عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - دەرکردنی ڕۆحی پیس
 - 1
 - ئینجا گەیشتنە ئەوبەری دەریاچەکە، بۆ هەرێمی گەراسین.
 - 2
 - کاتێک عیسا لە بەلەمەکە دابەزی، یەکسەر لەناو گۆڕستان پیاوێکی تووش بوو ڕۆحی پیسی تێدابوو،
 - 3
 - لەناو گۆڕستاندا دەژیا، کەس نەیدەتوانی چیتر بیبەستێتەوە، تەنانەت بە زنجیریش.
 - 4
 - زۆر جار بە کۆت و زنجیر دەبەسترایەوە، بەڵام زنجیرەکانی دەپچڕاند و کۆتەکانیشی دەشکاند، کەس نەیدەتوانی بەسەریدا زاڵ بێت.
 - 5
 - شەو و ڕۆژ بەردەوام لەناو گۆڕستان و لە چیاکاندا بوو، هاواری دەکرد و بە بەرد لەشی خۆی بریندار دەکرد.
 - 6
 - کاتێک لە دوورەوە عیسای بینی، ڕایکرد و کڕنۆشی بۆ برد.
 - 7
 - بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «چیت لە من دەوێت، ئەی عیسای کوڕی خودای هەرەبەرز؟ سوێندت دەدەم بە خودا، ئەشکەنجەم مەدە!»
 - 8
 - چونکە عیسا پێی فەرمووبوو: «ئەی ڕۆحی پیس، لە پیاوەکە وەرە دەرەوە!»
 - 9
 - ئینجا لێی پرسی: «ناوت چییە؟»
پێی گوت: «ناوم لێگیۆنە[a] ، چونکە ئێمە زۆرین.» - 10
 - زۆریش لە عیسا پاڕایەوە نەیاننێرێتە دەرەوەی ناوچەکە.
 - 11
 - لەوێ ڕانە بەرازێکی گەورە لە قەد شاخەکە دەلەوەڕان،
 - 12
 - ڕۆحە پیسەکان لە عیسا پاڕانەوە: «بماننێرە ناو بەرازەکان، با بچینە ناویان.»
 - 13
 - ئەویش ڕێی پێدان. ڕۆحە پیسەکان هاتنە دەرەوە و چوونە ناو بەرازەکان، ئینجا ڕانەکە کە نزیکەی دوو هەزار سەر دەبوون، بە خێرایی لە قەدپاڵەکەوە بۆ ناو دەریاچەکە هەڵدێران و خنکان.
 - 14
 - بەرازەوانەکان ڕایانکرد و هەواڵیان دا بە شار و گوندەکان. خەڵکەکەش هاتن تاکو ببینن چی ڕوویداوە.
 - 15
 - کاتێک هاتنە لای عیسا، بینییان ئەوەی لەشکرێک ڕۆحی پیسی تێدابوو، دانیشتووە و پۆشتەیە و ئاقڵە، ئیتر ترسان.
 - 16
 - ئەوانەش کە بینیبوویان چی بەسەر بەرازەکان و ئەو کەسەدا هات کە ڕۆحی پیسی تێدابوو، ڕووداوەکەیان بۆ خەڵکەکە گێڕایەوە.
 - 17
 - ئیتر دەستیان بە پاڕانەوە کرد لە عیسا تاکو لە ناوچەکەیان بڕوات.
 - 18
 - کاتێک عیسا سواری بەلەمەکە دەبوو، ئەو کەسەی ڕۆحی پیسی تێدابوو، لێی پاڕایەوە کە لەگەڵی بڕوات.
 - 19
 - ڕێگای نەدا، بەڵکو پێی فەرموو: «بگەڕێوە ناو ماڵ و کەسوکارەکەت، بۆیان بگێڕەوە پەروەردگار چی بۆت کردووە و چۆن بەزەیی پێتدا هاتەوە.»
 - 20
 - جا ڕۆیشت و لە دە شارەکە[b]  دەستی بە جاڕدانی هەموو ئەوە کرد کە عیسا بۆی کردبوو. هەموو سەرسام بوون.
 - زیندووکردنەوەی کچێک و چاککردنەوەی ژنێک
 - 21
 - دیسان عیسا بە بەلەمەکە پەڕییەوە ئەوبەر، هەر لە کەناری دەریاچەکە بوو خەڵکێکی زۆر لێی کۆبوونەوە.
