عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - خزمەتی کاهین و لێڤی
 - 1
 - یەزدان بە هارونی فەرموو: «تۆ و کوڕەکانت و بنەماڵەکەت ئۆباڵی ئەو گوناهانە هەڵدەگرن کە لە پیرۆزگا دەکرێت، تۆ و کوڕەکانت ئۆباڵی ئەو گوناهانە هەڵدەگرن کە لە کاهینیێتییەکەتان دەکرێت.
 - 2
 - هەروەها براکانت، هۆزی لێڤی، هۆزی باوکت، لە خۆت نزیک بکەوە، ئینجا بە تۆوە پابەند دەبن و پاڵپشتی تۆ و کوڕەکانت دەکەن لەبەردەم چادری پەیمان.
 - 3
 - ئەوان بەردەستی خۆت و هەموو کاروباری چادرەکە دەکەن، بەڵام لە قاپوقاچاغی پیرۆزگاکە و لە قوربانگاکە نزیک ناکەونەوە، نەوەک ئەوان و ئێوەش، هەمووتان بمرن.
 - 4
 - پابەندت دەبن و بەرپرسیاریش دەبن لە پارێزگاری چادری چاوپێکەوتن لەگەڵ هەموو خزمەتی چادرەکە، هیچ کەسێکی دیکەش لێتان نزیک ناکەوێتەوە.
 - 5
 - «بەڵکو ئێوە بەرپرسیار دەبن لە پارێزگاری پیرۆزگاکە و قوربانگاکە، تاکو جارێکی دیکە تووڕەیی نەیەتە سەر نەوەی ئیسرائیل.
 - 6
 - من خۆم لێڤییەکانی براتانم لەنێو نەوەی ئیسرائیل هەڵبژارد و دامەوە ئێوە، بۆ یەزدان تەرخانکراون تاکو خزمەتەکەی چادری چاوپێکەوتن بەجێبگەیەنن.
 - 7
 - تەنها تۆ و کوڕەکانت لەگەڵت خزمەتی کاهینیێتی دەکەن، لەگەڵ هەموو ئەوەی پەیوەندی بە قوربانگاکە هەیە و ئەوەی لەناو پەردەکەیە دەپارێزن. کاهینیێتی پێدراوێکی تایبەت بە ئێوەیە و پێمداون و هەرکەسێکی دیکە ئەوەی لە پیرۆزگا نزیک بکەوێتەوە دەکوژرێت.»
 - بەشی کاهین و لێڤییەکان
 - 8
 - یەزدان بە هارونی فەرموو: «ئێستا من بەرپرسیاریێتی پێشکەشکراوەکان کە بۆ منی بەرز دەکەنەوە داومەتە تۆ، هەموو پێشکەشکراوە پیرۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل، دەیدەمە خۆت و کوڕەکانت وەک بەشە کاهینیێتیتان و بەشێکی چەسپاوە.
 - 9
 - ئەم بەشە بۆ تۆ دەبێت لە پێشکەشکراوە هەرەپیرۆزەکان ئەوەی لە ئاگر دەپارێزرێت. لە هەموو قوربانییەکانیان و هەموو پێشکەشکراوەکانی دانەوێڵەیان و هەموو قوربانییەکانی گوناهیان و هەموو قوربانییەکانی تاوانیان کە بۆ منی دەهێنن، ئەو بەشە هەرەپیرۆزە بۆ تۆ و بۆ کوڕەکانتە.
 - 10
 - وەک شتێکی هەرەپیرۆز دەیخۆیت، هەموو نێرینەیەک لێی دەخوات، بۆ تۆ پیرۆز دەبێت.
 - 11
 - «ئەوەی لە بەخشین و قوربانی بەرزکردنەوەی ئیسرائیلییەکان بەلاوەدەنرێت، بۆ تۆیە. بەشێکی چەسپاوە داومەتە تۆ و کوڕ و کچەکانت. ئیتر هەموو کەسێک لە ماڵەکەت کە بەپێی ڕێوڕەسم پاکە لێی دەخوات.
 - 12
 - «باشترین زەیت و باشترین شەراب و باشترین دانەوێڵە، یەکەمین بەرهەمەکانیان کە بە یەزدانی دەدەن، من هەموویم داوەتە تۆ،
 - 13
 - یەکەمین بەرهەمی هەموو شتێکی زەوییەکەیان کە بۆ یەزدانی پێشکەش دەکەن بۆ تۆ دەبێت، هەموو کەسێک لە ماڵەکەت ئەوەی بەپێی ڕێوڕەسم پاکە لێی دەخوات.
