عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - مەبەستی ئەم نووسینە
 - 1
 - ئەی ساوفیلۆسی[a] پایەبەرز، زۆر کەس هەستان بە داڕشتنی چیرۆکی ئەو شتانەی[b] لەلای ئێمە هاتنە دی،
 - 2
 - وەک ئەوەی لەلایەن ئەوانەوە پێمان گەیشت کە لە سەرەتاوە شایەتحاڵ و خزمەتکاری پەیامەکە[c] بوون.
 - 3
 - لەدوای ئەوەی من لە سەرەتاوە پشکنینێکی وردم بۆ هەموو شتێک کرد، ئێستاش بە باشم زانی بە ڕیزبەندی بۆت بنووسم،
 - 4
 - تاکو لە ڕاستی ئەو قسانە دڵنیابی کە فێرکراوی.
 - پێشبینیی لەدایکبوونی حەزرەتی یەحیا
 - 5
 - لەو سەردەمەی هێرۆدسی باوک پاشای یەهودیا بوو، کاهینێک[d] لە نۆرەی نەوەی ئەبیا[e] هەبوو کە ناوی زەکەریا بوو، ئەلیساباتی ژنیشی لە نەوەی هارون بوو.
 - 6
 - هەردووکیان لەبەرچاوی خودا ڕاستودروست بوون، بێ گلەیی بوون لە پەیڕەوکردنی هەموو ڕاسپاردە و حوکمەکانی[f] یەزدان.
 - 7
 - بەڵام منداڵیان نەدەبوو، چونکە ئەلیسابات نەزۆک بوو، هەردووکیشیان بە ساڵدا چووبوون.
 - 8
 - کاتێک زەکەریا لە نۆرەی کۆمەڵەکەی خۆیدا کاروباری کاهینیێتی جێبەجێ دەکرد لەبەردەم خودا،
 - 9
 - بەگوێرەی نەریتی کاهینیێتی[g] ، تیروپشکی کەوتە سەر تاکو بچێتە ناو پەرستگای یەزدان و بخوور بسووتێنێت.
 - 10
 - لە کاتی سووتانی بخوورەکەدا، خەڵکی هەموو لە دەرەوە نوێژیان دەکرد.
 - 11
 - لەوێ فریشتەیەکی یەزدانی بۆ دەرکەوت، لەلای ڕاستی قوربانگای بخوور ڕاوەستابوو.
 - 12
 - کاتێک زەکەریا فریشتەکەی بینی، پەشۆکا و ترسی لێ نیشت.
 - 13
 - بەڵام فریشتەکە پێی گوت: «زەکەریا مەترسە، چونکە پاڕانەوەکەت بیسترا، ئەلیساباتی ژنیشت کوڕێکی بۆت دەبێت و ناوی لێ دەنێیت یەحیا[h] .
 - 14
 - ئەو دەبێتە مایەی خۆشی و شادی بۆ تۆ، زۆر کەس بە لەدایکبوونی دڵخۆش دەبن،
 - 15
 - چونکە ئەو لەبەرچاوی یەزدان دەبێتە کەسێکی مەزن و پایەبەرز. هەرگیز شەراب و مەی ناخواتەوە. لە سکی دایکییەوە پڕدەبێت لە ڕۆحی پیرۆز و
 - 16
 - زۆر لە ڕۆڵەکانی ئیسرائیل بۆ لای یەزدانی پەروەردگاری خۆیان دەگەڕێنێتەوە.
 - 17
 - بە ڕۆح و توانای ئەلیاسەوە پێش یەزدان دەکەوێت[i] ، تاکو دڵی باوکان بۆ لای منداڵەکان ڕابکێشێت و یاخیبووانیش بۆ لای دانایی ڕاستودروستان بگەڕێنێتەوە، بۆ ئەوەی گەلێکی ئامادە بۆ یەزدان پێکبهێنێت.»
 - 18
 - زەکەریاش بە فریشتەکەی گوت: «چۆن لەمە دڵنیا بم، چونکە خۆم پیرم و ژنەکەشم بە ساڵدا چووە؟»
 - 19
 - فریشتەکە وەڵامی دایەوە: «من جبرائیلم[j] لەبەردەم خودا ڕادەوەستم، نێردراوم تاکو لەگەڵت بدوێم و ئەم مژدەیەت بدەمێ.
