عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - پاکبوونەوە لە نەخۆشی گواستراوەی پێست
 - 1
 - هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
 - 2
 - «ئەمانە ڕێنماییەکانن دەربارەی ڕێوڕەسمی[a] پاکبوونەوە. کاتێک نەخۆشەکە دەهێنرێتە لای کاهین،
 - 3
 - کاهینەکەش دەچێتە دەرەوەی ئۆردوگاکە، جا ئەگەر کاهینەکە پشکنی کەسەکە چاک بووەتەوە لە نەخۆشی گواستراوەی پێست،
 - 4
 - کاهینەکە فەرمان دەدات کە دوو چۆلەکەی زیندووی پاک بۆ ئەو کەسەی کە پاک دەبێتەوە ببەن لەگەڵ پارچە دارێکی ئورز و بەنی سووری ئاڵ و زوفا.
 - 5
 - ئینجا کاهینەکە فەرمان دەدات کە یەکێک لە چۆلەکەکان لە گۆزەیەکی گڵین لەسەر ئاوێکی سازگار سەرببڕدرێت.
 - 6
 - بەڵام چۆلەکە زیندووەکە لەگەڵ پارچە دارە ئورزەکە و بەنە سوورە ئاڵەکە و زوفاکە دەبات و دەیانخاتە ناو خوێنی چۆلەکە سەربڕدراوەکەی سەر ئاوە سازگارەکە.
 - 7
 - حەوت جار بەسەر ئەو کەسەدا دەیپرژێنێت کە لە نەخۆشییە گواستراوەکە پاک دەبێتەوە و پاکی دەکاتەوە، ئینجا چۆلەکە زیندووەکە ڕووەو دەشتودەر بەڕەڵا دەکات.
 - 8
 - «جا ئەو کەسەی کە پاک دەبێتەوە پێویستە جلەکانی بشوات و هەموو مووی لەشی بتاشێت و بە ئاو خۆی بشوات. ئەو کاتە بەپێی ڕێوڕەسم پاک دەبێتەوە، ئینجا دێتە ناو ئۆردوگاکەوە، بەڵام حەوت ڕۆژ لە دەرەوەی چادرەکەی نیشتەجێ دەبێت.
 - 9
 - لە ڕۆژی حەوتەم سەری و ڕیشی و برۆکانی و هەموو مووەکانی دەتاشێت، پێویستە جلەکانیشی بشوات و خۆی بە ئاو بشوات، جا پاک دەبێتەوە.
 - 10
 - «ئینجا لە ڕۆژی هەشتەمدا دوو بەرخی نێری ساغ و بەرخێکی مێیەی یەک ساڵەی ساغ دەهێنێت، لەگەڵ سێ لە دەی ئێفەیەک[b] لە باشترین ئاردی پێشکەشکراوی دانەوێڵە کە بە زەیت شێلرابێت و هەروەها لۆگێک[c] زەیت.
 - 11
 - جا ئەو کاهینەی بە پاککردنەوەکە هەڵدەستێت، کەسە پاکبووەوەکە لەگەڵ قوربانی و پێشکەشکراوەکانی لەبەردەم یەزدان، لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن ڕادەگرێت.
 - 12
 - «ئینجا کاهینەکە یەکێک لە بەرخە نێرەکان دەبات و وەک قوربانی تاوان پێشکەشی دەکات لەگەڵ لۆگە زەیتەکە، لەبەردەم یەزدان بەرزی دەکاتەوە، وەک قوربانی بەرزکردنەوە.
 - 13
 - بەرخەکەش لەو شوێنە سەردەبڕێت کە قوربانی گوناه و قوربانی سووتاندنی تێدا سەردەبڕدرێت، لە پیرۆزگا، چونکە قوربانی تاوان وەک قوربانی گوناه بۆ کاهینە و هەرەپیرۆزە.
 - 14
 - ئینجا کاهینەکە لە خوێنی قوربانییەکەی تاوان دەبات و لە شلکەی گوێی ڕاستە و پەنجە گەورەی دەستی ڕاست و پەنجە گەورەی پێی ڕاستەی ئەو کەسەی دەدات کە پاک دەبێتەوە.
 - 15
 - پاشان کاهینەکە لە لۆگە زەیتەکە هەندێک دەبات و دەیکاتە ناو لەپی دەستی چەپی خۆی،
 - 16
 - ئینجا کاهینەکە پەنجەیەکی دەستی ڕاستی دەکاتە ناو ئەو زەیتەی ناو لەپی دەستی چەپییەتی و حەوت جار بە پەنجەی زەیتەکە لەبەردەم یەزدان دەپرژێنێت.
 - 17
 - ئەوەی دەمێنێتەوە لەو زەیتەی ناو لەپی دەستی، کاهینەکە لە شلکەی گوێی ڕاستە و پەنجە گەورەی دەستی ڕاست و پەنجە گەورەی پێی ڕاستی ئەو کەسەی دەدات کە پاک دەبێتەوە، لەسەر خوێنەکەی قوربانی تاوان.
