عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
 - پەیامی یەزدان کە لە سەردەمی یۆتام و ئاحاز و حەزقیای پاشایانی یەهودا بۆ میخای مۆرەشەتی هات، ئەو بینینەی سەبارەت بە سامیرە و ئۆرشەلیم بوو:
 - 2
 - ئەی هەموو گەلان، گوێ بگرن،
زەوی و هەموو ئەوانەی تێیدان، سەرنج بدەن:
پەروەردگار لە پەرستگای پیرۆزیەوە،
یەزدانی باڵادەست ببێتە شایەت بەسەرتانەوە. - حوکمدان بەسەر سامیرە و ئۆرشەلیم
 - 3
 - ئەوەتا، یەزدان لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیەوە دێتە دەرەوە،
دادەبەزێت و بەسەر بەرزاییەکانی زەویدا دەڕوات. - 4
 - چیاکان لە ژێری دەتوێنەوە و
دۆڵەکان شەق دەبەن،
وەک مۆم لەبەردەم ئاگردا،
وەک ئاوی ڕۆیشتوو بە لێژاییدا. - 5
 - هەموو ئەمە لەبەر یاخیبوونی یاقوب،
لەبەر گوناهی بنەماڵەی ئیسرائیل.
چی هۆکاری یاخیبوونی یاقوبە؟
ئایا سامیرە نییە؟
ئەی هۆکاری بتپەرستی بەرزاییەکانی یەهودا چییە؟
ئایا ئۆرشەلیم نییە؟ - 6
 - «لەبەر ئەوە سامیرە کاول و وێران دەکەم،
دەیکەمە کێڵگەی مێو چاندن.
بەردەکانی فڕێدەدەمە ناو دۆڵەکەوە و
بناغەکانی دەردەخەم. - 7
 - هەموو بتەکانی تێکدەشکێنرێن و
هەموو کرێی داوێنپیسییەکەی بە ئاگر دەسووتێنرێت،
هەموو بتەکانی وێران دەکەم.
لەبەر ئەوەی بە کرێی لەشفرۆشی کۆی کردووەتەوە،
دەدرێتەوە لەشفرۆش.» - گریان و شیوەن گێڕان
 - 8
 - لەبەر ئەوە دەلورێنم و دەلاوێنمەوە،
بەپێی پەتی و بە ڕووتی هاتوچۆ دەکەم.
وەک چەقەڵ دەلورێنم و
وەک کوندەپەپوو شیوەن دەگێڕم، - 9
 - چونکە برینەکەی ساڕێژ نابێت،
بەڵکو یەهوداش تووش بوو،
گەیشتە دەروازەی گەلەکەم،
هەتا ئۆرشەلیم هات. - 10
 - ئەوە لە گەت ڕامەگەیەنن،
بە هیچ شێوەیەک مەگریێن،
لە بێتعۆفرادا[a]
خۆت لە خۆڵ بگەوزێنە. - 11
 - ئەی دانیشتووانی شافیر
بە ڕووتی و شەرمەزاری بپەڕنەوە،
دانیشتووانی چەئەنان دەرنەچن.
بێتئێچەل دەگریێت
بەڵام ناتانپارێزێت. - 12
 - دانیشتووانی مارۆت بە ئازارەوە دەتلێنەوە،
بە دڵەڕاوکێوە چاوەڕێی چارەسەر دەکەن،
چونکە لەلایەن یەزدانەوە
بەڵا بۆ دەروازەی ئۆرشەلیم دابەزی. - 13
 - ئەی دانیشتووانی لاخیش،
گالیسکە بە ئەسپەوە ببەستن،
ئێوە یەکەمین شار بوون دوای یاخیبوونەکانی ئیسرائیل کەوتن،
هەروەها سییۆنی کچتان[b] تووشی گوناه کرد. - 14
 - لەبەر ئەوە دیاری ماڵئاوایی دەدەن
بە مۆرەشەت گەت.
یارمەتی لە شارۆچکەکانی ئەکزیڤەوە[c] جێی متمانە نییە
بۆ پاشاکانی ئیسرائیل. - 15
 - داگیرکەرتان دەهێنمە سەر،
ئەی دانیشتووانی مارێشا[d] ،
ئەوەی شکۆی ئیسرائیلە
دێتە عەدولام. - 16
 - سەرتان بتاشن بۆ شیوەنگێڕان
لەسەر منداڵە نازدارەکانتان،
وەک سیسارکە کەچەڵ بن و مووتان بە سەرەوە نەبێ،
چونکە منداڵی ئێوە بە دیل گیراوی ڕاپێچ دەکەن. 
- a. 1:10 (بێتعۆفرا) واتا (ماڵی خۆڵ).
 - b. 1:13 دەربڕینێکی خوازەیە بۆ پایتەخت، مەبەست لە هەموو دانیشتووانی شارەکەیە.
 - c. 1:14 ئەکزیڤ واتا هەڵخەڵەتاندنە.
 - d. 1:15 لە زمانی عیبریدا دەنگی (مارێشا) نزیکەی وشەیەکی دیکە کە واتا (داگیرکەر).
 

