عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
- «پەیمانم لەگەڵ چاوەکانم بەست،
 ئیتر چۆن تەماشای پاکیزەیەک بکەم؟
- 2
- بەشی ئێمە لە خودا لە سەرەوە چییە،
 چ میراتێکمان هەیە لە توانادارەکەی ئاسمان؟
- 3
- ئایا کارەسات بۆ بەدکار و
 بەڵا بۆ خراپەکار نییە؟
- 4
- ئایا ئەو تەماشای ڕێگای من ناکات و
 هەموو هەنگاوەکانم ناژمێرێت؟
- 5
- «ئەگەر لەگەڵ درۆ ملی ڕێم گرتبێتەبەر
 یان پێیەکانم پەلەیان کردبێت بەرەو فێڵ،
- 6
- با خودا لە تەرازووی ڕاستودروستیدا بمکێشێت و
 بزانێت کە کەموکوڕیم نییە.
- 7
- ئەگەر هەنگاوەکانم لە ڕێچکە لایانداوە،
 ئەگەر دڵم بەدوای چاوم کەوتووە،
 یان ئەگەر کردەوەکانم دەستەکانی منیان گڵاو کردووە،
- 8
- ئەوا ئەوەی من چاندم با کەسانی دیکە بیخۆن،
 با لقەکانم ڕیشەکێش بکرێن.
- 9
- «ئەگەر دڵم بەلای ژنێکدا فریوی خواردووە،
 یان لە بەردەرگای دراوسێکەم بۆسەم داناوە،
- 10
- با ژنەکەم دانەوێڵەی پیاوێکی دیکە بهاڕێت و
 با خەڵکانی دیکە بەسەریدا بچەمێنەوە.
- 11
- لەبەر ئەوەی ئەمە بێ ناموسییە،
 تاوانە و پێویستە دادگایی بکرێت.
- 12
- ئاگرێکە هەتا لەناوچوون[a]  دەخوات و
 هەموو دروێنەکەم ڕیشەکێش دەکات.
- 13
- «ئەگەر مافی خزمەتکار و کارەکەرەکەم ڕەت کردووەتەوە
 کاتێک لە دژی من سکاڵایان کردووە،
- 14
- ئەو کاتە چی بکەم لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەم لەگەڵ خودا؟
 ئەگەر لێکۆڵینەوەم لەگەڵ بکرێت بە چی وەڵامی بدەمەوە؟
- 15
- ئایا دروستکەری من لە سکدا دروستکەری ئەوانیش نییە؟
 ئایا شێوەکێشمان لە سکی دایک یەک نییە؟
- 16
- «ئەگەر هەژارانم لە مرازی خۆیان قەدەغە کردبێت
 یان چاوی بێوەژنم فەوتاندبێت،
- 17
- یان پارووەکەی خۆم بە تەنها خواردبێت،
 کە هەتیو لێی نەخواردبێت،
- 18
- بەڵام لە گەنجیمەوە وەک باوک بە هەتیوی بەخێوم کردووە و
 لە سکی دایکمەوە ڕێنمایی بێوەژنم کردووە.
- 19
- ئەگەر فەوتاوێکم بینیبێت لەبەر نەبوونی جل
 یان نەدارێکی بێ بەرگ،
- 20
- کە بە کەوڵی مەڕەکەم خۆیان گەرم نەکردووەتەوە
 ئیتر لە دڵیانەوە داوای بەرەکەتیان بۆ نەکردووم،
- 21
- ئەگەر پەیوەندیم لەگەڵ کاربەدەستانم بەکارهێناوە
 بۆ ئەوەی دەستدرێژی بکەمە سەر هەتیو،
- 22
- با شانم لە ئەستۆم بەربێتەوە و
 با قۆڵم لە جومگەکەیەوە بشکێت.
- 23
- لەبەر ئەوەی کارەسات لە خوداوە بەلامەوە تۆقێنەرە و
 لە ترسی شکۆیەکەی نەمتوانی شتی وا بکەم.
- 24
- «ئەگەر پشتم بە زێڕی خۆم بەستووە و
 ئەگەر بە زێڕی بێگەردم گوت: ”تۆ پاڵپشتی منی،“
- 25
- ئەگەر دڵخۆش بووم کە سامانەکەم زۆر بوو و
 لەبەر ئەوەی زۆریان بەدەستهێناوە،
- 26
- ئەگەر تەماشای ڕووناکی خۆرم کردووە کاتێک درەوشاوەتەوە،
 یان مانگ کاتێک بە جوانییەوە دەڕوات
- 27
- تاوەکو دڵم بە نهێنی فریودراو و
 دەستم دەمی داپۆشی،[b]
- 28
- ئەوا ئەمانەش تاوان دەبن و دەدرێن بە دادگا،
 چونکە ئەگەر شتی وام بکردایە ناپاک دەبووم بەرامبەر بە خودا لە سەرەوە.
- 29
- «ئەگەر بە بەڵای ناحەزەکەم دڵخۆش بووم
 یان بزەم گرت کە تووشی خراپە بوو،
- 30
- بەڵکو نەمهێشت مەڵاشووم گوناه بکات
 بەوەی کە بە نەفرەتەوە داوای ژیانی ئەو بکات؛
- 31
- ئەگەر کەسانی ناو چادرەکەم هەرگیز نەیانگوتایە،
 ”کێ یەکێک دەهێنێت لە خواردنەکەی ئەیوب تێری نەخواردبێت؟“
- 32
- ئاوارەیەک لە دەرەوە شەوی بەسەرنەبرد،
 دەرگای ماڵەکەم بۆ ڕێبوار کردەوە.
- 33
- ئەگەر وەک خەڵکی دیکە یاخیبوونی خۆم داپۆشیوە،
 بە شاردنەوەی تاوانەکانم لە باوەشی خۆم،
- 34
- بەهۆی ئەوەی لە قسەی خەڵک ترساوم،
 لە سووکایەتی پێکردنی خێڵەکان تۆقیوم،
 لەبەر ئەوەیە کە بێدەنگم و لە ماڵەوە دانیشتووم.
- 35
- «خۆزگە یەکێک دەبوو گوێی لێم دەگرت!
 ئەوەتا مۆری من، با خودای هەرە بەتوانا وەڵامم پێ بداتەوە؛
 ئەوەی سکاڵا لە من دەکات با سکاڵانامەکەی پێشکەش بکات.
- 36
- بێگومان لەسەر شانم هەڵمدەگرت،
 دەمبەست وەک تاج بەسەرمەوە.
- 37
- ژمارەی هەنگاوەکانی خۆم پێی دەگوت،
 پێشکەشیشم دەکرد وەک بۆ فەرمانڕەوایەک.
- 38
- «ئەگەر زەوییەکەم هاواری کردووە لە دژی من و
 هەموو هێڵی جووتەکانی بە فرمێسک تەڕ دەبێت،
- 39
- ئەگەر بەروبوومەکەی ئەوم بەبێ پارە خواردووە
 یان گیانی کرێچییەکانیم کوژاندووەتەوە،
- 40
- با لە جێی گەنم دڕک بڕووێت و
 لە جێی جۆ زیوان.»
 وشەکانی ئەیوب تەواو بوون.

