عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ئەیوب قسە دەکات 
1
دوای ئەمە ئەیوب دەمی کردەوە و نەفرەتی لەو ڕۆژە کرد کە تێیدا لەدایک بووە.
2
ئەیوب دەستی بە قسە کرد و گوتی:
3
«با لەناوبچێت ئەو ڕۆژەی تێیدا لەدایک بووم،
ئەو شەوەش کە گوترا: ”کوڕێک لەدایک بوو!“
4
با ئەو ڕۆژە تاریک بێت،
نە خودا لە سەرەوە بایەخی پێ بدات و
نە ڕۆژی بەسەردا هەڵبێت.
5
با تاریکی و سێبەری مەرگ لەسەری بێت،
با هەور دایبگرێت،
با ڕۆژ تاریک دابێت و بیتۆقێنێت.
6
ئەو شەوە، با شەوەزەنگ بیگرێت،
لەناو ڕۆژانی ساڵ دڵخۆش نەبێت
نەیەتە ناو ژمارەی مانگەکان.
7
با ئەو شەوە نەزۆک بێت،
هاواری خۆشی تێدا نەبێت.
8
بەر نەفرەتی ئەوانە بکەوێت کە نەفرەت لە ڕۆژگار دەکەن،
ئەوانەی ئامادەن لیڤیاتان بەئاگا بهێنن.
9
با ئەستێرەکانی بەرەبەیان تاریک دابێن،
چاوەڕوانی ڕووناکی بێت و نەیەت،
با گزنگی بەیان نەبینێت،
10
چونکە دەرگاکانی سکی لەسەر من دانەخست و
چەرمەسەری لە چاوەکانم نەشاردەوە.
11
«بۆ لە بار دایکم نەچووم،
کە لەدایک بووم، بۆ ڕۆحم بەدەستەوە نەدا؟
12
بۆچی ئەژنۆکان هەڵیانگرتم،
بۆ مەمک هەبوو تاکو شیر بدرێم؟
13
چونکە ئێستا ڕاکشابووم و بێدەنگ ببووم،
ئەو کاتە بە ئاسوودەیی دەخەوتم،
14
لەگەڵ پاشایان و ڕاوێژکارانی زەوی،
ئەوانەی ئەو کۆشکانەیان بۆ خۆیان بنیاد نا کە ئێستا بوونەتە کەلاوە،
15
یان لەگەڵ میران کە زێڕیان هەیە،
ئەوانەی ماڵەکانیان لە زیو پڕکردووە،
16
یان وەک لەبارچووێکی لەخاکنراو، ئینجا نەدەبووم،
وەک کۆرپەیەک ڕووناکی نەبینیوە.
17
لەوێ خراپەکاران لە ئاژاوەنانەوە دەوەستن
لەوێ ماندووان پشوو دەدەن،
18
دیلەکان تێکڕا ئاسوودە دەبن،
گوێیان لە دەنگی سەرکار نابێت،
19
لەوێ بچووک وەک گەورە وایە،
کۆیلەش ئازادە لە دەستی گەورەکەی.
20
«بۆ ڕووناکی دەدرێتە ڕەنجدەران و
ژیانیش بۆ ئەوەی تاڵاوی تێدایە،
21
ئەوانەی چاوەڕوانی مردن دەکەن و نییە،
لە گەنجینە زیاتر بەدوایدا دەگەڕێن،
22
هەتا ئەوپەڕی شادمانی دڵخۆشن،
دڵشادن کە گۆڕێک دەبیننەوە؟
23
بۆ ژیان دەدرێتە پیاوێک
کە ڕێگای شاردراوەتەوە،
خوداش بە چواردەوریدا پەرژینی لێ داوە؟
24
لەبەر ئەوەی ئاخ هەڵکێشانم بووەتە نانی ڕۆژانەم،
هەنسکیشم وەک ئاو دەڕژێت.
25
ئەوەی دەمتۆقێنێت هاتە سەر ڕێگام،
ئەوەی لێی دەترسام بەسەرم هات.
26
ئاسوودە نەبووم و بێدەنگ نەبووم،
پشووم نەدا و ئاژاوە هات.»