عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
«بەڵام ئێستا ئەوانەی لە من منداڵترن
گاڵتەم پێ دەکەن،
ئەوانەی بێزم نەدەهات باوکیان
لەگەڵ سەگەکانی ناو ڕانەکەم دابنێم.
2
دەبێت هێزی دەستیان چ سوودێکی بۆ من هەبێت؟
لەبەر ئەوەی سست بوون و لە کەڵک کەوتوون.
3
لە دەستکورتی و لە برسیێتیدا لەڕ بوون؛
بە شەو بەناو زەوی وشکدا دەگەڕان،
کە وێران و کاول بوون.
4
ئەوانەی وشترالووک و گەڵایان لە دەوەنەکانەوە دەهێنا،
ڕەگی دار گەز[a] خۆراکیان بوو.
5
لەنێو کۆمەڵەی خەڵک دەردەکران،
هاواریان بەسەردا دەکردن وەک بەسەر دزدا هاوار بکەن.
6
لەناو دۆڵە وشکەکان نیشتەجێ بوون،
لە ئەشکەوت و لەناو تاشەبەردەکان.
7
لەنێو دەوەنەکان زەڕین و
لەژێر گەزگەزەکان خۆیان مات کرد.
8
نەوەی گێلی، هەروەها نەوەی ئەوانەی بێ ناو بوون،
لە خاکەکە تێهەڵدراون.
9
«بەڵام ئێستا ئەو گەنجانە بە گۆرانی گاڵتەم پێ دەکەن؛
پەندم بەسەردا دەڵێن.
10
قێزم لێ دەکەنەوە، دوورەپەرێزیم لێ دەگرن؛
لە تفەکانیان ڕووی من ناپارێزن.
11
خودا پەتی کەوانەکەی منی بەرداوە و منی چەماندووەتەوە،
جڵەوی لغاوەکەم بەدەستیانەوەیە،
12
لەلای ڕاستم گەنجە لاسارەکان هێرش دەکەنە سەرم،
پاشقولم لێ دەگرن و سەنگەر لە دژی من لێ دەدەن.
13
ڕێگاکانم لێ تێکدەدەن،
بۆ ژێرکەوتنم هاوکاری یەکتر دەکەن،
کەس نییە پشتگیری من بکات.
14
ئەوان دێن هەروەک لە کەلێنێکی فراوانەوە بێن،
لەژێر وێرانیەوە خلۆر دەبنەوە.
15
نەهامەتی بەسەرمدا وەرگەڕا،
هەروەکو با ڕێزی منی برد،
ئاسوودەییم وەک هەور تێپەڕی.
16
«بە هێواشی ژیانم بەرە و کۆتایی دەچێت،
کەوتمە ڕۆژانی زەلیلییەوە.
17
شەوگار ئێسکەکانم لەناومدا کلۆر دەکات،
ئازارەکانم پشوو نادەن.
18
خودا بە زۆری هێزەکەی منی بە جلەکانم گرت و شێوەی گۆڕیم،
وەک یەخەی کراسەکەم، منی پێچایەوە.
19
فڕێیدامە ناو قوڕەوە،
ڕەنگی خۆڵ و خۆڵەمێشم لێ نیشت.
20
«ئەی خودا هاوارت بۆ دەهێنم و وەڵامم نادەیتەوە؛
ڕادەوەستم و ئاوڕم لێ نادەیتەوە.
21
لەگەڵ مندا توند دەجوڵێیتەوە،
بە توانای دەستەکانت دژایەتیم دەکەیت.
22
دەمڕفێنیت و دەمدەیتە دەست ڕەشەبا؛
فڕێمدەدەیتە ناو زریانەوە.
23
دەزانم بۆ مردن دەمگەڕێنیتەوە،
بۆ ماڵی چاوەڕوانکراوی هەموو زیندووێک.
24
«بێگومان کەس دەستدرێژی ناکاتە سەر مرۆڤێکی تێکشکاو،
کاتێک لە تەنگانەیدا هاوار دەکات.
25
ئایا بۆ لێقەوماوان نەگریام؟
ئایا بۆ نەدار گیانم خەمبار نەبوو؟
26
لەگەڵ ئەوەشدا، کە ئاواتەخوازی چاکە بووم، خراپە هات؛
چاوەڕوانی ڕووناکی بووم، تاریکی هات.
27
هەناوم گڕی گرتووە و ناوەستێت،
ڕۆژانی زەلیلی بەرەوپیرم دێن.
28
ڕەش هەڵگەڕام بەڵام بەبێ خۆر؛
لەناو کۆمەڵ هەستام هاوارم کرد.
29
بووم بە برای چەقەڵەکان و
هاوڕێی کوندەپەپووەکان.
30
پێستم ڕەش و هەڵوەری لەبەرم،
لەشم لەبەر تایەکی توند دەسووتێت.
31
قیسارەکەم بۆ لاوانەوەیە و
شمشاڵەکەم بۆ دەنگی گریاوەکانە.
  1. a. 30‏:4 دارێکی گەڵا وردی لق باریکە، لقەکانی بۆ گسک بەکاردێت.‏