عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
 - دیسان ئەلیهو گوتی:
 - 2
 - «تۆزێک ئارامم لەگەڵ بگرە جا پێتی نیشان دەدەم
کە هێشتا قسە هەیە لەبەر خودا بگوترێت. - 3
 - زانینم لە دوورەوە هەڵدەگرم و
ڕاستودروستی دەدەمە پاڵ دروستکەرەکەم. - 4
 - بەڕاستی قسەکانم درۆ نین،
ئەو کەسەی زانیاری تەواوە لەلای تۆیە. - 5
 - «خودا مەزنە و بە چاوی سووک تەماشای کەس ناکات،
گەورەیە و ئامانجەکەی چەسپاوە. - 6
 - خراپەکار ناژیێنێت و
مافی زەلیلان دەدات. - 7
 - چاوەکانی لەسەر کەسی ڕاستودروست لا نادات،
بەڵکو لەگەڵ پاشایان لەسەر تەخت دایاندەنیشێنێت و
هەتاسەر پایەداریان دەکات. - 8
 - ئەگەر بە زنجیر ببەسترێنەوە،
ئەگەر بە پەتی زەلیلی ببردرێن، - 9
 - کردەوە و یاخیبوونەکانی خۆیانیان بۆ دەردەخات،
چونکە لووتبەرز بوون. - 10
 - گوێیەکانیان بۆ ئاگادارکردنەوە دەکاتەوە و
فەرمانیان پێ دەکات لە خراپەکانیان تۆبە بکەن. - 11
 - ئەگەر گوێ بگرن و بیپەرستن،
ڕۆژگاریان بە باشە و
ساڵانیان بە خۆشی بەسەردەبەن. - 12
 - ئەگەر گوێش نەگرن،
بە شمشێر لەناودەچن و
بە نەزانی دەمرن. - 13
 - «خوانەناسان تووڕەیی کۆدەکەنەوە،
تەنانەت کاتێک دەیانبەستێتەوە هاواری فریاکەوتن ناکەن. - 14
 - لەنێو پیاوە لەشفرۆشەکانی نزرگەکان
لە گەنجیێتیدا دەمرن. - 15
 - بەڵام فریای کڵۆڵ دەکەوێت لە زەلیلییەکەی و
لە کاتی تەنگانە گوێیان دەکاتەوە. - 16
 - «هەروەها لە ڕووی تەنگانە پاڵت پێوە دەنێت
بەرەو شوێنێکی پانوبەرین و بێ بەربەست و
سەر خوانەکەت پڕ دەبێت لە خواردنی بەتام. - 17
 - بەڵام ئێستا ئەو حوکمدانەی کە بۆ خراپەکارە بەسەر تۆدا درا،
حوکمدان و دادپەروەری دەتگرن. - 18
 - ئاگاداربە دەوڵەمەندی پەلکێشت نەکات،
زۆری بەرتیل بەڕەڵات ناکات. - 19
 - ئایا دەوڵەمەندیت بۆ فریاکەوتن
لە تەنگانە دەتپارێزێت
یان هەموو ئەو کۆششکردنە لە تواناتدایە؟ - 20
 - تامەزرۆی شەو مەبە،
هەتا خەڵک لە ماڵەکانیان ڕابکێشیت. - 21
 - ئاگاداربە! ئاوڕ لە خراپە مەدەوە،
چونکە ئەمەت هەڵبژارد نەک زەلیلی. - 22
 - «خودا بە توانای خۆی پایەبەرزە.
کێ وەک ئەو مامۆستایە؟ - 23
 - کێ ڕێگای ئەوی بەسەردا سەپاندووە؟
یان کێ پێی دەڵێت: ”خراپەت کردووە؟“ - 24
 - لەبیرت بێت کە کارەکەی بە مەزن بزانیت،
کە خەڵکی گۆرانی بەسەردا دەڵێن. - 25
 - هەموو مرۆڤ دەیبینێت؛
خەڵکی لە دوورەوە تەماشای دەکەن. - 26
 - خودا چەند مەزنە و ئێمەش نایناسین و
ژمارەی ساڵەکانی ناپشکێنرێن. - 27
 - «دڵۆپەکانی ئاو ڕادەکێشێت،
دەیانکات بە هەور پاشان دەیانبارێنێت؛ - 28
 - لە هەورەکانەوە بارانێکی زۆر
بەسەر ئادەمیزاد دەڕژێنێت. - 29
 - ئایا کەس تێدەگات چۆن هەورەکان پەرت دەکات
یان چۆن لە کەپرەکەیەوە هەورەتریشقە دەنێرێت؟ - 30
 - ببینە بروسکەی خۆی بەسەر خۆیدا پەرتوبڵاو دەکات و
قووڵایی دەریا دادەپۆشێت، - 31
 - چونکە بەمە حوکمڕانی گەلان دەکات و
بە پڕی خواردن دەدات. - 32
 - بە دەستەکانی بروسکە دەگرێت و
فەرمانی پێدەدات لە دوژمن بدات. - 33
 - گرمەکەی ڕایدەگەیەنێت،
مەڕوماڵاتیش بە هاتنی دەزانن. 

