عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
چۆن پەروەردگار سییۆنی کچی داپۆشی
بە هەوری تووڕەییەکەی!
لە ئاسمانەوە شکۆی ئیسرائیلی فڕێدا
بۆ سەر زەوی،
لە ڕۆژی تووڕەییدا
تەختەپێی خۆی بەبیر نەهێنایەوە.
2
پەروەردگار بەزەیی نەهاتەوە،
هەموو نشینگەکانی یاقوبی هەڵلووشی،
بە تووڕەیی خۆی
قەڵاکانی یەهودای کچی ڕووخاند.
پاشایەتی و میرەکانی زەلیل کرد
دایگرتنە سەر زەوی.
3
بە گڕی تووڕەیی خۆی بڕییەوە
هەموو هێزی ئیسرائیل.
دەستی ڕاستی بەرەو دواوە کێشایەوە
لەبەردەم دوژمن.
ئاگرێکی بەتینی لەناو یاقوبدا داگیرساند،
هەموو دەوروبەرەکەی دەخوات.
4
وەک دوژمنێک کەوانەکەی خۆی ڕاکێشا،
دەستی ڕاستی ئامادە کرد.
وەک ناحەز لەناوی برد
هەموو ئەوەی چاو ئارەزووی دەکرد.
لەناو چادرەکەی سییۆنی کچ
تووڕەیی خۆی وەک ئاگر ڕشت.
5
پەروەردگار وەک دوژمنی لێهات،
ئیسرائیلی هەڵلووشی.
هەموو کۆشکەکانی ئەوی هەڵلووشی،
قەڵاکانی ڕووخاند.
شیوەن و ماتەمی زۆر کرد
بۆ یەهودای کچ.
6
کەپرەکەی تێکدا، وەک باخچەیەک نەما،
شوێنی کۆبوونەوەکەی ڕووخاند.
یەزدان وای کرد سییۆن لەبیری بچێتەوە
ڕۆژی شەممە و جەژنەکان.
بە تووڕەیی خۆی
پاشا و کاهینی ڕەتکردەوە.
7
پەروەردگار قوربانگاکەی خۆی ڕەتکردەوە،
وازی لە پیرۆزگاکەی خۆشی هێنا.
دیواری کۆشکەکانی
ڕادەستی دوژمنەکانی کرد.
لەناو ماڵی یەزدان دەنگیان هەڵبڕی
وەک لە ڕۆژی جەژندا.
8
شووراکانی سییۆنی کچ
یەزدان مەبەستی بوو بیڕووخێنێت.
بە گوریس پێوای و
دەستی لە وێرانکردنی نەگێڕایەوە.
سەنگەر و دیواری هێنایە گریان و
پێکەوە ڕووخان.
9
دەروازەکانی نوقومی زەوی بوون،
شمشیرەکانی[a] لەناوبرد و شکاندی.
پاشا و میرەکانی بۆ نێو گەلان ڕاپێچ کراون،
فێرکردنی موسا نەماوە،
هەروەها پێغەمبەرەکانیشی
هیچ بینینێکیان لەلایەن یەزدانەوە بۆ ئاشکرا نەکراوە.
10
پیرەکانی شاری سییۆن
بە کپی لەسەر زەوی دادەنیشن،
خۆڵ بەسەر سەریاندا دەکەن،
جلوبەرگی گوش[b] لەبەر دەکەن.
پاکیزەکانی ئۆرشەلیم
سەریان دادەنەوێنن.
11
چاوەکانم ماندووبوون لە فرمێسک ڕشتن،
دڵم توندە،
جەرگ بڕاوم
لەبەر ئەوەی گەلەکەم وێران بوو،
لەبەر بوورانەوەی منداڵان و شیرەخۆران
لەناو گۆڕەپانەکانی شاردا.
12
بە دایکیان دەڵێن:
«کوا نان و ئاو[c] ؟»
کاتێک وەک بریندار
لەناو گۆڕەپانەکانی شاردا دەبوورێنەوە،
کاتێک ڕۆحیان دەردەچێت
لەناو باوەشی دایکیان.
13
چیت پێ بڵێم؟
ئەی ئۆرشەلیمی کچ،
بە چیت بچووێنم؟
بە چی بەراوردت بکەم،
بۆ ئەوەی دڵت بدەمەوە،
ئەی سییۆنی کچە پاکیزە؟
وێران بوونت وەک دەریا قووڵە.
