عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
هەڵاتنی یونس لە ئەرکەکەی 
1
فەرمایشتی یەزدان بۆ یونسی کوڕی ئەمیتەی[a] هات، پێی فەرموو:
2
«هەستە بڕۆ بۆ شاری مەزنی نەینەوا و بانگەوازی دژایەتی بکە، چونکە خراپەکانیان بەرز بووەتەوە بۆ بەردەمم.»
3
یونسیش بۆ ئەوەی لە یەزدان هەڵبێت دەستی بە گەشتێک کرد بۆ تەرشیش. سەرەتا چوو بۆ بەندەری یافا و کەشتییەکی دۆزییەوە کە دەچووە تەرشیش، کرێیەکەی دا و سوار بوو، بۆ ئەوەی لەگەڵیان بچێتە تەرشیش و خۆی لە ڕووی یەزدان بدزێتەوە.
4
یەزدانیش بایەکی مەزنی بۆ سەر دەریاکە نارد و ڕەشەبایەکی مەزن لە دەریاکە هەڵیکرد، خەریک بوو کەشتییەکە پارچەپارچە بێت.
5
کەشتیوانەکان ترسان، هەریەکەیان هاواری بۆ خوداوەندەکەی خۆی کرد، ئەو شتانەی کە لەناو کەشتییەکەدا بوون فڕێیان دایە ناو دەریاکە، بۆ ئەوەی باری خۆیان سووک بکەن.
کەچی یونس چوو بووە نهۆمی خوارەوەی کەشتییەکە و پاڵکەوتبوو، لە خەوێکی قووڵدا بوو.
6
سەرۆکی سەوڵ لێدەرەکان چووە لای و پێی گوت: «ئەوە بۆچی نوستوویت؟ هەستە هاوار بکە بۆ خوداوەندەکەت، بەڵکو ئاوڕمان لێ بداتەوە و لەناونەچین.»
7
ئینجا کەشتیوانەکان بە یەکتریان گوت: «وەرن با تیروپشک بکەین، بۆ ئەوەی بزانین ئەم بەڵایە بەهۆی کێیە.» ئیتر تیروپشکیان کرد و کەوتە سەر یونس.
8
لێیان پرسی: «پێمان بڵێ بەهۆی کێ تووشی ئەم بەڵایە بووین؟ ئیشت چییە و لەکوێوە هاتوویت؟ سەر بە چ خاکێکیت و لە چ نەتەوەیەکیت؟»
9
ئەویش وەڵامی دانەوە: «من عیبرانیم و لە یەزدان دەترسم، خودای ئاسمان، ئەوەی دەریا و وشکانیی دروستکردووە.»
10
پیاوەکان ترسێکی زۆریان لێ نیشت و لێیان پرسی: «بۆچی ئەمەت کرد؟» پیاوەکان زانییان کە لە یەزدان هەڵاتووە، چونکە پێشتر پێی گوتبوون.
11
لێیان پرسی: «چیت لێ بکەین بۆ ئەوەی دەریاکە هێمن بێتەوە؟» چونکە دەریاکە زیاتر هەڵدەچوو.
12
ئەویش وەڵامی دانەوە: «بمبەن و فڕێمبدەنە ناو دەریاکەوە، ئیتر دەریاکەتان لێ هێمن دەبێتەوە، چونکە من دەزانم بەهۆی منەوەیە ئەم ڕەشەبا مەزنەتان لەسەرە.»
13
بەڵام پیاوەکان زیاتر و زیاتر سەوڵیان لێدەدا بۆ ئەوەی کەشتییەکە بگەڕێننەوە بۆ وشکانی، کەچی نەیانتوانی، چونکە دەریاکە زیاتر هەڵدەچوو.
14
ئیتر هاواریان بۆ یەزدان کرد و گوتیان: «ئای ئەی یەزدان، با لەناونەچین، لەبەر گیانی ئەم پیاوە خوێنی بێتاوانێک مەخەرە ئەستۆمان. ئەی یەزدان، ئەوەی ویستت کردت.»
15
ئینجا یونسیان گرت و فڕێیان دایە ناو دەریاکەوە، ئیتر هاژەی دەریاکە هێمن بووەوە.
16
پیاوەکان زۆر لە یەزدان ترسان و قوربانییان بۆ یەزدان سەربڕی و نەزریان[b] کرد.
17
یەزدانیش ماسییەکی ئامادە کرد کە زۆر گەورە بوو بۆ ئەوەی یونس قووت بدات، ئیتر یونس سێ شەو و سێ ڕۆژ لەناو سکی ماسییەکەدا مایەوە.
  1. a. 1‏:1 بڕوانە دووەم پاشاکان 14‏:25.‏
  2. b. 1‏:16 نەزر: داوا لە خودا دەکرێت بۆ ئەنجامدانی کارێک و پابەند دەکرێت بە مەرجێکەوە. ئەگەر خودا ئەو کارە بکات، ئەوا دەرئەنجام ئەمیش ئەو کارە ئەنجام دەدات کە پێیەوە پابەندی کردووە. بڕوانە سەرژمێری 21‏:2‏‏.‏