عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
حوکمی نەتەوەکان 
1
«لەو ڕۆژانەدا و لەو کاتەدا،
کاتێک ڕاپێچکراوەکانی یەهودا و ئۆرشەلیم دەگەڕێنمەوە،
2
هەموو نەتەوەکان خڕدەکەمەوە و
دەیانبەمە خوارەوە بۆ دۆڵی یەهۆشافات[a] .
لەوێدا دادگاییان دەکەم،
لەسەر گەلەکەم و میراتەکەم، ئیسرائیل،
کە لەنێو نەتەوەکاندا پەرتوبڵاویان کردنەوە و
زەوییەکەی منیان دابەش کرد.
3
لەسەر گەلەکەم تیروپشکیان کرد،
منداڵیان بۆ لەشفرۆش فرۆشت،
کچیان بۆ شەراب فرۆشت
بۆ ئەوەی بیخۆنەوە.
4
«ئەی سور و سەیدا و هەموو ناوچەکانی فەلەستیە، ئیتر ئێوە چیتان لە دژی من هەیە؟ ئایا تۆڵەم لێ دەستێننەوە؟ جا ئەگەر تۆڵەم لێ بستێننەوە، بە پەلە و خێرا بەسەر خۆتانیدا دەهێنمەوە،
5
چونکە ئێوە زێڕ و زیوەکەی منتان برد و گەنجینە باشەکانی منتان بردە ناو پەرستگاکانی خۆتان.
6
نەوەی یەهودا و نەوەی ئۆرشەلیمتان بە نەوەی یۆنانییەکان فرۆشت، تاکو لە نیشتیمانی خۆیان دووریان بخەنەوە.
7
«ببینن، من لەو شوێنەوە کە ئەوانتان پێی فرۆشتبوو هەڵیاندەستێنم، ئەوەی کردبووتان بەسەر خۆتانیدا دەهێنمەوە.
8
کوڕ و کچەکانتان دەفرۆشمە نەوەی یەهودا، ئەوانیش دەیانفرۆشنە سەبئییەکان، نەتەوەیەکی دوور.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
9
ئەمە لەنێو نەتەوەکاندا ڕابگەیەنن:
خۆتان بۆ جەنگێک ئامادە بکەن!
پاڵەوانەکان هەڵتسێنن!
با هەموو جەنگاوەران پێشبکەون و هێرش بکەن.
10
گاسنەکانتان بکوتن و بیکەنە شمشێر،
داسەکانیشتان بکەنە ڕم.
با لاواز بڵێت،
«من پاڵەوانم!»
11
ئەی هەموو نەتەوەکانی دەوروبەر، بە پەلە وەرن،
لەوێدا کۆببنەوە.
ئەی یەزدان، پاڵەوانەکانت دابەزێنە!
12
«نەتەوەکان هەڵدەستن و دێن،
بۆ دۆڵی یەهۆشافات،
چونکە لەوێدا دادەنیشم بۆ دادگاییکردنی
هەموو نەتەوەکانی دەوروبەر.
13
داسەکە ڕاوەشێنن،
چونکە دروێنەکە پێگەیشتووە.
وەرن ترێ بپڵیشێننەوە،
چونکە گوشەرەکە پڕ بووە،
قەڕابەکە سەرڕێژ دەبێت،
چونکە خراپەیان زۆرە!»
14
«لە دۆڵی بڕیار
کۆمەڵ، کۆمەڵ!
چونکە ڕۆژی یەزدان نزیکە
لە دۆڵی بڕیار.
15
خۆر و مانگ تاریک دەبن و
ئەستێرەکان تروسکایی خۆیان ڕادەگرن.
16
یەزدانیش لە سییۆنەوە دەنەڕێنێت،
لە ئۆرشەلیمەوە دەنگی بەرز دەکاتەوە،
ئاسمان و زەوی دەهەژێن.
بەڵام یەزدان پەناگایە بۆ گەلەکەی خۆی،
قەڵایە بۆ نەوەی ئیسرائیل.
بەرەکەتی سەر گەلی خودا 
17
«ئیتر دەزانن کە من یەزدانی پەروەردگارتانم،
لە سییۆن نیشتەجێم، کێوی پیرۆزم.
ئۆرشەلیمیش پیرۆز دەبێت؛
لەمەودوا بێگانە بەناویدا تێناپەڕێت.
18
«لەو ڕۆژەدا چیاکان خۆشاوی ترێیان لێ دەتکێت،
گردەکان شیریان لێ دەڕژێت؛
هەموو کەندەکانی یەهودا ئاویان لەسەر دەڕژێت،
کانییەک لە ماڵی یەزدانەوە هەڵدەقوڵێت،
دۆڵی شەتیم[b] ئاو دەدات.
19
بەڵام میسر وێران دەبێت،
ئەدۆمیش دەبێتە چۆڵەوانییەکی وێران،
لەبەر ئەوەی ستەمیان لە نەوەی یەهودا کرد،
خوێنی بێتاوانیان لە خاکەکەیاندا ڕشت.
20
یەهوداش هەتاهەتایە ئاوەدان دەبێت،
ئۆرشەلیمیش نەوە دوای نەوە.
21
لەو خوێنڕشتنەیان خۆشدەبم
کە پێشتر لێی خۆش نەببووم.»
یەزدانیش لە سییۆن نیشتەجێ دەبێت!

  1. a. 3‏:2 لە عیبری بە واتای خودا دادگایی دەکات.‏
  2. b. 3‏:18 یان: دۆڵی داری ئەکاسیا، شوێنێکی وشک و بێ ئاو بووە.‏