 - 20
 - ئەوەتا لە ئێستاوە تۆ لاڵ دەبیت و توانای قسەکردنت نامێنێت هەتا ئەو ڕۆژەی ئەم شتانە ڕوودەدەن، چونکە باوەڕت بە قسەکەم نەکرد، ئەوەی لە کاتی خۆیدا دێتە دی.»
 - 21
 - خەڵکەکە چاوەڕوانی زەکەریایان دەکرد و سەرسام ببوون لە دواکەوتنی لەناو پەرستگادا.
 - 22
 - کاتێک هاتە دەرەوە نەیتوانی لەگەڵیان بدوێت، جا زانییان کە لە پەرستگادا بینینێکی بۆ ئاشکرا کراوە، چونکە بە ئیشارەت لەگەڵیان دەدوا و بە لاڵی مایەوە.
 - 23
 - کاتێک ڕۆژانی خزمەتکردنەکەی تەواوبوو، گەڕایەوە ماڵ.
 - 24
 - دوای ئەو ڕۆژانە، ئەلیساباتی ژنی سکی پڕبوو، پێنج مانگ خۆی شاردەوە و دەیگوت:
 - 25
 - «یەزدان ئەمەی بۆ کردم، لەم ڕۆژانەدا چاکەی خۆی نیشان دا و ئابڕووی منی لەنێو خەڵکدا کڕییەوە.»
 - مژدەی لەدایکبوونی عیسا
 - 26
 - کاتێک ئەلیسابات سکی شەش مانگ بوو، خودا جبرائیلی فریشتەی نارد بۆ شارێک لە ناوچەی جەلیل کە ناوی ناسیرە بوو،
 - 27
 - بۆ لای پاکیزەیەک کە دەستگیرانی پیاوێک بوو لە بنەماڵەی داود بە ناوی یوسف، ناوی پاکیزەکەش مریەم بوو.
 - 28
 - جبرائیل هاتە لای مریەم و گوتی: «سڵاو، ئەی ئەو کەسەی نیعمەتی خودات بەسەردا ڕژاوە، یەزدانت لەگەڵە.»
 - 29
 - بەڵام ئەو بە پەیامەکە زۆر شێوا و بیری کردەوە دەبێت ئەمە چ جۆرە سڵاوێک بێت.
 - 30
 - فریشتەکە پێی گوت: «مەترسە مریەم، چونکە لەلای خودا ڕەزامەندیت بەدەستهێنا.
 - 31
 - ئەوەتا سکت دەبێت و کوڕێکت دەبێت ناوی لێ دەنێیت عیسا.
 - 32
 - پایەبەرز دەبێت و بە کوڕی خودای هەرەبەرز ناودەبردرێت، خودای پەروەردگاریش تەختی داودی باوکی پێدەداتەوە.
 - 33
 - هەتاهەتایە حوکمڕانی نەوەی یاقوب دەکات، شانشینەکەشی کۆتایی نایەت.»
 - 34
 - بەڵام مریەم بە فریشتەکەی گوت: «ئەمە چۆن دەبێت، کە من هێشتا پاکیزەم؟»
 - 35
 - فریشتەکە وەڵامی دایەوە: «ڕۆحی پیرۆز دێتە سەرت و هێزی خودای هەرەبەرز دەبێتە سایەی سەرت. لەبەر ئەوە ئەو پیرۆزەی لێت دەبێت بە کوڕی خودا ناودەبردرێت.
 - 36
 - ئەوەتا ئەلیساباتی خزمیشت بەو پیرییە سکی پڕە بە کوڕێک. ئەوەی پێیان دەگوت نەزۆک سکی شەش مانگە،
 - 37
 - چونکە هیچ شتێک لەلای خودا مەحاڵ نییە.»
 - 38
 - مریەم گوتی: «ئەوەتا من کارەکەری یەزدانم. ئەوەی تۆ دەیفەرموویت با بێتە دی.» فریشتەکەش بەجێی هێشت.
 - دیدەنی مریەم و ئەلیسابات
 - 39
 - لەو ڕۆژانەدا، مریەم هەستا و خێرا بۆ شارۆچکەیەک چوو لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی یەهودیا.
 - 40
 - چووە ماڵی زەکەریا و سڵاوی لە ئەلیسابات کرد.
