عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
«بەڵام ئەی ئەیوب، ئێستا گوێ لە قسەکانم بگرە!
گوێ شل بکە بۆ هەموو وشەکانم.
2
ئەوەتا من دەمم کردەوە؛
قسەکانم لەسەر زمانی منن.
3
قسەکانم لە دڵی پاکمەوەن؛
زمانیشم بە دڵسۆزییەوە ئەوە دەردەبڕێت کە دەیزانم.
4
ڕۆحی خودا دروستی کردم،
هەناسەی توانادارەکە ژیانی پێ بەخشیم.
5
ئەگەر دەتوانیت، وەڵامم بدەوە و
هەستە سەرپێ و کێشەکەت بخەرە بەردەمم.
6
لەبەرچاوی خودا منیش هەروەکو تۆم،
لە قوڕ دروستکراوم.
7
ناشێت شەوکەتم بتترسێنێت و
زۆرکردنم لێت بارت گران بکات.
8
«تۆ لەبەردەمم گوتت،
من بە وردی گوێم لێت بوو،
9
گوتت: ”من بێتاوانم بەبێ یاخیبوون،
بێگەردم و تاوانم نییە.
10
لەگەڵ ئەوەشدا خودا دەگەڕێت هەڵەم لێ بدۆزێتەوە و
بە دوژمنی خۆی دامدەنێت.
11
پێیەکانمی لەناو کۆت داناوە؛
چاودێری هەموو ڕێگاکانم دەکات.“
12
«بەڵام پێتان دەڵێم، لەمەدا ڕاست ناکەیت،
چونکە خودا لە مرۆڤ مەزنترە.
13
بۆچی سکاڵای لێ دەکەیت:
”وەڵامی هیچ کام لە وشەکانی مرۆڤ ناداتەوە؟“
14
بە ڕاستی خودا هەرجارەو بە ڕێگایەک دەدوێت،
کەس ڕامانی ئەوە ناکات.
15
لە خەون، لە بینینی شەودا،
کاتێک هەموو خەڵک خەوی قورسیان لێدەکەوێت
لە کاتی خەواڵووبوون لەناو جێگا،
16
ئەو کاتە گوێی خەڵک دەکاتەوە و
بە ئاگادارکردنەوەکانی دەیانتۆقێنێت،
17
تاکو لە خراپەکردن بیانگەڕێنێتەوە و
لە لووتبەرزیش بیانپارێزێت،
18
هەتا لە کەوتنە ناو گۆڕ ڕزگاریان بکات،
ژیانیشیان لە لەناوچوون بە شمشێر.
19
«یان ئەگەر کەسێکی هەبێت لەناو جێگاکەی بە ئازار تەمبێ بکرێت و
ململانێی ئێسکەکانیشی بەردەوامە،
20
ئەو کاتە گیانی ڕقی لە نان دەبێتەوە و
نەوسیشی لە خواردنی خۆش.
21
گۆشتیان وا دەفەوتێت کە ئیتر نەبینرێت،
ئێسکەکانیشیان کە شاردرابوونەوە ئێستا دیارن.
22
گیانیان لە گۆڕ نزیک دەبنەوە،
ژیانیشیان لە فریشتەی مەرگ.
23
لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر لەلایان نێردراوێک هەبێت،
پەیوەندی ڕێکخەرێک، یەک لە هەزار
تاکو ڕاستودروستی بە مرۆڤ بناسێنێت،
24
لەگەڵ ئەو کەسە میهرەبان دەبێت و بە خودا دەڵێت:
”بیانگەڕێنەوە با نەکەونە گۆڕ؛
کڕینەوەی ژیانی ئەوانم بۆ دۆزینەوە.
25
با گۆشتیان لە گۆشتی منداڵ ناسکتر بێت؛
با ڕۆژانی گەنجیێتییان بگەڕێتەوە.“
26
ئەو کاتە ئەوانە داوا لە خودا دەکەن و لێیان ڕازی دەبێت،
بە هاواری خۆشییەوە ڕووی خودا دەبینن،
ئەویش پاداشتی ڕاستودروستی مرۆڤ دەداتەوە.
27
دەچن بۆ لای کەسانی دیکە و دەڵێن:
”گوناهم کرد و ڕاستیم خواروخێچ کرد،
بەڵام سزا نەدرام لەسەری.
28
خودا منی کڕییەوە لە جیهانی مردووان،
ئیتر ژیانم ڕووناکی دەبینێت.“
29
«خودا هەموو ئەمانە دەکات،
دوو جار و سێ جار لەگەڵ مرۆڤ،
30
بۆ ئەوەی بیانگەڕێنێتەوە لە کەوتنی ناو گۆڕ و
تاوەکو بە ڕووناکی زیندووان ڕووناک بێتەوە.
31
«جا گوێ شل بکە و گوێم لێ بگرە ئەیوب!
بێدەنگ بە من قسە دەکەم.
32
ئەگەر قسەت لەلایە وەڵامم بدەوە،
قسە بکە! چونکە دەمەوێت ئەستۆپاکت بکەم.
33
ئەگەر نا، تۆ گوێم لێ بگرە؛
بێدەنگ بە فێری داناییت دەکەم.»