عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
عیسا دەدرێتە دەست پیلاتۆس 
1
کاتێک ڕۆژبووەوە، هەموو کاهینانی باڵا و پیرانی گەل تەگبیریان کرد کە عیسا بکوژن.
2
جا بەستیانەوە و بردیان و دایانە دەست پیلاتۆسی فەرمانڕەوا.
یەهوزا خۆی دەکوژێ 
3
ئینجا یەهوزا، ئەوەی بە گرتنی دا کە بینی عیسا حوکمی بەسەردا درا، پەشیمان بووەوە، سی دراوە زیوەکەی بۆ کاهینانی باڵا و پیران گەڕاندەوە و
4
گوتی: «گوناهم کرد کە ناپاکیم لە مرۆڤێکی بێتاوان کرد.»
گوتیان: «بە ئێمە چی؟ خۆت دەزانیت.»
5
ئەویش زیوەکانی لە پەرستگا فڕێدا و چوو خۆی هەڵواسی.
6
بەڵام کاهینانی باڵا دراوە زیوەکانیان هەڵگرتەوە و گوتیان: «دروست نییە بیخەینە گەنجینەی پەرستگاوە، چونکە نرخی خوێنە.»
7
ئینجا تەگبیریان کرد و کێڵگەی گۆزەکەرەکەیان بۆ گۆڕستانی بێگانان پێ کڕی.
8
لەبەر ئەوە ئەو کێڵگەیە هەتا ئەمڕۆش پێی دەگوترێ کێڵگەی خوێن.
9
ئەوسا ئەوەی بەهۆی پێغەمبەر یەرمیا گوتراوە، هاتە دی: ﴿سی پارچە زیوەکەیان برد، ئەم نرخە لەلایەن نەوەی ئیسرائیلەوە لەسەری خەمڵێنرا،
10
ئینجا بە کێڵگەی گۆزەکەرەکەیان دا، وەک یەزدان فەرمانی پێدام.[a]
پیلاتۆس پرسیار لە عیسا دەکات 
11
عیساش لەبەردەم پیلاتۆسی فەرمانڕەوا ڕاوەستا، فەرمانڕەواش لێی پرسی و گوتی: «ئایا تۆ پاشای جولەکەی؟»
عیساش فەرمووی: «خۆت گوتت.»
12
کاتێک کاهینانی باڵا و پیران سکاڵایان لێی دەکرد، هیچ وەڵامی نەدەدایەوە.
13
پیلاتۆس پێی گوت: «ئایا گوێت لێ نییە چەند شایەتیت لەسەر دەدەن؟»
14
بەڵام عیسا تەنانەت بە وشەیەکیش وەڵامی نەدایەوە، فەرمانڕەواش زۆر سەرسام بوو.
بڕیاری لەخاچدانی عیسا 
15
لە هەر جەژنێکدا فەرمانڕەوا کردبوویە نەریت بەگوێرەی خواستی خەڵکەکە بەندکراوێک ئازاد بکات.
16
لەو کاتەدا گیراوێکی بەناوبانگیان هەبوو کە ناوی باراباس بوو.
17
لەبەر ئەوە کاتێک کۆببوونەوە، پیلاتۆس لێی پرسین: «دەتانەوێت کێتان بۆ ئازاد بکەم، باراباس یان عیسا، ئەوەی پێی دەگوترێ مەسیح؟»
18
چونکە زانی لەبەر ئیرەیی عیسایان بە گرتن دابوو.
19
کاتێک پیلاتۆس لەسەر کورسی دادوەری دانیشتبوو، ژنەکەی هەواڵی بۆ نارد: «هیچ لەو بێتاوانە مەکە، چونکە ئەمڕۆ لە خەوندا لەبەر ئەو زۆر ئازارم چێژت.»
20
بەڵام کاهینانی باڵا و پیران خەڵکەکەیان جۆشدا کە داوا بکەن باراباس ئازاد بکرێ و عیسا لەناو ببردرێت.
21
فەرمانڕەوا وەڵامی دانەوە: «لەم دووانە کامەتان دەوێ بۆتان ئازاد بکەم؟»
گوتیان: «باراباس.»
22
پیلاتۆس لێی پرسین: «ئەی چی لە عیسا بکەم، ئەوەی پێی دەگوترێ مەسیح؟»
هەموو گوتیان: «با لە خاچ بدرێت!»
23
ئەویش گوتی: «بۆ؟ چ خراپەیەکی کردووە؟»
بەڵام ئەوان زیاتر هاواریان دەکرد: «با لە خاچ بدرێت!»