 - 41
 - کاتێک ئەلیسابات گوێی لە سڵاوەکەی مریەم بوو، منداڵەکە لە سکیدا کەوتە جوڵەجوڵ و ئەلیسابات پڕبوو لە ڕۆحی پیرۆز.
 - 42
 - ئەلیسابات بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «لەنێو ژناندا بەرەکەتداریت، بەرهەمی سکت بەرەکەتدار دەبێت!
 - 43
 - بۆ من کێم تاکو دایکی گەورەکەم بێت بۆ لام؟
 - 44
 - چونکە هەرکە دەنگی سڵاوەکەت بەر گوێم کەوت، منداڵەکە لە خۆشیدا لە سکمدا هەڵبەزییەوە.
 - 45
 - خۆزگە دەخوازرێت بەوەی[k]  باوەڕی هێناوە کە لە یەزدانەوە چی پێ گوتراوە دێتە دی.»
 - ستایشی مریەم
 - 46
 - مریەمیش گوتی:
«گیانم ستایشی یەزدان دەکات، - 47
 - ڕۆحم بە خودای ڕزگارکەرم دڵشادە،
 - 48
 - چونکە سەیری بێفیزی کارەکەرەکەی کرد.
ئەوەتا لە ئێستاوە هەموو نەوەکان خۆزگە بە من دەخوازن، - 49
 - چونکە توانادار کاری گەورەی بۆ من ئەنجام دا،
پیرۆزە ناوی ئەو. - 50
 - بەزەییەکەی بۆ ئەوانەیە کە لێی دەترسن،
نەوە دوای نەوە. - 51
 - بە بازووی کاری بەهێزی ئەنجام دا،
ئەوانەی بە بۆچوونەکانی دڵیان لووتبەرز بوون، پەرتوبڵاوی کردنەوە. - 52
 - تەختی توانادارەکانی سەرەوژێر کردووە و
بێفیزەکانی بڵند کردەوە. - 53
 - برسییەکانی لە خێروبێر تێر کرد،
دەوڵەمەندانی بە دەستی بەتاڵ ڕەوانە کردەوە. - 54
 - بە یارمەتیدانی گەلی ئیسرائیلی بەندەی خۆی
هەتاهەتایە بەزەییەکەی بەبیر هێنایەوە - 55
 - لەگەڵ ئیبراهیم و نەوەکەی،
هەروەک بەڵێنی بە باوباپیرانمان دا.» - 56
 - مریەم لەلای ئەلیسابات نزیکەی سێ مانگ مایەوە، پاشان گەڕایەوە بۆ ماڵەکەی خۆی.
 - لەدایکبوونی حەزرەتی یەحیا
 - 57
 - ئەلیسابات کاتی منداڵبوونی هات و کوڕێکی بوو.
 - 58
 - جا دراوسێ و خزمانی بیستیان یەزدان دەرگای بەزەیی فراوانی خۆی بۆ کردووەتەوە، لەگەڵی شادمان بوون.
 - 59
 - لە ڕۆژی هەشتەمدا بۆ خەتەنەکردنی منداڵەکە هاتن، لەسەر ناوی باوکی ناویان لێنا زەکەریا.
 - 60
 - بەڵام دایکی گوتی: «نەخێر، ناوی دەنرێت یەحیا[l] .»
 - 61
 - پێیان گوت: «کەس لە خزمانت بەم ناوە ناونەنراوە.»
 - 62
 - ئینجا ئاماژەیان بۆ باوکی کرد، دەیەوێت چ ناوێکی لێ بنێت.
 - 63
 - تەختەیەکی داوا کرد و لەسەری نووسی: «ناوی یەحیایە.» هەموو سەرسام بوون.
 - 64
 - دەستبەجێ دەم و زمانی زەکەریا کرایەوە، دەستی کرد بە قسەکردن و ستایشی خودا.
 - 65
 - هەموو دراوسێکانیان ترسیان لێ نیشت و لە سەراپای ناوچە شاخاوییەکانی یەهودیا هەموو ئەم شتانە بوون بە قسە و باسی سەر زاری خەڵکی.
 - 66
 - هەموو ئەوانەی ئەم باسەیان بیست لە دڵی خۆیاندا گوتیان: «ئایا ئەم منداڵە دەبێتە چی؟» چونکە دەستی یەزدانی لەگەڵ بوو.