 - 18
 - ئەوەی دەشمێنێتەوە لەو زەیتەی ناو لەپی دەستی، دەیکات بەسەر سەری ئەو کەسەی کە پاک دەبێتەوە و کاهینەکە لەبەردەم یەزدان کەفارەتی بۆ دەکات.
 - 19
 - «ئینجا کاهینەکە قوربانی گوناه دەکات و بۆ ئەو کەسەی کە لە گڵاوییەکەی پاک دەبێتەوە کەفارەت دەکات و پاشان قوربانی سووتاندنەکە سەردەبڕێت.
 - 20
 - دواتر کاهینەکە قوربانی سووتاندنەکە و پێشکەشکراوی دانەوێڵە بۆ سەر قوربانگاکە سەردەخات و کەفارەتی بۆ دەکات، جا پاک دەبێتەوە.
 - 21
 - «بەڵام ئەگەر هەژار و دەستکورت بوو، ئەوا یەک بەرخی نێر دەبات وەک قوربانی تاوان ڕادەوەشێنرێت، بۆ کەفارەتکردن بۆی، لەگەڵ دەیەکێکی ئێفەیەک[d] لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو بۆ پێشکەشکراوی دانەوێڵە و لۆگێک زەیت،
 - 22
 - هەروەها دوو کوکوختی یان دوو بێچووە کۆتر، بەپێی توانای دەستی، جا یەکێکیان دەبێتە قوربانی گوناه و ئەوەی دیکە قوربانی سووتاندن.
 - 23
 - «لە ڕۆژی هەشتەمدا دەیهێنێتە لای کاهینەکە بۆ پاکبوونەوەی، بۆ لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن لەبەردەم یەزدان.
 - 24
 - جا کاهینەکە بەرخەکەی بۆ قوربانی تاوان و لۆگە زەیتەکە دەبات و لەبەردەم یەزدان بەرزی دەکاتەوە وەک قوربانی بەرزکردنەوە.
 - 25
 - ئینجا بەرخەکە بۆ قوربانی تاوان سەردەبڕێت و کاهینەکە لە خوێنی قوربانییەکەی تاوان لە شلکەی گوێی ڕاستە و پەنجە گەورەی دەستی ڕاست و پەنجە گەورەی پێی ڕاستی ئەو کەسەی دەدات کە پاک دەبێتەوە.
 - 26
 - ئینجا کاهینەکە هەندێک لە زەیتەکە لەناو لەپی دەستی چەپی خۆی دەکات،
 - 27
 - کاهینەکە بە پەنجەیەکی دەستی ڕاستی لەو زەیتەی لە لەپی دەستی چەپیدایە حەوت جار لەبەردەم یەزدان دەیپرژێنێت.
 - 28
 - هەروەها کاهینەکە لەو زەیتەی لەناو لەپیەتی، لە شلکەی گوێی ڕاست و پەنجە گەورەی دەستی ڕاست و پەنجە گەورەی پێی ڕاستی ئەو کەسەی دەدات کە پاک دەبێتەوە، لە شوێنی خوێنەکەی قوربانی تاوان.
 - 29
 - ئەوەی دەمێنێتەوە لەو زەیتەی ناو لەپی کاهینەکە، بەسەر سەری ئەو کەسەی دادەکات کە پاک دەبێتەوە بۆ کەفارەتکردن بۆی لەبەردەم یەزدان.
 - 30
 - ئینجا یەکێک لە دوو کوکوختییەکە یان یەکێک لە دوو بێچووە کۆترەکان، ئەوەی لە توانای دەستییەتی،
 - 31
 - یەکێکیان دەکاتە قوربانی گوناه و ئەوی دیکە قوربانی سووتاندن لەگەڵ پێشکەشکراوەکەی دانەوێڵە، کاهینەکە لەبەردەم یەزدان کەفارەت بۆ ئەو کەسە دەکات کە پاک دەبێتەوە.»
 - 32
 - ئەوە ڕێنماییە بۆ ئەو کەسەی نەخۆشی گواستراوەی پێستی هەبێت، ئەوەی دەستکورت بێت بۆ پاکبوونەوەکەی.
 - پاکبوونەوە لە کەڕوو
 - 33
 - هەروەها یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو:
 - 34
 - «لەو کاتەی کە دەچنە خاکی کەنعان، کە من دەتاندەمێ وەک موڵکی خۆتان، وام کرد ماڵێک لەو خاکە تووشی کەڕوو بێت،
 - 35
 - ئەوەی خاوەنی ماڵەکەیە دەچێت و بە کاهینەکە دەڵێت: ”وابزانم کەڕوو لە ماڵەکەی داوم.“
 - 36
 - کاهینەکەش فەرمان دەدات ماڵەکە چۆڵ بکرێت، پێش چوونە ژوورەوەی کاهینەکە بۆ پشکنینی لێدانەکە، نەوەک هەموو شتەکانی ماڵەکە گڵاو بێت، پاش ئەوە کاهینەکە بۆ پشکنینی ماڵەکە دەچێتە ژوورەوە.