24
پیلاتۆس بینی سوودی نییە و خەریکە ئاژاوە ڕوودەدات، ئاوی هێنا و لەبەردەم خەڵکەکە دەستی شوشت و گوتی: «لە خوێنی ئەمە بێتاوانم! لە ئەستۆی ئێوەیە!»
25
گەل هەموو وەڵامیان دایەوە: «با خوێنی لە ئەستۆی ئێمە و منداڵمان بێت!»
26
ئەوسا باراباسی بۆ ئازاد کردن، بەڵام فەرمانی دا کە عیسا بدرێتە بەر قامچی و پاشان لە خاچ بدرێت.
سەربازەکان گاڵتە بە عیسا دەکەن 
27
سەربازەکانی فەرمانڕەوا عیسایان بۆ کۆشکی فەرمانڕەوا برد و تەواوی سەربازەکان لە دەوری کۆبوونەوە.
28
ڕووتیان کردەوە و کەوایەکی سووریان لەبەرکرد.
29
هەروەها تاجێکیان لە دڕک دروستکرد و لە سەریان کرد، قامیشێکیان دایە دەستی ڕاستی، لەبەردەمی چۆکیان دادا و گاڵتەیان پێ دەکرد و دەیانگوت: «سڵاو ئەی پاشای جولەکە!»
30
تفیان لێکرد، قامیشەکەیان برد و بە سەریاندا کێشا.
31
دوای ئەوەی گاڵتەیان پێکرد، کەواکەیان لەبەر داکەند و کراسەکەی خۆیان لەبەرکردەوە، بردیان تاوەکو لە خاچی بدەن.
لەخاچدانی عیسا 
32
کاتێک دەهاتنە دەرەوە پیاوێکی کورێنییان[b] بینی ناوی شیمۆن بوو، ناچاریان کرد خاچەکەی ئەو هەڵبگرێت.
33
کە گەیشتنە ئەو شوێنەی پێی دەگوترا گولگۆسا، کە بە واتای «شوێنی کاسەسەر» دێت،
34
شەرابی تێکەڵ بە تاڵاویان دایە عیسا تاکو بیخواتەوە، کە تامی کرد نەیویست بیخواتەوە.
35
کە لە خاچیان دا، بە تیروپشک جلەکانیان دابەش کرد.
36
ئینجا لەوێ دانیشتن و ئێشکیان بۆ گرت.
37
لەژوور سەرییەوە تاواننامەکەی ئەویان دانا کە نووسرابوو:
«ئەمە عیسایە، پاشای جولەکە.»
38
دوو دزیشیان لەگەڵی لە خاچ دا، یەکێک لەلای ڕاستی و ئەوەی دیکەش لەلای چەپی.
39
ئەوانەی بەوێدا تێدەپەڕین، جنێویان پێی دەدا و سەریان بادەدا و
40
دەیانگوت: «ئەی ڕووخێنەری پەرستگا و بنیادنەرەوەی لە سێ ڕۆژدا، خۆت ڕزگار بکە! ئەگەر تۆ کوڕی خودای، لە خاچەکە دابەزە!»
41
بە هەمان شێوە کاهینانی باڵا لەگەڵ مامۆستایانی تەورات و پیران گاڵتەیان پێدەکرد و دەیانگوت:
42
«خەڵکی دیکەی ڕزگار کرد، بەڵام ناتوانێ خۆی ڕزگار بکات! ئەگەر پاشای ئیسرائیلە، با ئێستا لە خاچەکە دابەزێت، باوەڕی پێدەهێنین!
43
پشتی بە خودا بەست، با ئێستا خودا ڕزگاری بکات، ئەگەر ئەمی دەوێت، چونکە گوتی: ”من کوڕی خودام.“»
44
دزەکانیش کە لەگەڵی لە خاچ درابوون قسەیان پێ دەگوت.
مردنی عیسا 
45
لە کاتژمێر دوازدەوە[c] هەتا سێ[d] ، تاریکی باڵی بەسەر هەموو زەویدا کێشا.
46
نزیکەی کاتژمێر سێ عیسا بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «﴿\tl ئێلی، ئێلی، لەما شەبەقتانی؟\tl*﴾» کە بە واتای ﴿خودای من، خودای من، بۆ وازت لێ هێنام؟﴾[e] دێت.
47
کاتێک هەندێک لەوانەی لەوێ ڕاوەستابوون گوێیان لێی بوو، گوتیان: «ئەوە بانگی ئەلیاس دەکات!»