 - 22
 - یەکێک لە پێشەوایانی کەنیشت هات، ناوی یایرۆس بوو، کاتێک عیسای بینی، لەبەرپێی کەوت و
 - 23
 - زۆر لێی پاڕایەوە: «کچە بچووکەکەم لە سەرەمەرگدایە، وەرە دەستی لەسەر دابنێ تاکو چاک بێتەوە و بژیێت.»
 - 24
 - عیسا لەگەڵی چوو، خەڵکێکی زۆر دوای کەوت و پاڵەپەستۆیان لێ دەکرد.
 - 25
 - ژنێک لەوێ بوو کە دوازدە ساڵ خوێنبەربوونی هەبوو.
 - 26
 - بە دەستی چەندین پزیشک ئازاری زۆری چێژتبوو، ئەوەی هەیبوو خەرجی خۆی کردبوو، بەڵام هیچ سوودێکی نەبوو، بەڵکو خراپتر ببوو.
 - 27
 - باسی عیسای بیستبوو، بۆیە هاتە ناو خەڵکەکە و لە دواوە دەستی لە کراسەکەی دا،
 - 28
 - چونکە لە دڵی خۆیدا گوتی: «ئەگەر تەنها دەست لە کراسەکەی بدەم، چاکدەبمەوە.»
 - 29
 - دەستبەجێ خوێن لەبەرڕۆیشتنەکەی ڕاوەستا و لە لەشیدا هەستی بە چاکبوونەوە کرد لە نەخۆشییەکەی.
 - 30
 - یەکسەر عیساش زانی هێزێک لێی هاتە دەرەوە، ئاوڕی لە خەڵکەکە دایەوە و فەرمووی: «کێ دەستی لە کراسەکەم دا؟»
 - 31
 - قوتابییەکانی وەڵامیان دایەوە: «دەبینیت خەڵکەکە پاڵەپەستۆت لێدەکەن، کەچی دەفەرمووی کێ دەستی لێدام؟»
 - 32
 - بەڵام عیسا چاوی دەگێڕا، تاکو بزانێت کێ بوو وای کرد.
 - 33
 - ژنەکەش کە بە ڕووداوەکەی خۆی دەزانی، بە ترس و لەرزەوە هات، لەبەردەمی کەوت و هەموو شتێکی بە ڕاستی پێ گوت.
 - 34
 - ئەویش پێی فەرموو: «کچم، باوەڕەکەت تۆی چاککردەوە، بڕۆ بە سەلامەت و لە نەخۆشییەکەت چاکببەوە.»
 - 35
 - کاتێک عیسا قسەی دەکرد، چەند کەسێک لە ماڵی پێشەوای کەنیشتەوە هاتن و گوتیان: «کچەکەت مرد، ئیتر ئەزیەت مەخەرە بەر مامۆستا.»
 - 36
 - عیسا قسەکانی ئەوانی بەرگوێ کەوت، بە پێشەواکەی کەنیشتی فەرموو: «مەترسە، تەنها باوەڕت هەبێت.»
 - 37
 - نەیهێشت کەس لەگەڵی بچێت، پەترۆس و یاقوب و یۆحەنای برای یاقوب نەبێت.
 - 38
 - هاتنە ماڵی پێشەواکەی کەنیشت، بینی هەرا و گریان و شیوەنێکی زۆرە.
 - 39
 - چووە ژوورەوە، پێی فەرموون: «بۆچی هەراتانە و دەگریێن؟ کچەکە نەمردووە، بەڵکو نوستووە.»
 - 40
 - بەمە خەڵکەکە پێی پێکەنین.
بەڵام عیسا هەموویانی دەرکردە دەرەوە، دایک و باوکی منداڵەکەی برد لەگەڵ ئەوانەی لەگەڵی بوون و چووە ژوورەوە بۆ ئەو شوێنەی منداڵەکەی لێبوو. - 41
 - دەستی منداڵەکەی گرت و پێی فەرموو: «تالیسا، قوم!» کە بە واتای «کیژۆڵە، پێت دەڵێم هەستە!» دێت.
 - 42
 - کچەکە کە تەمەنی دوازدە ساڵ بوو، دەستبەجێ هەستا و دەستی بە ڕۆیشتن کرد، جا هەموویان زۆر سەرسام بوون.
 - 43
 - بە توندیش ڕایسپاردن کەس بەمە نەزانێت و فەرمووی شتێکی بدەنێ با بیخوات.
 
- a. 5:9 لێگیۆن: لاتینی، واتا لەشکری 6000 سەربازی.
 - b. 5:20 دە شارەکە: دیکاپۆلیس، دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون.
 

