عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
عەزرا تەورات دەخوێنێتەوە 
1
ئینجا هەموو گەل وەک یەک کەس لە گۆڕەپانەکەی بەردەم دەروازەی ئاودا کۆبوونەوە و بە عەزرای مامۆستای تەوراتیان گوت، پەڕتووکی تەوراتی موسا بهێنێت کە یەزدان فەرمانی پێ کردبوو بۆ ئیسرائیل.
2
ئیتر لە ڕۆژی یەکەمی مانگی حەوت عەزرای کاهینیش پەڕتووکی تەوراتی هێنایە بەردەم کۆمەڵەکە، ژن و پیاو و هەموو ئەوانەی بە تێگەیشتنەوە گوێ دەگرن.
3
لە بەیانییەوە هەتا نیوەڕۆ، لەبەردەم گۆڕەپانەکەی پێش دەروازەی ئاو، بۆ ژن و پیاو و تێگەیشتووان خوێندییەوە، هەموو گەلیش گوێیان بۆ پەڕتووکی تەورات شل کردبوو.
4
عەزرای مامۆستای تەورات لەسەر ئەو دووانگەیە ڕاوەستا کە بۆ ئەو کارە لە دار دروستکرابوو، مەتیسیا و شەمەع و عەنایا و ئوریا و حیلقیا و مەعسێیاهو لەلای ڕاستیەوە ڕاوەستان و لەلای چەپیشییەوە پەدایا و میشائیل و مەلکیا و حاشوم و حەشبەدانا و زەکەریا و مەشولام ڕاوەستان.
5
عەزرا پەڕتووکەکەی لەبەرچاوی هەموو گەل کردەوە، چونکە لە سەرووی هەموو گەلەوە بوو، کە پەڕتووکەکەی کردەوە هەموو گەل هەستانە سەرپێ.
6
عەزرا ستایشی یەزدانی پەروەردگاری گەورەی کرد، هەموو گەلیش دەستیان بەرزکردەوە و وەڵامیان دایەوە: «ئامین! ئامین!» کڕنۆشیان بۆ یەزدان برد و سەریان خستە سەر زەوی.
7
لێڤییەکان کە لە یێشوع، بانی، شێرێڤیا، یامین، عەقوڤ، شەبەتەی، هۆدیا، مەعسێیاهو، قەلیتا، عەزەریا، یۆزاڤاد، حانان و پەلایا پێکهاتبوون، تەوراتیان بۆ گەل ڕوون دەکردەوە و گەلیش لەوێ ڕاوەستابوون.
8
بە ڕوونی پەڕتووکی تەوراتی خودایان خوێندەوە، واتاکەیان لێکدایەوە بۆ ئەوەی گەل لەوە تێبگات کە دەخوێنرایەوە.
9
پاشان نەحەمیا کە پارێزگار بوو لەگەڵ عەزرای کاهین و مامۆستای تەورات و ئەو لێڤییانەی گەلیان تێدەگەیاند بە هەموو گەلی گوت: «ئەمڕۆ ڕۆژێکی پیرۆزە بۆ یەزدانی پەروەردگارتان، لەبەر ئەوە شیوەن مەگێڕن و مەگریێن.» لەبەر ئەوەی هەموو گەل کاتێک گوێیان لە وشەکانی تەورات بوو، گریابوون.
10
ئینجا نەحەمیا پێی گوتن: «بڕۆن و خواردنی چەور بخۆن و خواردنەوەی شیرین بخۆنەوە و بەشی ئەوانەش بنێرن کە بۆیان ئامادە نەکراوە. ئەمڕۆ پیرۆزە بۆ یەزدانمان، دڵتەنگ مەبن، چونکە خۆشی لە یەزدانەوە هێزتانە.»
11
لێڤییەکانیش هەموو گەلیان هێور دەکردەوە و دەیانگوت: «بێدەنگ بن، چونکە ئەمڕۆ پیرۆزە، دڵتەنگ مەبن.»
12
پاشان هەموو گەل چوون بۆ ئەوەی بخۆن و بخۆنەوە، بەشە خواردن بنێرن و ئاهەنگێکی گەورە بگێڕن، چونکە لەو وشانە تێگەیشتن کە فێر کران.
13
لە دووەم ڕۆژی مانگەکە گەورەی بنەماڵەکانی هەموو گەل و کاهین و لێڤییەکان لەلای عەزرای مامۆستای تەورات کۆبوونەوە بۆ ئەوەی پەیامی تەوراتیان تێبگەیەنێت.
14
جا بینییان لەو تەوراتەی کە یەزدان لەسەر دەستی موسا فەرمانی پێ کردووە، نووسراوە کە نەوەی ئیسرائیل لە کاتی جەژندا[a] کەپرنشین دەبن، لە مانگی حەوت،
15
پێویستە لەناو هەموو شارۆچکەکانیان و لە ئۆرشەلیمدا بانگەواز بکەن و بڵێن: «بچنە دەرەوە بۆ چیاکان و چڵی زەیتوون و زەیتوونی کێوی و مۆرد[b] و دار خورما و داری گەڵادار بهێنن بۆ دروستکردنی کەپر،» هەروەک نووسراوە.
16
جا گەل ڕۆیشتن و هێنایان و کەپریان بۆ خۆیان دروستکرد، هەریەکە و لەسەر بانی ماڵەکەی و لەناو حەوشەکانیان و حەوشەکانی ماڵی خودا و گۆڕەپانەکەی دەروازەی ئاو و گۆڕەپانەکەی دەروازەی ئەفرایم.
17
هەموو ئەو کۆمەڵەی لە ڕاپێچکراوی گەڕابوونەوە کەپریان دروستکرد و لەناو کەپردا دانیشتن. لە سەردەمی یەشوعی کوڕی نونەوە هەتا ئەو ڕۆژە نەوەی ئیسرائیل ئاهەنگێکی گەورە و شکۆداری لەو جۆرەیان نەگێڕابوو.
18
ڕۆژ لەدوای ڕۆژ عەزرا لە پەڕتووکی تەوراتی خودای دەخوێندەوە، لە ڕۆژی یەکەمەوە هەتا ڕۆژی کۆتایی. حەوت ڕۆژ جەژنیان گێڕا و لە ڕۆژی هەشتەمدا بەپێی ڕێوڕەسم ئاهەنگی کۆتاییپێهێنان بوو.
  1. a. 8‏:14 جەژن: مەبەستی لە جەژنی کەپڕەشینەیە. بڕوانە لێڤییەکان 23‏:33‏-36.‏‏
  2. b. 8‏:15 مۆرد: دارێکە گەڵاکانی بریقەدارە و سەوزێکی تۆخە، گوڵی سپی دەگرێت و بۆنی خۆشە، لە بێت‌لەحم و حەبرۆن هەیە. ئێستا لە ڕۆژهەڵات پێی دەگوترێت ئاس.‏