عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
من ئەو پیاوەم کە زەلیلیم بینی
بە گۆچانی تووڕەیی ئەو.
2
منی بە پێش خۆی دا و
منی بە تاریکاییدا برد، بەبێ هیچ ڕووناکییەک.
3
بێگومان، دەستی لە دژی من بەرزدەکاتەوە
بە بەردەوامی و بە درێژایی ڕۆژ.
4
گۆشت و پێستی منی پیرکرد،
ئێسکەکانی شکاندم.
5
دەوری گرتم و گەمارۆی دام
بە ژەهر و ناخۆشی.
6
ناچاری کردم لەناو تاریکیدا نیشتەجێ بم
وەک ئەوانەی لەمێژە مردوون.
7
لەناو پەرژینێک بەندی کرد بۆ ئەوەی نەتوانم هەڵبێم،
زنجیرەکانی منی قورس کرد.
8
هەروەها کاتێک هاوار دەکەم و داوای فریاکەوتن دەکەم،
بەڵام نزاکانم ڕادەگرێت.
9
بەردی تاشراوی کەڵەکە کرد و ڕێگای منی پێ گرت،
ڕێڕەوەکانی منی خواروخێچ کرد.
10
وەک ورچێک بۆم لە بۆسەدایە،
وەک شێرێک خۆی مات دەکات،
11
منی لەڕێ لادا و پارچەپارچەی کردم،
منی وێران کرد.
12
کەوانەکەی ڕاکێشا
منی کردە نیشانەی تیرەکانی.
13
تیرەکانی تیردانەکەی
لە دڵم چەقاند.
14
هەموو گەلەکەم سووکایەتیم پێ دەکەن،
بە درێژایی ڕۆژ بە گۆرانی گاڵتەم پێ دەکەن.
15
تێری کردم لە تاڵی،
زەقنەبووتی دەرخوارد دام.
16
بە چەو ددانەکانی منی وردوخاش کرد،
منی لەناو خۆڵەمێش پەستایەوە.
17
من لە ئاشتی بێبەش کراوم،
سەرکەوتنم لەبیرچووەوە.
18
ئینجا گوتم، «شکۆمەندیم نەما،
هەروەها هیوام بە یەزدان بڕا.»
19
دێتەوە بیرم، ڕۆژانی زەلیلی و سەرگەردانیم،
وەک ژەهر و زەقنەبووت بوون.
20
بە باشی بەبیرم دێتەوە،
لە ناخەوە ڕۆحم خەمبارە.
21
بەڵام ئەوە دەهێنمەوە یادم و
لەبەر ئەوە هیوام هەیە:
22
بەهۆی خۆشەویستی نەگۆڕی یەزدانە کە لەناونەچووین،
چونکە بەزەییەکەی تەواو نابێت.
23
ئەوانەت هەموو بەیانییەک نوێن؛
دڵسۆزییەکەت چەند گەورەیە.
24
بە خۆم دەڵێم: «یەزدان بەشی منە،
لەبەر ئەوە هیوام بەوە.»
25
یەزدان چاکە بۆ ئەوانەی هیوایان بەو هەیە،
بۆ ئەو کەسەی داوای ئەو دەکات.
26
باشە بۆ کەسێک بە بێدەنگی چاوەڕێ بکات
بۆ هاتنی ڕزگاریی یەزدان.
27
باشە پیاو نیر هەڵبگرێت
هەر لە تەمەنی منداڵییەوە.
28
با بە تەنها دانیشێت و بێدەنگ بێت،
چونکە یەزدان ئەمەی بەسەرهێناوە.
29
با سەری بخاتە ناو خاکوخۆڵ،
لەوانەیە هێشتا هیوای مابێت.
30
با ڕوومەتی بۆ ئەوە ڕابگرێت کە لێی دەدات،
با تێربێت لە ڕیسوایی.
31
چونکە کەس بۆ هەتاهەتایە
لەلایەن پەروەردگارەوە ڕەت ناکرێتەوە.
32
لەگەڵ ئەوەی دڵتەنگی دەهێنێت، میهرەبانیش نیشان دەدات،
بەپێی گەورەیی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی.