کێ دەتوانێت چاکت بکاتەوە؟
14
بینینی خودایی بۆ پێغەمبەرەکانت
درۆ و فریودەر بوو،
تاوانی تۆیان دەرنەخست
بۆ ئەوەی لە ڕاپێچکردن بتپارێزن.
بەڵکو سروشی[d]
درۆ و هەڵخەڵەتێنەریان بە تۆ گەیاند.
15
هەموو ئەوەی بەوێدا تێدەپەڕێت
بە گاڵتەپێکردنەوە چەپڵەت بۆ لێدەدات،
فیکە لێ دەدەن و سەر بادەدەن
لەبەر ئۆرشەلیمی کچ،
دەڵێن: «ئەمە شارەکەیە
کە پێی دەگوترا تەواوی جوانی و
مایەی دڵخۆشی هەموو زەوییە؟»
16
هەموو دوژمنەکانت
دەمیان لێت دەکرێتەوە،
فیشکەیان دێت و ددانیان لێت جیڕدەکەنەوە،
دەڵێن: «هەڵمانلووشی.
بێگومان ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە چاوەڕوانی بووین،
پێی گەیشتین و بینیمان.»
17
یەزدان ئەوەی مەبەستی بوو کردی،
قسەی خۆی بەجێگەیاند،
ئەوەی لە ڕۆژانی کۆنەوە بەڵێنی پێیدا.
بەبێ بەزەیی تۆی ڕووخاند،
دوژمنی پێت خۆشکرد،
هێزی ناحەزانی تۆی پتەو کرد.
18
دڵی خەڵکەکە
بۆ پەروەردگار هاوار دەکات.
ئەی شووراکانی سییۆنی کچ،
با فرمێسکەکانت وەک ڕووبار بڕژێت
بە شەو و بە ڕۆژ.
خۆت مەبووژێنەوە،
چاوەکانت پشوو نەدات.
19
هەستە، بە شەو هاوار بکە،
لەگەڵ دەستپێکردنی ئێشکگرتن.
وەک ئاو دڵت هەڵبڕێژە
لەبەردەم پەروەردگار.
دەستت بۆی بەرز بکەوە
لە پێناوی ژیانی منداڵەکانت،
ئەوانەی لە برسان بووراونەتەوە
لەسەر سووچی هەموو شەقامەکان.
20
«ئەی یەزدان، ببینە و تێڕابمێنە،
ئەمەت بە کێ کردووە؟
ئایا ژن بەری سکی خۆی دەخوات،
منداڵی باوەشی؟
ئایا کاهین و پێغەمبەر
لە پیرۆزگای پەروەردگار دەکوژرێت؟
21
«گەنج و پیر پێکەوە پاڵکەوتن
لەسەر زەوی شەقامەکان،
پاکیزە و لاوەکانم
بە شمشێر کوژراون.
لە ڕۆژی تووڕەییتدا ئەوانت کوشت،
ئەوانت بەبێ بەزەیی سەربڕی.
22
«هەروەک بۆ ڕۆژی جەژن بانگهێشتت کردبن،
ئاوا لە دژی من لە هەموو لایەکەوە بانگی تۆقینت کرد.
لە ڕۆژی تووڕەیی یەزدان
کەس ڕاینەکرد و کەس دەرباز نەبوو،
ئەوانەی لە باوەشم کردن و بەخێوم کردن،
دوژمن لەناوی بردن.»
  1. a. 2‏:9 شمشیر، پارچە دارێک بووە لە جیاتی قوفڵ لە دواوەی دەرگا بە شێوەی ئاسۆیی دانراوە بۆ داخستنی دەرگا.‏
  2. b. 2‏:10 لە کاتی ماتەمگێڕان و تۆبەکردندا جلوبەرگی لە گوش دروستکراویان لەبەرکردووە کە ئەزیەتی پێستیانی داوە.‏
  3. c. 2‏:12 عیبری: نان و شەراب، دەربڕینێکە مەبەستی لێی خۆراکە بۆ بژێوی مرۆڤ.‏
  4. d. 2‏:14 ‏فەرموودەیەکی خودایە کە لە ڕێگای ڕۆحی پیرۆزەوە بۆ مرۆڤ هاتبێت.‏