عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
دژایەتییەکانی دیکە لە بنیادنانەوە 
1
ئەوە بوو کە سەنڤەلەت و تۆڤییا و گەشەمی عەرەبی و پاشماوەی دوژمنەکانمان بیستیانەوە کە شووراکەم بنیاد ناوەتەوە و هیچ کەلێنێکی تێدا نەماوە، هەرچەندە هەتا ئەو کاتە هێشتا دەرگام لە دەروازەکاندا دانەنابوو،
2
سەنڤەلەت و گەشەم پەیامیان بۆ ناردم و گوتیان: «وەرە با لە یەکێک لە گوندەکانی دەشتی ئۆنۆ پێکەوە کۆببینەوە.»
ئەوان بیریان لەوە دەکردەوە خراپەم لەگەڵدا بکەن.
3
منیش چەند نێردراوێکم بۆ لایان نارد و گوتم: «من خەریکی کارێکی گەورەم و ناتوانم دابەزم بۆ لاتان. بۆچی کارەکە بوەستێت، دەستی لێ هەڵبگرم و بێمە لاتان؟»
4
جا چوار جار هەمان پەیامیان بۆ ناردم، منیش هەمان وەڵامم دانەوە.
5
پاشان بۆ جاری پێنجەم، سەنڤەلەت خزمەتکارەکەی بە هەمان پەیامەوە ناردە لام و نامەیەکی کراوەی بەدەستەوە بوو،
6
تێیدا نووسرابوو:
«لەنێو نەتەوەکاندا بیستراوە و گەشەم دەڵێت، تۆ و جولەکەکان بیر لە یاخیبوون دەکەنەوە، لەبەر ئەوە شووراکە بنیاد دەنێیت. هەروەها بەپێی ئەم هەواڵانە دەبیتە پاشایان،
7
چەند پێغەمبەرێکیشت بۆ خۆت ڕاگرتووە هەتا بەناو ئۆرشەلیمدا بانگەوازت بۆ بکەن و بڵێن: ”لە یەهودا پاشا هەیە!“ ئێستاش ئەم هەواڵانە بە پاشا ڕادەگەیەنرێت، ئێستا وەرە با پێکەوە ڕاوێژ بکەین.»
8
منیش ئەم وەڵامەم بۆ نارد: «هیچ کام لەو شتانەی کە تۆ باسیان دەکەیت ڕووی نەداوە، بەڵکو هەڵبەستراوی دڵی خۆتە.»
9
هەموویان هەوڵیان دەدا بمانترسێنن و دەیانگوت، «دەستیان لە کارەکە سارد بووەتەوە و کارەکە ناکرێت.»
بەڵام نزام کرد: «ئەی خودایە، ئێستاش دەستم بەهێز بکە.»
10
ئیتر ڕۆژێک چوومە ماڵی شەمەعیای کوڕی دەلایای کوڕی میهێتەبێل کە لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر بوو، گوتی: «با لەناو ماڵی خودا کۆببینەوە، لە ناوەڕاستی پەرستگادا و دەرگاکانی پیرۆزگا دابخەین، چونکە بۆ کوشتنت دێن، بە شەو دێن بتکوژن.»
11
منیش گوتم: «ئایا پیاوێکی وەک من هەڵدێت؟ ئایا کەسێکی وەک من دەچێتە ناو پەرستگاوە هەتا بژیێت؟ ناچمە ژوورەوە!»
12
بۆم دەرکەوت کە خودا نەیناردووە، بەڵکو بە درۆ پێشبینیی لەسەر من کردووە، چونکە تۆڤییا و سەنڤەلەت بە کرێیان گرتبوو.
13
بەکرێ گیرابوو هەتا بمترسێنێت و خۆم بشارمەوە و گوناهبار بم، ئینجا بەوە ناوم بزڕێنن و ئابڕووم ببەن.
14
ئەی خودای من، بەگوێرەی ئەم کردەوانەیان تۆڤییا و سەنڤەلەتت لەبیر بێت، هەروەها نۆعەدیای پێغەمبەرە ژن و پاشماوەی ئەو پێغەمبەرانەی کە دەمترسێنن!
15
شووراکە لە بیست و پێنجی ئەیلول تەواو بوو، بە ماوەی پەنجا و دوو ڕۆژ.
تەواوکردنی شووراکە 
16
کاتێک هەموو دوژمنەکانمان بیستیان، هەموو نەتەوەکانی دەوروبەرمان ترسان و متمانەیان بە خۆیان نەما، زانییان کە ئەم کارە لەلایەن خودامانەوە کراوە.
17
هەروەها لەو ڕۆژانەدا زۆربەی خانەدانەکانی یەهودا نامەیان بۆ تۆڤییا دەنارد و لە تۆڤییاشەوە بۆ ئەوان دەهاتەوە،
18
چونکە زۆر لە یەهودا هاوپەیمانی بوون، لەبەر ئەوەی ئەو زاوای شەخەنەیای کوڕی ئارەح بوو، یەهۆحانانی کوڕیشی کچی مەشولامی کوڕی بەرەخیای هێنابوو.
19
هەروەها لەبەردەممدا باسیان لە کارە چاکەکانی ئەو دەکرد و قسەکانی منیان بۆی دەگێڕایەوە. ئینجا تۆڤییا چەند نامەیەکی نارد بۆ ئەوەی بمترسێنێت.