عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
بەزاندنی پاشاکانی باکوور 
1
ئینجا کاتێک یاڤینی پاشای حاچۆر ئەمەی بیستەوە، نێردراوی نارد بۆ لای یۆڤاڤی پاشای مادۆن و پاشای شیمرۆن و پاشای ئەکشاف و
2
ئەو پاشایانەی لە باکوور لە چیان و لە دەشتایی عەراڤا خوارووی کینەرەت و لە زوورگەکانی خۆرئاوا و لە بەرزاییەکانی دۆرە لە ڕۆژئاوا،
3
کەنعانییەکان لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، ئەمۆری و حیتی و پریزی و یەبوسییەکان لە ناوچە شاخاوییەکان و حیڤییەکانی بناری حەرمۆن لە خاکی میچپا.
4
جا خۆیان و هەموو لەشکرەکانیان لەگەڵیان هاتنە دەرەوە، سوپایەکی گەورە وەک لمی کەناری دەریا، بە ئەسپ و گالیسکەیەکی زۆر زۆرەوە.
5
ئینجا هەموو ئەو پاشایانە لە کاتی دیاریکراودا کۆبوونەوە و هاتن، لەلای جۆگەی مێرۆم چادریان هەڵدا بۆ ئەوەی لە دژی ئیسرائیل بجەنگن.
6
یەزدانیش بە یەشوعی فەرموو: «لێیان مەترسە، چونکە سبەینێ لەم کاتەدا هەموویان بە کوژراوی فڕێدەدەمە بەردەم ئیسرائیل، جا دەماری پێی ئەسپەکانیان ببڕەوە و گالیسکەکانیان بە ئاگر بسووتێنە.»
7
ئینجا یەشوع و هەموو جەنگاوەرەکان لەگەڵیدا لەناکاو لە نزیک جۆگەی مێرۆم هاتنە سەریان.
8
یەزدانیش ئەوانی دایە دەست ئیسرائیل، ئەوانیش لێیان دان و دەریانپەڕاندن هەتا سەیدائی مەزن و میسرەفۆت مەیم و دۆڵی میچپا لە ڕۆژهەڵات، جا لێیان دان هەتا کەسیان لێیان نەهێشت.
9
یەشوع ئەوەی پێکردن کە یەزدان پێی فەرموو، دەماری پێی ئەسپەکانی ئەوانی بڕی و گالیسکەکانی سووتاندن.
10
ئینجا لەو کاتەدا یەشوع گەڕایەوە و شاری حاچۆری گرت و بە شمشێر لە پاشاکەی دا. پێشتر حاچۆر پایتەختی هەموو ئەو پاشایەتییانە بوو.
11
هەموو گیانێک کە تێیدابوو دایانە بەر زەبری شمشێر، بە تەواوی قڕیان کردن[a] و هەناسەیەکی تێدا نەما، حاچۆریشیان سووتاند.
12
ئینجا یەشوع هەموو ئەو شارانەی کە پاشایان هەبوو بە پاشاکانیانەوە گرتی و دایە بەر زەبری شمشێر، بە تەواوی قڕی کردن، هەروەک موسای بەندەی یەزدان فەرمانی دابوو.
13
بەڵام ئیسرائیل ئەو شارانەی نەسووتاند کە لەسەر گردەکان بوون، تەنها حاچۆر، یەشوع بە تەنها ئەوی سووتاند.
14
نەوەی ئیسرائیل هەموو دەستکەوتەکانی ئەو شارانە و ئاژەڵە ماڵییەکانیان بۆ خۆیان تاڵان کرد. بەڵام هەموو دانیشتووانەکانیان دایە بەر شمشێر هەتا بە تەواوی لەناویانبردن، هیچ زیندووێکیان تێدا نەهێشتەوە.
15
هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسای بەندەی کردبوو، موساش ئاوا فەرمانی بە یەشوع کرد و یەشوعیش ئاوای کرد، هیچ شتێکی پشتگوێ نەخست، لە هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا کردبوو.
16
جا یەشوع هەموو ئەو خاکانەی گرت: ناوچە شاخاوییەکە و هەموو نەقەب و هەموو خاکی گۆشەن و زوورگەکانی خۆرئاوا و دەشتایی عەراڤا و چیاکانی ئیسرائیل و زوورگەکانی،
17
لە کێوی حالاقەوە کە بەرەو سێعیر سەردەکەوێت هەتا بەعل‌گاد لە دۆڵی لوبنان لە بناری چیای حەرمۆن، هەموو پاشاکانیشی گرتن و لێیدان و کوشتنی.
18
یەشوع ماوەیەکی زۆر لەگەڵ ئەو پاشایانەدا جەنگا،
19
هیچ شارێک پەیمانی ئاشتیی لەگەڵ ئیسرائیلدا نەبەست، تەنها حیڤییەکانی دانیشتووی گبعۆن نەبێت، بەڵکو هەموویانی بە جەنگ گرت،
20
چونکە یەزدان خۆی دڵیانی ڕەقکردبوو، هەتا لە جەنگدا بەرەنگاری ئیسرائیل ببنەوە، جا قڕ بکرێن و بەزەییان بەسەرەوە نەبێت، بەڵکو بە تەواوی لەناویان ببات، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کردبوو.
21
لەو کاتەدا یەشوع چوو و عەناقییەکانی لە کێوی حەبرۆن و دەڤیر و عەناڤ و هەموو ناوچە شاخاوییەکانی یەهودا و هەموو ناوچە شاخاوییەکانی ئیسرائیل بنبڕ کرد. یەشوع لەگەڵ شارۆچکەکانیاندا بە تەواوی قڕی کردن.
22
جا لە خاکی نەوەی ئیسرائیلدا عەناقییەکان نەمان، بەڵام هەندێکیان لە غەزە و گەت و ئەشدۆد مانەوە.
23
ئینجا یەشوع هەموو خاکەکەی گرت، بەپێی هەموو ئەوەی یەزدان بە موسای فەرمووبوو، یەشوع بەگوێرەی بەش و هۆزەکانیان بە میرات بە ئیسرائیلی دا.
ئینجا خاکەکە لە جەنگ پشووی دا.
  1. a. 11‏:11 لە زمانی عیبری ئەم زاراوەیە دەگەڕێتەوە بۆ شتێک یان کەسێک کە دەبەخشرێت بە یەزدان، زۆر جار بەخشینەکە بە تەواوی لە ناودەبردرێت.‏