 - 37
 - جا ئەگەر پشکنی لێدانەکە لە دیوارەکانی ماڵەکەیە و هەڵکراوێکی سەوزباو یان سوورباوە، لە دیوارەکەش قووڵترە،
 - 38
 - ئەوا کاهینەکە لە ماڵەکە دێتە دەرەوە و بۆ حەوت ڕۆژ ماڵەکە دادەخات.
 - 39
 - ئەگەر کاهینەکە لە ڕۆژی حەوتەم گەڕایەوە و پشکنی وا لێدانەکە لە دیوارەکانی ماڵەکە بڵاوبووەتەوە،
 - 40
 - کاهینەکە فەرمان دەدات، ئەو بەردانە دەربهێنن کە لێدانەکەی تێدایە و فڕێیانبدەنە دەرەوەی شارۆچکەکە لە شوێنێکی گڵاو.
 - 41
 - ماڵەکەش لە هەر چواردەوری دیوی ژوورەوە دەڕنن، ئەو خۆڵەش کە دەیڕننەوە، فڕێیدەدەنە دەرەوەی شارۆچکەکە لە شوێنێکی گڵاو.
 - 42
 - بەردی دیکە دەهێنن و لە شوێنی بەردەکان دایاندەنێن و خۆڵی دیکە دێنن و ماڵەکەی پێ سواخ دەدەنەوە.
 - 43
 - «جا ئەگەر لێدانەکە گەڕایەوە و لە ماڵەکە بڵاو بووەوە، لەدوای دەرهێنانی بەردەکان و ڕنینی ماڵەکە و سواخدانەوەی،
 - 44
 - کاهینەکە هات و پشکنی وا لێدانەکە لە ماڵەکەدا بڵاوبووەتەوە، ئەوا کەڕووێکی گەندەڵە لە ماڵەکە، ئەوە گڵاوە.
 - 45
 - جا ماڵەکە تێکدەدات، بەرد و دارەکانی و هەموو خۆڵی ماڵەکە دەباتە دەرەوەی شارۆچکەکە بۆ شوێنێکی گڵاو.
 - 46
 - «ئەوەی لە هەموو ڕۆژانی داخستنی ماڵەکە بچێتە ناوی، ئەوا هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت،
 - 47
 - ئەوەی لە ماڵەکە خەوتبێت، ئەوا دەبێت جلەکانی بشوات و ئەوەی لە ماڵەکە نانی خواردبێت ئەوا دەبێت جلەکانی بشوات.
 - 48
 - «بەڵام ئەگەر کاهینەکە هات و پشکنی لێدانەکە لە ماڵەکە بڵاو نەبووەتەوە دوای سواخدانەوەکەی، ئەوا کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت ماڵەکە پاکە، چونکە لێدانەکە نەماوە.
 - 49
 - بۆ پاکبوونەوەی ماڵەکە دوو چۆلەکە لەگەڵ پارچە دارێکی ئورز و بەنی سووری ئاڵ و زوفا دەبات.
 - 50
 - یەکێک لە چۆلەکەکان لە گۆزەیەکی گڵین سەر دەبڕێت، لەسەر ئاوێکی سازگار.
 - 51
 - ئینجا پارچە دارە ئورزەکە و زوفاکە و بەنە سوورە ئاڵەکە و چۆلەکە زیندووەکە دەبات و دەیخاتە ناو خوێنی چۆلەکە سەربڕدراوەکە و ئاوە سازگارەکە، حەوت جار بەسەر ماڵەکەدا دەیپرژێنێت.
 - 52
 - بەم شێوەیە بە خوێنی چۆلەکەکە، ئاوە سازگارەکە، چۆلەکە زیندووەکە، پارچە دارە ئورزەکە، زوفاکە و بەنە سوورە ئاڵەکە ماڵەکە پاک دەکاتەوە.
 - 53
 - ئینجا چۆلەکە زیندووەکە بۆ دەرەوەی شارۆچکەکە ڕووەو دەشتودەر بەڕەڵای دەکات و کەفارەت بۆ ماڵەکە دەکات، ئیتر پاک دەبێتەوە.»
 - 54
 - ئەوە ڕێنماییە بۆ هەموو جۆرە نەخۆشییەکی گواستراوەی پێست و کەچەڵی،
 - 55
 - کەڕووی جلوبەرگ و ماڵ،
 - 56
 - ئاوسان و لیر و لەکەی بریقەدار،
 - 57
 - بۆ یەکلاییکردنەوەی شتێک کە پاک بێت یان گڵاو.
ئەوە ڕێنماییە بۆ نەخۆشی گواستراوەی پێست و کەڕوو. 
- a. 14:2 ڕێوڕەسم: مەبەست لە ڕێوڕەسم یان مەراسیمی ئایینی.
 - b. 14:10 نزیکەی شەش لیتر و نیو.
 - c. 14:10 نزیکەی 0,3 لیتر.
 - d. 14:21 نزیکەی دوو لیتر.
 

