عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
دابەشکردنی خاکی ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردون 
1
لە خاکی کەنعان، نەوەی ئیسرائیل ئەمەیان بۆ بوو بە میرات، ئەوەی ئەلعازاری کاهین و یەشوعی کوڕی نون و سەرۆکەکانی باوکانی هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل بەسەریاندا دابەشکردن وەک میرات.
2
میراتەکەیان بە تیروپشک بوو بۆ نۆ هۆزەکە و نیو هۆزەکە، هەروەک یەزدان لە ڕێگەی موساوە فەرمانی دا.
3
موسا میراتی دوو هۆزەکە و نیو هۆزەکەی لەوبەری ڕووباری ئوردوندا بەلای ڕۆژهەڵاتدا دابوو، بەڵام لەناو ئەواندا هیچ میراتی بە لێڤییەکان نەدا،
4
چونکە نەوەی یوسف دوو هۆز بوون، مەنەشە و ئەفرایم. لە خاکەکەدا هیچ بەشێکیان بە لێڤییەکان نەدا، تەنها چەند شارۆچکەیەک نەبێت بۆ نیشتەجێبوون و دەوروبەری شارۆچکەکان، بۆ لەوەڕگای ڕەشەوڵاخ و مەڕوماڵاتیان.
5
هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کردبوو، نەوەی ئیسرائیل ئاوایان کرد و خاکەکەیان دابەش کرد.
حەبرۆن بە کالێب دەدرێت 
6
ئینجا نەوەی یەهودا لە گلگالدا چوونە پێش بۆ لای یەشوع، کالێبی کوڕی یەفونەی قەنیزی بە یەشوعی گوت: «تۆ ئەو قسەیە دەزانیت کە یەزدان لە قادێش بەرنێعدا لەبارەی من و تۆوە بە موسای پیاوی خودای فەرموو.
7
لەو کاتەدا کە موسای بەندەی یەزدان منی لە قادێش بەرنێعەوە نارد بۆ ئەوەی سیخوڕیێتیی خاکەکە بکەم، تەمەنم چل ساڵ بوو، منیش گەڕامەوە و ئەو هەواڵەی لە دڵمدا بوو پێم ڕاگەیاند.
8
هەرچەندە براکانم ئەوانەی لەگەڵ من بوون گەلیان ترساند، بەڵام من بە هەموو دڵمەوە بەدوای یەزدانی پەروەردگارم کەوتم.
9
جا موسا لەو ڕۆژە سوێندی خوارد: ”ئەو خاکەی تۆ پێت نایە سەری هەتاهەتایە دەبێتە میراتی خۆت و کوڕەکانت، چونکە بە هەموو دڵتەوە بەدوای یەزدانی پەروەردگارم کەوتیت.“[a]
10
«ئێستا تەماشا بکە، یەزدان هەروەک فەرمووی، ئەم چل و پێنج ساڵە منی بە زیندوویی هێشتووەتەوە، لەو کاتەوە کە یەزدان بەم قسانە لەگەڵ موسادا دوا، کاتێک ئیسرائیل بە چۆڵەوانیدا ڕۆیشت. ئێستاش ئەوەتا تەمەنم هەشتا و پێنج ساڵە!
11
هێشتا هەتا ئەمڕۆش هێزم لەبەردا ماوە، هەروەک ئەو ڕۆژەی کە موسا منی نارد، ئەو کاتە هێزم چۆن بوو، ئێستاش هەمان هێزی چوونە ناو جەنگم هەیە.
12
ئێستاش ئەم ناوچە شاخاوییانەم بدەرێ کە یەزدان لەو ڕۆژەدا بەڵێنی پێدام، چونکە تۆ لەو ڕۆژەدا بیستت کە عەناقییەکان لەوێن و شارەکانیان گەورە و قەڵابەند بوون. بەڵکو یەزدان یارمەتیم بدات، جا دەریاندەکەم، هەروەک یەزدان فەرمووی.»
13
یەشوعیش داوای بەرەکەتی بۆ کالێبی کوڕی یەفونە کرد و حەبرۆنی بە میرات پێدا.
14
لەبەر ئەوە حەبرۆن بووە میراتی کالێبی کوڕی یەفونەی قەنیزی هەتا ئەمڕۆش، چونکە بە هەموو دڵییەوە بەدوای یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل کەوت.
15
حەبرۆنیش پێشتر ناوی قیریەت ئەربەع بوو، ئەربەعیش گەورەترین پیاو بوو لەناو عەناقییەکان.
ئینجا خاکەکە لە جەنگ پشووی دا.
  1. a. 14‏:9 بڕوانە دواوتار 1‏:36‏.‏