عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ناخۆشی ئیسرائیل 
1
قوڕبەسەرم!
وەک کەسێکم لێهات لە هاویندا بەر بڕنێت،
وەک چنینەوەی ڕەزەمێو.
نە هێشووە ترێ بۆ خواردن هەیە،
نە هەنجیری یەکەم بەر کە نەوسم ئارەزووی دەکات.
2
خواناس لە خاک لەناوچوو،
کەسێکی سەرڕاست لەنێو خەڵکدا نەماوە.
هەموو بۆ خوێنڕشتن خۆیان ماتداوە،
هەریەکە و براکەی خۆی بە تۆڕ ڕاودەکات.
3
بۆ خراپە هەردوو دەستەکانیان چالاکن،
میر داوای دیاری دەکات،
دادوەر بەرتیل وەردەگرێت،
بەهێز بە ئارەزووی خۆی قسە دەکات
پێکەوە دەیڕێسن.
4
چاکترینیان وەک وشترالووکە و
ڕاستترینیان وەک پەرژینی دڕکە.
ڕۆژی سزادانی خودا بۆ تۆ هات،
ئەو ڕۆژەی کە چاودێرەکانت[a] هاوار دەکەن بۆ ئاگادارکردنەوە.
ئێستا کاتی سەرلێشێواندنی ئێوەیە.
5
متمانە بە برادەر مەکە و
پشت بە دۆست مەبەستە.
نهێنیت بپارێزە
تەنانەت لە ژنەکەشت کە لە باوەشت پاڵکەوتووە،
6
چونکە کوڕ سووکایەتی بە باوکی دەکات،
کچ لە دایکی ڕاستدەبێتەوە،
بووک لە خەسووی؛
دوژمنی مرۆڤ لە خانەوادەکەی خۆی دەبێت.
7
بەڵام من چاوم لەسەر یەزدان دەبێت،
چاوەڕوانی خودای ڕزگاریم دەکەم،
خودام گوێم لێ دەگرێت.
ئیسرائیل هەڵدەستێتەوە 
8
ئەی دوژمنەکەم، بە نسکۆی من دڵخۆش نەبیت!
چونکە ئەگەر بکەوم، هەڵدەستمەوە،
ئەگەر لە تاریکیدا دانیشم،
یەزدان ڕووناکییە بۆم.
9
لەبەر ئەوەی لە دژی ئەو گوناهم کرد،
بەرگەی تووڕەیی یەزدان دەگرم،
هەتا بەرگری لە داواکەم دەکات و
مافی من دێتە دی.
دەمهێنێتە دەرەوە بۆ ناو ڕووناکی،
ڕاستودروستی ئەو دەبینم.
10
ئینجا دوژمنەکەم تەماشا دەکات و
شەرمەزاری دایدەپۆشێت،
ئەوەی پێی دەگوتم:
«کوا یەزدانی پەروەردگارت؟»
چاوەکانم تەماشای کەوتنی دەکەن،
تەنانەت ئێستاش دەشێلرێت
وەک قوڕی شەقامەکان.
11
ڕۆژی بنیادنانی دیوارەکانت دێت،
ڕۆژی فراوانکردنی سنوورەکانت.
12
لەو ڕۆژەدا خەڵک دێنە لات،
لەلای ئاشور و لە شارەکانی میسرەوە،
تەنانەت لە میسرەوە هەتا فورات
لە دەریاوە بۆ دەریا و
لە چیاوە بۆ چیا.
13
زەوی لەبەر دانیشتووانەکەی وێران دەبێت،
بەهۆی کردەوەکانیان.
نوێژ و ستایشکردن 
14
بە گۆچانەکەت شوانایەتی گەلەکەت بکە،
مێگەلی میراتەکەت،
ئەوەی بە تەنها لە دارستان نیشتەجێیە
لە ناوەڕاستی ڕەزەکان.
با لە باشان و گلعاد بلەوەڕێن
وەک ڕۆژگاری کۆن.
15
«وەک ڕۆژانی هاتنەدەرەوەت لە خاکی میسر،
کاری سەرسوڕهێنەریان نیشان دەدەم.»
16
نەتەوەکان تەماشا دەکەن و شەرمەزار دەبن،
سەرباری هەموو پاڵەوانییەتییەکەیان.
دەست دەخەنە سەر دەمیان
گوێیان کەڕ دەبێت.
17
وەک مار خۆڵ دەلێسنەوە،
وەک خشۆکەکانی زەوی.
بە لەرزەوە لە قەڵاکانیان دێنە دەرەوە،
بۆ لای یەزدانی پەروەردگارمان دێن و دەتۆقن،
لە تۆ دەترسن.
18
کێ خودایەکی وەک تۆیە،
کە لە تاوان دەبوورێت و
لە یاخیبوونی پاشماوەی گەلەکەت خۆشدەبێت؟
هەتاسەر تووڕەیی خۆت هەڵناگریت،
چونکە بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دڵخۆشیت.
19
دەگەڕێیتەوە و بەزەییت پێماندا دێتەوە،
تاوانەکانمان دەخەیتە ژێر پێتەوە و
هەموو گوناهەکانمان فڕێدەدەیتە ناو قووڵایی دەریا.
20
دڵسۆزی بۆ یاقوب پیشان دەدەیت،
خۆشەویستی نەگۆڕ بۆ ئیبراهیم،
ئەوەی سوێندت بۆ باوباپیرانمان خوارد
هەروەک ڕۆژگاری کۆن.

  1. a. 7‏:4 مەبەست لە پێغەمبەرەکان.‏