48
دەستبەجێ یەکێک لەوان ڕایکرد و ئیسفەنجێکی هەڵگرت، خستییە ناو سرکەوە و کردی بەسەر قامیشێکەوە و پێیدا تاکو بیخواتەوە،
49
بەڵام ئەوانی دیکە گوتیان: «لێگەڕێ، با بزانین ئەلیاس دێت ڕزگاری بکات؟»
50
عیساش بە دەنگێکی بەرز هاواری کردەوە و گیانی سپارد.
51
لەو کاتەدا پەردەی پەرستگا لە سەرەوە هەتا خوارەوە شەق بوو و بوو بە دوو پارچەوە. زەوی لەرزی و بەرد درزیان برد و
52
گۆڕەکان کرانەوە، زۆرێک لە لاشەی گەلی پیرۆزی خودا کە مردبوون هەستانەوە.
53
دوای هەستانەوەی عیسا، لە گۆڕەکان هاتنە دەرەوە و چوونە ناو شاری پیرۆز، بۆ زۆر کەسیش دەرکەوتن.
54
کاتێک سەرپەلەکە و ئەوانەی لەگەڵی پاسەوانیی عیسایان دەکرد، بوومەلەرزەکە و ئەو شتانەیان بینی کە ڕوویدا، زۆر ترسان و گوتیان: «بەڕاستی ئەمە کوڕی خودا بوو!»
55
زۆر ژن لەوێ بوون، لە دوورەوە تەماشایان دەکرد، ئەوانەی لە جەلیلەوە دوای عیسا کەوتبوون و خزمەتیان دەکرد،
56
مریەمی مەجدەلی و مریەمی دایکی یاقوب و یوسف، لەگەڵ دایکی کوڕەکانی زەبدی لەنێویان بوون.
ناشتنی عیسا 
57
کاتێک ئێوارە داهات، پیاوێکی دەوڵەمەندی خەڵکی ڕامە هات، ناوی یوسف بوو، ئەو خۆی قوتابی عیسا بوو.
58
چوو بۆ لای پیلاتۆس و داوای تەرمەکەی عیسای لێکرد، ئینجا پیلاتۆس فەرمانی دا بیدرێتێ.
59
یوسفیش تەرمەکەی برد و بە کەتانی پاک پێچای و
60
لەو گۆڕە نوێیەی خۆی ناشتی کە لە تاشەبەرد هەڵکەنرابوو، ئینجا بەردێکی گەورەی گلۆر کردەوە سەر دەرگای گۆڕەکە و ڕۆیشت.
61
مریەمی مەجدەلی و مریەمەکەی دیکەش لەوێ بوون، بەرامبەر گۆڕەکە دانیشتبوون.
ئێشکگرتنی گۆڕی عیسا 
62
بۆ بەیانی، کە دوای ڕۆژی خۆ ئامادەکردنە[f] ، کاهینانی باڵا و فەریسییەکان لەلای پیلاتۆس کۆبوونەوە،
63
گوتیان: «گەورەم، هاتەوە بیرمان ئەو چەواشەکارە کاتێک زیندوو بوو گوتی: ”دوای سێ ڕۆژ هەڵدەستمەوە.“
64
جا فەرمان بدە هەتا ڕۆژی سێیەم گۆڕەکەی پاس بکرێت، نەوەک قوتابییەکانی بێن و بیدزن، ئەوسا بە گەل بڵێن لەنێوان مردووان هەستاوەتەوە. جا چەواشەی دوایی لەوەی یەکەم خراپتر دەبێت.»
65
پیلاتۆسیش گوتی: «پاسەوانتان هەیە، بڕۆن چۆنتان پێ باشە وا پاسی بکەن.»
66
ئەوانیش چوون گۆڕەکەیان پاس کرد، مۆریان لە بەردەکە دا و پاسەوانیان دانا.
  1. a. 27‏:10 زەکەریا 11‏:12‏-13 و یەرمیا 19‏:1‏-13؛ 32‏:6‏-9.‏‏
  2. b. 27‏:32 کورێن: شارێکی یۆنانی بووە کە دەکەوێتە ناو وڵاتی لیبیای ئێستا.‏
  3. c. 27‏:45 یۆنانی: کاتژمێری شەشەم.‏
  4. d. 27‏:45 یۆنانی: کاتژمێری نۆیەم.‏
  5. e. 27‏:46 زەبوورەکان 22‏:1.‏‏
  6. f. 27‏:62 ڕۆژی خۆ ئامادەکردن: مەبەست لە ڕۆژی هەینییە کەوا لە کەلتوری جولەکەکاندا ئامادەکاری تێدا دەکرێت بۆ پێشوازی لە ڕۆژی شەممە، چونکە دروست نییە لە ڕۆژی شەممەدا هیچ کارێک بکرێت.‏