عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - ئەلیهو
- 1
- ئیتر ئەو سێ پیاوە وازیان لە وەڵامدانەوەی ئەیوب هێنا، چونکە ئەو خۆی بە ڕاست دەزانی.
- 2
- بەڵام ئەلیهوی کوڕی بەرەخێلی بووزی لە هۆزی ڕام لە ئەیوب تووڕە بوو. تووڕەیی جۆشا، چونکە ئەیوب خۆی بە بێتاوان دادەنا و گلەیی لە خودا دەکرد.
- 3
- لە سێ هاوڕێکەشی تووڕە بوو، چونکە لەگەڵ ئەوەی نەیاندەتوانی بە هیچ شێوەیەک بەرپەرچی ئەیوب بدەنەوە، ئەیوبیان تاوانبار کرد.
- 4
- ئەلیهوش لەسەر ئەیوب ئارامی گرت، چونکە ئەوان لەو بە تەمەنتر بوون.
- 5
- کاتێک ئەلیهو بینی هیچ وەڵامێک لە دەمی ئەو سێ پیاوەدا نییە، تووڕە بوو.
- 6
- ئیتر ئەلیهوی کوڕی بەرەخێلی بووزی وەڵامی دایەوە:
 «من تەمەنم کەمە و
 ئێوەش پیرن؛
 لەبەر ئەوە نەوێرام و ترسام
 بیروڕای خۆمتان پێ بڵێم.
- 7
- گوتم: ”با تەمەن قسە بکات و
 با زۆری ساڵان دانایی ڕابگەیەنن.“
- 8
- بەڵام ڕۆحی مرۆڤ هەناسەی خودای هەرە بەتوانایە،
 ئەوە کە تێگەیشتن بە مرۆڤ دەبەخشێت.
- 9
- تەنها ئەوانەی تەمەن درێژن دانا نین و
 تەنها پیران نین کە لە دادوەری تێدەگەن.
- 10
- «لەبەر ئەوە دەڵێم: گوێم لێ بگرن؛
 منیش بیروڕای خۆم ڕادەگەیەنم.
- 11
- ئەوەتا من ئارامم گرت لەسەر قسەکانتان،
 گوێم شل کرد بۆ بەهانەکانتان؛
 هەتا قسەکانتان تاقی کردەوە
- 12
- لێتان وردبوومەوە.
 بەڵام کەستان بەڵگەتان لە دژی بەهانەی ئەیوب نەهێنایەوە و
 وەڵامی بەهانەکانی ئەوتان نەدایەوە.
- 13
- لەبەر ئەوە مەڵێن: ”داناییمان دۆزییەوە؛
 با خودا بەرپەرچی ئەیوب بداتەوە، نەک مرۆڤ.“
- 14
- ئەیوب قسەکانی ئاراستەی من نەکردووە و
 منیش بە قسەکانی ئێوە وەڵامی نادەمەوە.
- 15
- «واقیان وڕماوە و هیچ وەڵامیش نادەنەوە؛
 قسەیان لێ داماڵرا.
- 16
- ئێستا کە بێدەنگن، ئایا دەبێت چاوەڕێ بکەم،
 کە لەوێ ڕادەوەستن بەبێ وەڵام؟
- 17
- ئێستا منیش بەشی خۆم وەڵام دەدەمەوە؛
 منیش بیروڕای خۆم ڕادەگەیەنم،
- 18
- چونکە پڕم لە قسەکردن و
 ڕۆحی ناخم تەنگاوم دەکات؛
- 19
- ئەوەتا ناخم وەک شەرابێکە سەرەکەی نەکرابێتەوە،
 وەک مەشکەیەکی نوێیە خەریکە بدڕێت.
- 20
- قسە دەکەم با ئاهێکم بەبەردا بێتەوە؛
 لێوەکانم دەکەمەوە و وەڵام دەدەمەوە.
- 21
- لایەنگری کەس ناکەم و
 مەرایی هیچ کەسێکیش ناکەم؛
- 22
- چونکە زمانلووسی نازانم
 جارێ دروستکەرەکەم نامبات.

