عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
ئیتر ئەلیهو گوتی:
2
«گوێ لە قسەکانم بگرن دانایان،
گوێم بۆ شل بکەن، ئەی ئەوانەی دەزانن،
3
چونکە گوێ قسە تاقی دەکاتەوە
وەک چۆن مەڵاشوو خواردن تام دەکات.
4
با بۆ خۆمان دادگەری تاقی بکەینەوە و
لەنێو خۆمان بزانین چی باشە.
5
«ئەیوب گوتی: ”من ڕاستودروست بووم،
بەڵام خودا مافی منی داماڵی.
6
لە کاتی دادگاییم
بە درۆ دەخرێمەوە و
برینەکەم ساڕێژ نابێت
لەگەڵ ئەوەی بێ یاخیبوونم.“
7
چ پیاوێک وەک ئەیوبە؟
سووکایەتیکردن وەک ئاو دەخواتەوە و
8
پێکەوە لەگەڵ بەدکاران ملی ڕێ دەگرێت و
لەگەڵ خراپەکاران دەڕوات؟
9
لەبەر ئەوەی گوتی: ”سوودی نییە بۆ مرۆڤ
جێی ڕەزامەندی بێت لەلای خودا.“
10
«لەبەر ئەوە گوێم لێ بگرن، ئەی تێگەیشتووان.
خراپە لە یەزدان بە دوورە و
ستەمیش لە خودای هەرە بەتوانا،
11
چونکە مرۆڤ بەگوێرەی کردەوەکانی پاداشت دەداتەوە و
پیاویش بەپێی ڕێگاکەی تووش دەکات.
12
جا بە ڕاستی خودا خراپە ناکات،
توانادارەکەش دادپەروەری خوار ناکاتەوە.
13
کێ کردی بە لێپرسراو لەسەر زەوی و
کێ لەسەر هەموو جیهان داینا؟
14
ئەگەر بیخاتە دڵی خۆیەوە
ڕۆح و هەناسەی بۆ خۆی کۆبکاتەوە،
15
هەموو مرۆڤ پێکەوە ڕۆح بەدەستەوە دەدەن و
مرۆڤ بۆ خۆڵ دەگەڕێتەوە.
16
«ئەگەر تێگەیشتنت هەیە،
ئەمە ببیستە و بۆ دەنگی وشەکانم گوێ شل بکە.
17
ئایا ئەوەی ڕقی لە دادپەروەرییە دەتوانێت فەرمانڕەوایەتی بکات؟
یان ئەوەی ڕاستودروست و مەزنە تاوانباری دەکەیت؟
18
ئایا خودا نییە کە بە پاشا دەفەرموێت: ”ئەی هیچوپووچ!“
یان بە پیاوماقوڵان: ”ئەی خراپەکاران!“
19
ئایا خودا نییە ئەوەی لایەنگری میران ناکات و
دەوڵەمەند لە هەژار بە زیاتر دانانێت،
چونکە هەمووان کاری دەستی ئەون؟
20
لەناکاو دەمرن، لە نیوەشەودا؛
گەل دەهەژێن و بەسەردەچن؛
بەهێزەکان دادەماڵرێن، بەڵام نەک بە دەستی مرۆڤ.
21
«چاوەکانی لەسەر ڕێگاکانی مرۆڤە؛
ئەو هەموو هەنگاوەکانی دەبینێت.
22
نە تاریکی هەیە و نە سێبەری مەرگ،
کە بەدکاران بتوانن خۆیانی تێدا بشارنەوە.
23
پێویست ناکات خودا زیاتر لێکۆڵینەوە لەگەڵ مرۆڤ بکات،
هەتا بێتە بەردەمی بۆ دادگاییکردن.
24
دلێران بەبێ پشکنین تێکدەشکێنێت و
خەڵکی دیکە لە جێیان دادەنێت.
25
لەبەر ئەوەی تێبینی کردەوەکانیان دەکات،
بە شەو سەرەوژێریان دەکات و وردوخاش دەبن.
26
لەبەر ئەوەی خراپەکارن
لەبەرچاوی بینەران سزایان دەدات،
27
چونکە لەدوای ئەو لایاندا و
لە هیچ یەکێک لە ڕێگاکانی ئەو وردنەبوونەوە،
28
بەم جۆرەیان کرد هاواری هەژار پێی بگات،
بەم شێوەیە گوێی لە قیژەی زەلیلان بوو.
29
بەڵام ئەگەر بێدەنگ بێت،
کێ هەیە تاوانباری بکات؟
ئەگەر ڕووی خۆی بشارێتەوە، کێ دەیبینێت؟
لەگەڵ ئەوەشدا فەرمانڕەوایەتی نەتەوە و تاکە کەسیش دەکات
30
بۆ ئەوەی خوانەناس پاشایەتی نەکات و
نەبێت بە تەڵە بۆ گەل.
31
«ئەگەر بە خودا بگوترێت:
”من تاوانبارم بەڵام ئیتر گەندەڵی ناکەم،
32
ئەوەی نەمبینیوە تۆ پیشانی منی بدە،
ئەگەر خراپەم کردووە، چیتر نایکەمەوە؟“
33
ئایا دەبێت خودا بەگوێرەی ئەوەی تۆ پێت باشە پاداشتت[a] بداتەوە،
لە کاتێکدا کە تۆ ئامادە نیت تۆبە بکەیت؟
تۆ هەڵدەبژێریت نەک من،
ئەوەی دەیزانیت دەیڵێیت.
34
«تێگەیشتووان پێم دەڵێن،
ئەو پیاوە دانایانەی گوێیان لێمە دەڵێن:
35
”ئەیوب بەبێ زانین قسە دەکات و
قسەکانی بەبێ وریاین.“
36
خۆزگە ئەیوب هەتاسەر تاقی دەکرایەوە
لەبەر وەڵامەکانی وەک بەدکاران!
37
یاخیبوونی بۆ سەر گوناهەکەی زیاد کرد؛
بە گاڵتەپێکردنەوە چەپڵە لێدەدات و
زیادەڕۆیی لەسەر خودا دەکات.»
  1. a. 34‏:33 ئەم وشەیە لە زمانی عیبری بە هەردوو واتای پاداشت و سزا دێت.‏