقوڵان دەنگیان لێ دەبڕا و
زمانیان بە مەڵاشوویانەوە دەنووسا.
11
ئەوەی گوێی لێم دەبوو ستایشی دەکردم،
ئەو چاوەی کە دەیبینی شایەتی بۆ دەدام،
12
چونکە ئەو هەژارانەی کە هاواریان بۆ دەهێنام و
ئەو هەتیوانەی کە بێکەس بوون ڕزگارم دەکردن.
13
ئەوانەی لە سەرەمەرگدا بوون بەرەکەتیان دەدامێ و
دڵی بێوەژنم دەهێنایە قریوە.
14
ڕاستودروستیم لەبەر دەکرد و دەمپۆشی؛
دادپەروەری کەوا و مێزەرەکەم بوو.
15
دەبووم بە چاو بۆ نابینایان و
بە قاچ بۆ شەلان.
16
من بۆ نەداران باوکێک دەبووم و
بەرگریم لە کەسێک دەکرد کە پێی ئاشنا نەبووم.
17
کەڵبەی ستەمکارم وردوخاش دەکرد و
لەنێو ددانەکانی نێچیرم دەڕفاند.
18
«جا گوتم: ”لەناو لانەکەی خۆم ڕۆح بەدەستەوە دەدەم و
وەک لم ڕۆژگارم زۆر دەبێت.
19
ڕەگم بەرەو ئاوەکان درێژ دەبێتەوە،
بە درێژایی شەو شەونم بەسەر چڵەکانمەوە دەبێت.
20
شکۆمەندیم بە هەمیشەیی لەگەڵم دەبێت،
کەوانەکەم لە دەستم نوێ دەبێتەوە.“
21
«گوێیان لە من دەگرت و چاوەڕێیان دەکرد
لە کاتی ڕاوێژکردنم گوێیان بۆم شل دەکرد.
22
لەدوای قسەکانم هیچیان لە دەم نەدەهاتە دەرەوە؛
قسەکانم دڵۆپەی بەسەریاندا کرد.
23
چاوەڕێیان دەکردم وەک چاوەڕێی نمە باران بکەن و
دەمیان دەکردەوە وەک بۆ بارانی بەهار.
24
کاتێک لەگەڵیان ڕووخۆش دەبووم، باوەڕیان نەدەکرد؛
کاتێک ڕەزامەندیم پیشان دەدا، چاوەڕێی ئەوەیان نەدەکرد.
25
ڕێگام بۆیان هەڵدەبژارد و وەک سەرۆک دادەنیشتم؛
وەک پاشایەک لەناو سوپا نیشتەجێ دەبووم،
وەک ئەوەی دڵنەوایی شیوەنگێڕان دەداتەوە.