 - ستایشی زەکەریا
 - 67
 - زەکەریای باوکیشی پڕبوو لە ڕۆحی پیرۆز و پێشبینی کرد و گوتی:
 - 68
 - «ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل،
چونکە گەلەکەی بەسەرکردەوە و کڕییەوە[m] . - 69
 - هێزی ڕزگاریمانی هەستاندەوە،
لە بنەماڵەی داودی بەندەی، - 70
 - وەک چۆن لە کۆنەوە لە ڕێگەی پێغەمبەرە پیرۆزەکانییەوە دواوە،
 - 71
 - بۆ ڕزگاربوون لە دەست دوژمنان و
هەموو ناحەزانمان، - 72
 - هەروەها بۆ بەخشینی بەزەیی بە باوباپیرانمان و
پەیوەستبوون بە پەیمانە پیرۆزەکەی، - 73
 - واتا ئەو سوێندەی کە بۆ ئیبراهیمی باپیرە گەورەمانی خوارد:
 - 74
 - کە ئێمە لە دەست دوژمن ڕزگارمان بێت و
بێ ترس ئەو بپەرستین، - 75
 - هەموو ڕۆژانی ژیانمان بە پیرۆزی و ڕاستودروستی[n] لەبەردەمیدا بین.
 - 76
 - «تۆش ئەی منداڵ، بە پێغەمبەری خودای هەرەبەرز ناودەبردرێیت،
چونکە پێش یەزدان دەکەویت، تاکو ڕێگای بۆ ئامادە بکەیت، - 77
 - تاکو بە گەلەکەی ڕابگەیەنیت
بە لێخۆشبوونی گوناهەکانیان ڕزگاریان دەبێت، - 78
 - بەهۆی بەزەییە بەسۆزەکەی خودامانەوە،
کە بەهۆیەوە ڕووناکی لە بەرزاییەوە بەسەرماندا دەدرەوشێتەوە، - 79
 - تاکو بەسەر ئەوانەی لە تاریکی و لە سێبەری مەرگدا دانیشتوون بدرەوشێتەوە،
بۆ ئەوەی پێیەکانمان بە ڕێگای ئاشتیدا ببات.» - 80
 - منداڵەکەش گەشەی دەکرد و لە ڕۆحدا بەهێز دەبوو، لە چۆڵەوانی مایەوە هەتا ئەو ڕۆژەی کە خۆی بۆ گەلی ئیسرائیل دەرخست.
 
- a. 1:1 ناوێکی یۆنانییە، واتا ئەوەی خودای خۆشدەوێت.
 - b. 1:1 مەبەست لە هاتنەدی هەموو پێشبینییەکانی پێغەمبەرانە سەبارەت بە مەسیح.
 - c. 1:2 یۆنانی: وشەکە: مەبەست لە پەیامی مەسیحە.
 - d. 1:5 کاهین: پیاوێکی ئایینی جولەکەیە کە هەڵدەستێ بە ئەرکی قوربانی کردن لەناو پەرستگا و فێرکردنی خەڵک.
 - e. 1:5 گروپێکی کاهینان بوون لە نەوەی ئەبیا.
 - f. 1:6 تەورات.
 - g. 1:9 یەکێک لە کاهینان هەڵدەستا بە دانانی بخوور لەناو قوربانگا.
 - h. 1:13 یەحیا: عیبری: یۆخەننەن، واتا خودا میهرەبانە، لەلای هەندێک بە یۆحەنا ناسراوە.
 - i. 1:17 خودا پێش هاتنی مەسیح یەحیای نارد.
 - j. 1:19 جبرائیل: یەکێکە لەو دوو فریشتەیەی کە لە کتێبی پیرۆزدا ناویان هاتووە، بڕوانە دانیال 8:16.
 - k. 1:45 بەوەی: لێرەدا دەگەڕێتەوە بۆ کەسی سێیەمی تاکی مێ، کە مەبەستی لە مریەمە.
 - l. 1:60 بڕوانە 1:13.
 - m. 1:68 بە واتای ڕزگاری کرد.
 - n. 1:75 لەبەرچاوی خودا ڕاست و دادپەروەرانە بین.
 

