عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
«ئایا دەتوانیت لیڤیاتان[a] بە قولاپ ڕاو بکەیت،
یان زمانی بە گوریس ببەستیتەوە؟
2
ئایا دەتوانیت ئەڵقە بخەیتە لووتی
یان شەویلاکی بە لووتەوانە بسمیت؟
3
ئایا زۆر لێت دەپاڕێتەوە
یان بە نەرمی قسەت لەگەڵ دەکات؟
4
ئایا پەیمانت لەگەڵ دەبەستێت
کە بە درێژایی ژیانی بیکەیت بە کۆیلەی خۆت؟
5
ئایا وەک چۆلەکە یاری لەگەڵ دەکەیت
یان بۆ کچە منداڵەکانت دەیبەستیتەوە؟
6
ئایا ڕاوچییەکان کڕین و فرۆشتنی لەسەر دەکەن
یان لەنێو بازرگانەکان دابەشی دەکەن؟
7
ئایا پێستی پڕ دەکەیت لە ڕم و
سەریشی پڕ لە تیر؟
8
دەستت لەسەری دابنێ و بیر لە جەنگ بکەرەوە،
جارێکی دیکە دووبارەی ناکەیتەوە!
9
هیواخواستن بۆ گرتنی پووچە،
هەر بە بینینی دەتۆقێت.
10
کەسێک نییە ئەوەندە ئازا بێت بەخەبەری بهێنێت،
ئیتر کێ هەیە لە ڕووی مندا بوەستێت؟
11
کێ شتێکی پێم بەخشیوە تاکو من بیدەمەوە؟
ئەوەی لەژێر هەموو ئاسمانە هی منە.
12
«بێدەنگ نابم لە باسکردنی ئەندامەکانی جەستەی لیڤیاتان و
لە ڕاگەیاندنی هێزی و لە جوانی ئاکاری جەستەی.
13
کێ دەتوانێت پێستەکەی دابماڵێت؟
کێ دەتوانێت هەردوو لای زرێیەکەی ببڕێت؟
14
کێ دوو شەویلاکی دەمی دەکاتەوە؟
ڕیزی ددانەکانی ترسێنەرە.
15
پشتی بە ڕیزێک قەڵغان داپۆشراوە،
بە پتەوی بەیەکەوە بەستراوە؛
16
بە شێوەیەک پێکەوە نووساون کە
تەنانەت با بە نێوانیاندا ناڕوات.
17
هەریەکەیان بەوی تەنیشتیەوە نووساوە؛
پێکەوە بەستراون لێک نابنەوە.
18
کە دەحیلێنێت بروسکەی ڕووناکی دەدات؛
چاوەکانی وەک گزنگی بەیانن.
19
لە دەمیەوە بڵێسەی ئاگر دێتە دەرەوە،
پریشکی ئاگری لێ دەبێتەوە.
20
لە کونە لووتییەوە دووکەڵ هەڵدەستێت،
هەروەک سووتانی قامیش لەبن مەنجەڵێکی لە کوڵ.
21
هەناسەی خەڵووز دادەگیرسێنێت،
گڕیش لە دەمیەوە دەڕژێت.
22
هێزەکەی لە ملیدایە،
لەبەردەمی هەڵوەستەی لێ دەکەن.
23
گۆشتەکەی قەدقەد پێکەوە نووساوە،
بەسەر لەشیدا داڕێژراوە و ناجوڵێتەوە.
24
سەرسەختە،
بە جەرگ و چاونەوترسە.
25
کە هەڵدەستێت بەهێزان دەتۆقن،
لە ترسی خۆڕاتەکاندنەکەی پەنا دەگرن.
26
شمشێری بەر دەکەوێت بەڵام نایپێکێت،
نە ڕم و نە تیر.
27
ئاسن لەلای وەک کا وایە،
بڕۆنزیش وەک داری کلۆر.
28
تیری کەوانەکان نایبەزێنن؛
بەردی بەردەقانییەکان بەلایەوە وەک پووشن.
29
گورز لەلای وەک کایە؛
بە ڕاوەشاندنی ڕم پێدەکەنێت.
30
ژێری پارچە گۆزەی تیژە،
جەنجەڕ بەسەر قوڕدا ڕادەکێشێت.
31
وا دەکات قووڵایی وەک مەنجەڵ بکوڵێت،
دەریا وەک هیزەی زەیت لێ دەکات.
32
لەدوای خۆی هێڵێکی سپی درەوشاوە بەجێدەهێڵێت،
شەپۆلەکان وەک پرچی سپی لێ دەکات.
33
لەسەر زەوی هاوشێوەی نییە،
بۆ نەترسان دروستکراوە.
34
بە سووکییەوە تەماشای لووتبەرزەکان دەکات؛
پاشای هەموو لەخۆباییەکانە.»
  1. a. 41‏:1 گیانلەبەرێکی گەورەیە لەناو دەریا دەژیێت.‏