33
ئەو کەس لە دڵەوە زەلیل ناکات و
دڵتەنگی ناکات.
34
تێکشکاندنی دیلەکانی هەموو زەوی
لەژێر پێ،
35
یان بێبەشکردنی کەسێک لە مافی خۆی
لەبەردەم خودای هەرەبەرز،
36
یان بەدوورگرتنی مرۆڤ لە دادپەروەری،
ئایا پەروەردگار هەموو ئەمانە نابینێت؟
37
کێ دەتوانێت قسە بکات قسەکەی بێتەجێ،
ئەگەر پەروەردگار فەرمانی نەدابێت؟
38
ئایا ڕوودانی چاکە و خراپە
بە فەرمایشتی خودای هەرەبەرز نییە؟
39
بۆچی مرۆڤی زیندوو گلەیی بکات
کاتێک لەسەر گوناهەکانی سزا دەدرێت؟
40
با هەڵسوکەوتمان بپشکنین و تاقی بکەینەوە و
بگەڕێینەوە بۆ لای یەزدان.
41
با دڵ و دەستمان بەرزبکەینەوە
بۆ خودا لە ئاسمان، بڵێین:
42
«ئێمە گوناهمان کرد و یاخی بووین،
تۆش لێمان خۆش نەبوویت.
43
«خۆت بە تووڕەیی داپۆشی و ڕاوتناین،
بەبێ بەزەیی ئێمەت کوشت.
44
بە هەور خۆت داپۆشی
بۆ ئەوەی نوێژەکانمان نەگاتە لات.
45
ئێمەت کرد بە پاشەڕۆ و نەویستراو
لەنێو گەلان.
46
«هەموو دوژمنانمان
دەمیان لێمان کردەوە.
47
ترس و تەڵە باڵی بەسەرماندا کێشا،
لەناوچوون و وێرانی.»
48
چاوەکانم کانی فرمێسک هەڵدەڕێژن
لەبەر ئەوەی گەلەکەم لەناوچوون.
49
چاوەکانم فرمێسک هەڵدەڕێژن و ناوەستن
بەبێ پسانەوە،
50
تاوەکو یەزدان لە ئاسمانەوە
تەماشای خوارەوە بکات و ببینێت.
51
ئەوەی دەیبینم گیانم ئازار دەدات
لەبەر ئازاری کچانی شارەکەم.
52
ئەوانەی دوژمنی من بوون بەبێ هۆ
وەک چۆلەکە ڕاویان کردم.
53
بە زیندووێتی منیان فڕێدا ناو چاڵ،
بەردیان تێمگرت.
54
نوقومی ئاو بووم،
گوتم: «خەریکە بمرم.»
55
ئەی یەزدان، لە قووڵایی چاڵەوە
بە ناوی تۆوە نزا دەکەم.
56
گوێت لە دەنگم بوو:
«گوێت دامەخە کاتێک هاوار و هانات بۆ دەهێنم.»
57
ئەو ڕۆژەی نزام بۆ کردیت نزیک بوویتەوە،
فەرمووت: «مەترسە!»
58
ئەی پەروەردگار، بەرگریت لە کێشەی من کرد،
ژیانی منت کڕییەوە.
59
ئەی یەزدان، ستەمدیدەیی منت بینی.
دادوەری کێشەکەم بکە!
60
هەموو تۆڵەسەندنەوەکەی ئەوانت بینی،
هەموو پیلانەکانیان لە دژی من.
61
ئەی یەزدان، گوێت لە ڕیسواکردنەکەیان بوو،
هەموو پیلانەکانیان لە دژی من؛
62
ئەوەی دوژمنەکانم بە درێژایی ڕۆژ لە دژی من
باسی دەکەن و دەیچرپێنن.
63
تەماشایان بکە! هەستان و دانیشتنیان،
بە گۆرانییەکانیان گاڵتەم پێ دەکەن.
64
ئەی یەزدان، سزایان بدە،
بەپێی کردەوەکانی دەستیان.
65
پێچە لەسەر دڵیان دابنێ،
با نەفرەتت لەسەریان بێت!
66
بە تووڕەییەوە ڕاویان بنێ و لەناویان ببە
لەژێر ئاسمانی یەزداندا.