عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
کوشتنی حەزرەتی یەحیا 
1
لەو کاتەدا هێرۆدسی ئەنتیپاس کە فەرمانڕەوای[a] جەلیل بوو، ناوبانگی عیسای بیست،
2
بە پیاوەکانی گوت: «ئەمە یەحیای لەئاوهەڵکێشە لەناو مردوواندا هەستاوەتەوە، لەبەر ئەوە کاری پەرجوو لەسەر دەستی ئەو دەکرێت.»
3
هێرۆدس، لەبەر هێرۆدیای ژنی فیلیپۆسی برای، یەحیای گرتبوو، پەلبەستی کردبوو و خستبوویە زیندانەوە،
4
چونکە یەحیا پێی دەگوت: «دروست نییە براژنەکەت بخوازیت.»
5
هێرۆدسیش دەیویست یەحیا بکوژێت، بەڵام لە خەڵکەکە دەترسا، چونکە بە پێغەمبەریان دادەنا.
6
لە جەژنی لەدایکبوونی هێرۆدس، کچی هێرۆدیا لە ناوەڕاستی میواناندا سەمای کرد و هێرۆدسی دڵخۆش کرد.
7
ئەویش سوێندی بۆ خوارد و بەڵێنی پێ دا کە حەزی لە چی بێت بیداتێ.
8
کچەش بە فیتی دایکی، گوتی: «لێرە لەسەر سینییەک سەری یەحیای لەئاوهەڵکێشم بدەرێ.»
9
پاشاش دڵگران بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی لەبەردەم میوانەکاندا سوێندی خواردبوو، فەرمانی دا بیدەنێ.
10
ئینجا ناردی و لە زیندان سەری یەحیایان پەڕاند و
11
سەرەکەی لەسەر سینییەک هێنرا و درایە کچەکە، ئەویش بردییە لای دایکی.
12
قوتابییەکانی یەحیا هاتن تەرمەکەیان هەڵگرت و ناشتیان. ئینجا چوون بۆ لای عیسا و هەواڵیان پێدا.
تێرکردنی پێنج هەزار کەس 
13
کە عیسا ئەمەی بیست، سواری بەلەمێک بوو و بە تەنها چووە شوێنێکی چۆڵ. کاتێک خەڵک بیستیان، لە شارەکانەوە بە پێیان دوای کەوتن.
14
کاتێک عیسا لە بەلەمەکە دابەزی، خەڵکێکی بێشوماری بینی و دڵی پێیان سووتا و نەخۆشەکانی ئەوانی چاککردەوە.
15
کاتێک ئێوارە داهات، قوتابییەکانی هاتنە لای و گوتیان: «ئەم شوێنە چۆڵە و کاتیش درەنگە. خەڵکەکە بەڕێ بکە با بڕۆنە گوندەکان و خواردن بۆ خۆیان بکڕن.»
16
بەڵام عیسا پێی فەرموون: «پێویست ناکات بڕۆن. ئێوە شتێکیان بدەنێ با بیخۆن.»
17
ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «لێرە لە پێنج نان و دوو ماسی زیاترمان نییە.»
18
ئەویش فەرمووی: «بۆمی بهێننە ئێرە.»
19
فەرمانی بە خەڵکەکە دا لەسەر گیاکە دانیشن. ئینجا پێنج نانەکە و دوو ماسییەکەی هەڵگرت و تەماشای ئاسمانی کرد، سوپاسی خودای کرد و نانەکانی لەتکرد، ئینجا دایە قوتابییەکان و ئەوانیش دایانە خەڵکەکە.
20
هەموو خواردیان و تێر بوون، پاشان لەو پەلکەنانەی مایەوە دوازدە سەبەتەی پڕیان هەڵگرتەوە.
21
ژمارەی ئەوانەی کە نانیان خوارد نزیکەی پێنج هەزار پیاو بوون، بێجگە لە ژن و منداڵ.
عیسا بەسەر ئاودا دەڕوات 
22
دەستبەجێ عیسا قوتابییەکانی ناچار کرد سواری بەلەمەکە بن و پێش خۆی بپەڕنەوە ئەوبەری دەریاچەکە، هەتا خۆی خەڵکەکە بەڕێ دەکات.
23
لەدوای ئەوەی خەڵکەکەی بەڕێکرد، سەرکەوتە سەر شاخێک بۆ ئەوەی بە تەنها نوێژ بکات. کە ئێوارە داهات بە تەنها لەوێ بوو،
24
بەلەمەکەش مەودایەکی زۆری لە وشکانییەوە بڕیبوو، شەپۆلەکانیش پێیاندا دەکێشا، چونکە ئاراستەی ڕەشەباکە پێچەوانە بوو.
25
پێش خۆرهەڵاتن عیسا هاتە لایان و بەسەر دەریاچەکەدا دەڕۆیشت.
26
کاتێک قوتابییەکان بینییان بەسەر دەریاچەکەدا دەڕوات، شێوان و گوتیان: «ئەمە دێوەزمەیە!» لە ترسانیشدا هاواریان کرد.
27
دەستبەجێ عیسا قسەی لەگەڵ کردن: «ورەتان بەرز بێ! ئەوە منم. مەترسن.»
28
پەترۆس وەڵامی دایەوە: «گەورەم، ئەگەر تۆی، فەرمانم پێبدە بەسەر ئاوەکەدا بێمە لات.»
29
فەرمووی: «وەرە.» پەترۆس لە بەلەمەکە دابەزی و بەسەر ئاوەکەدا ڕۆیشت و بەرەو لای عیسا بەڕێکەوت.
30
بەڵام کاتێک توندی بایەکەی بینی، ترسا و خەریک بوو نوقوم دەبوو، هاواری کرد: «گەورەم، ڕزگارم بکە!»
31
عیساش یەکسەر دەستی درێژکرد و گرتی و پێی فەرموو: «کەم باوەڕ، بۆچی گومانت کرد؟»
32
کە سەرکەوتنە ناو بەلەمەکە، ڕەشەباکە وەستا.
33
ئەوانەی لەناو بەلەمەکەدا بوون، کڕنۆشیان بۆ برد و گوتیان: «بەڕاستی تۆ کوڕی خودای.»
34
کاتێک پەڕینەوە ئەوبەر، هاتنە خاکی جەنیسارەت.
35
خەڵکی ئەو ناوچەیە عیسایان ناسییەوە، هەواڵیان دا بە ناوچەکانی دەوروبەر و هەموو نەخۆشەکانیان بۆی هێنا.
36
لێی دەپاڕانەوە کە تەنها دەست لە چمکی کراسەکەی بدەن. جا هەموو ئەوانەی دەستیان لێی دەدا چاکدەبوونەوە.
  1. a. 14‏:1 یۆنانی: \+tl تیترارک‏\+tl*: فەرمانڕەوای هەرێمێک لە ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی.‏