عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
«ئێستا بانگ بکە، بزانە کێ وەڵامت دەداتەوە؟
ڕوو لە کام لە پیرۆزان دەکەیت؟
2
قین گێل دەکوژێت و
بەغیلیش ساویلکە دەمرێنێت.
3
من گێلێکم بینی ڕەگی داکوتا،
بەڵام لەناکاو ماڵەکەی بە نەفرەت کرا:
4
با کوڕەکانی لە ئاسوودەیی بەدوور بن،
لە دادگا تێکبشکێنرێن و کەس فریایان نەکەوێت.
5
دروێنەکەیان کەسانی برسی دەیخۆن،
ئەگەر لەناو دڕکیش بێت هەر دەیبەن،
تینووش سامانەکەی هەڵدەقورتێنێت،
6
چونکە بەڵا لەناو خۆڵەوە دەرناچێت و
چەرمەسەریش لە زەوییەوە ناڕووێت.
7
بەڵام مرۆڤ بۆ چەرمەسەری لەدایک دەبێت،
وەک چۆن پریشکی ئاگر هەڵدەستێت.
8
«بەڵام ئەگەر من لە جێی تۆ بوومایە داوام لە خودا دەکرد و
کێشەی خۆمم دەدایە دەست ئەو.
9
ئەوەی کارە مەزنەکانی کردووە کە ناپشکێنرێن و
کارە سەرسوڕهێنەرەکان کە لە ژماردن نایەن.
10
ئەوەی باران بەسەر ڕووی زەویدا دەبارێنێت و
ئاو بۆ سەر ڕووی دەشتودەر دەنێرێت.
11
ئەوەی بێفیزەکان بەرزدەکاتەوە،
هەروەها خەمبارەکان بەرەو دڵنیایی دەبات.
12
ئەو تەگبیری تەڵەکەبازان پووچ دەکاتەوە
بۆ ئەوەی هیچ کارێک لەسەر دەستی ئەوان سەرکەوتوو نەبێت.
13
ئەوەی داناکان بە فێڵبازی خۆیانەوە دەگرێت،
ڕاوێژی تەڵەکەبازان ڕادەماڵێت.
14
لە ڕۆژدا تاریکی بەسەریاندا دێت،
لە نیوەڕۆشدا بە پەلکوتان دەڕۆن وەک بە شەو.
15
ئەو نەدار لە دەمی خراپەکار و
لە دەستی ستەمکار ڕزگار دەکات.
16
جا زەلیل بە هیوا دەبێت و
ناڕەوا دەمی دادەخات.
17
«سەرزەنشتکردن لەلایەن خوداوە بەرەکەتە،
لەبەر ئەوە تەمبێکردنی خودای هەرە بەتوانا ڕەت مەکەرەوە.
18
لەبەر ئەوەی ئەو بریندار دەکات و برینیش ساڕێژ دەکات،
وردوخاش دەکات و بە دەستەکانی خۆی دەیگرێتەوە.
19
لە شەش بەڵا ڕزگارت دەکات و
لە حەوتەمیش خراپەت لێ ناکەوێت.
20
لە قاتوقڕیدا لە مردن دەتکڕێتەوە و
لە جەنگیشدا لە دەمی شمشێر.
21
لە خەنجەری زمان پارێزراو دەبیت،
کە وێرانە ڕووت تێ دەکات ناترسیت.
22
بە وێرانی و قاتوقڕی پێدەکەنیت و
لە ئاژەڵە دڕندەکان ناترسیت،
23
چونکە لەگەڵ بەردەکانی دەشتودەر پەیمانت دەبێت و
ئاژەڵە کێوییەکان ئاشتیت لەگەڵ دەبەستن.
24
جا دەزانیت کە ڕەشماڵەکەت سەلامەتە و
سەرژمێری ماڵەکەت دەکەیت و هیچت ون نەبووە.
25
ئەو کاتە دەزانیت کە منداڵت چەند زۆر دەبن و
نەوەکانت وەک گیای زەوی دەبن.
26
لەوپەڕی تەندروستیدا دەچیتە ناو گۆڕەوە
وەک هەڵگرتنی کۆڵێک لە کاتی خۆیدا.
27
«ئێمە لەمە وردبووینەوە و بینیمان کە ڕاستە،
جا تۆش گوێ بگرە و لە ژیانی خۆتدا پەیڕەوی بکە.»