 - 14
 - «هەموو تەرخانکراوێک[a] بۆ یەزدان لە ئیسرائیل بۆ تۆ دەبێت،
 - 15
 - هەر نۆبەرەیەکی سک کە پێشکەشی یەزدانی دەکەن لە مرۆڤ و لە ئاژەڵ، بۆ تۆ دەبێت، بەڵام پێویستە کوڕە نۆبەرەی مرۆڤ و نۆبەرە نێرینەی ئاژەڵی گڵاویش بکڕیتەوە.
 - 16
 - پێویستە لە تەمەنی یەک مانگییەوە بیانکڕیتەوە، نرخی کڕینەوەش پێنج شاقل لە زیو بەگوێرەی خەمڵاندنی شاقلی پیرۆزگا، کە بیست گێرایە[b] .
 - 17
 - «بەڵام پێویستە نۆبەرەی مانگا و مەڕ و بزن نەکڕیتەوە، ئەوان پیرۆزن و خوێنەکەیان بەسەر قوربانگاکەدا دەڕژێنیت و پیوەکەیان[c] دەسووتێنیت، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە.
 - 18
 - گۆشتەکەشی بۆ تۆ دەبێت وەک سنگی قوربانی بەرزکردنەوە و ڕانی ڕاستە.
 - 19
 - هەرچییەک کە بەلاوە دەنرێت لە پێشکەشکراوە پیرۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل کە بۆ یەزدانی پێشکەش دەکەن وەک بەشێکی چەسپاو داومە بە تۆ و کوڕ و کچەکانت، دەبێتە پەیمانی نمەک بۆ تۆ و نەوەکەت کە هەتاهەتایە لەبەردەم یەزدان دەچەسپێت.»
 - 20
 - هەروەها یەزدان بە هارونی فەرموو: «لە زەوییەکەیان هیچ میراتت بەرناکەوێت و لەنێویان بەشت نابێت، لەنێو نەوەی ئیسرائیل من بەش و میراتی تۆم.
 - 21
 - «بەڵام نەوەی لێڤی لەبری ئەو خزمەتەی دەیکەن، خزمەتی چادری چاوپێکەوتن، ئەوا من لە ئیسرائیل وەک میرات هەموو دەیەکێکم پێداون.
 - 22
 - لە ئێستا بەدواوە نەوەی ئیسرائیل لە چادری چاوپێکەوتن نزیک ناکەونەوە، هەتا گوناهێک هەڵبگرن کە بۆ مردن بێت،
 - 23
 - بەڵکو لێڤییەکان خزمەتی چادری چاوپێکەوتن دەکەن، ئەوان بەرپرسیاریێتی هەڵدەگرن وەک فەرزێکی هەتاهەتایی نەوە دوای نەوە، لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا هیچ میراتیان بەرناکەوێت.
 - 24
 - دەیەکەکانی نەوەی ئیسرائیل کە بۆ یەزدانی پێشکەش دەکەن وەک بەخشینی بەرزکراوە، من داومە بە لێڤییەکان، میراتی ئەوانە، بۆیە پێیانم فەرموو کە لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا هیچ میراتیان بەرناکەوێت.»
 - 25
 - یەزدان بە موسای فەرموو:
 - 26
 - «لەگەڵ لێڤییەکان دەدوێیت و پێیان دەڵێیت: ”کاتێک دەیەکەکە وەردەگرن لە نەوەی ئیسرائیل کە من وەک میرات بە ئێوەم داوە، بەخشینی بەرزکراوەی یەزدانی لێ پێشکەش دەکەن، دەیەک لە دەیەک.
 - 27
 - جا بە بەخشینی بەرزکراوەتان دادەنرێت، وەک دانەوێڵەی جۆخین و پڕی بەرهەمی گوشەرەکە[d] .
 - 28
 - بەم شێوەیە ئێوەش بەخشینی بەرزکراوەی یەزدان لە هەموو دەیەکەکانتان پێشکەش دەکەن کە لە نەوەی ئیسرائیلی وەردەگرن، لەوە بەخشینی بەرزکراوەی یەزدان بە هارونی کاهین دەدەن.
 - 29
 - لە هەموو بەخشینەکانتان هەموو بەرزکراوەیەک بۆ یەزدان پێشکەش دەکەن کە لە هەرە باشترین و پیرۆزترین بێت.“
 - 30
 - «پێیان دەڵێیت: ”کاتێک باشترینەکەی پێشکەش دەکەن، وەک بەرهەمی جۆخین و گوشەر[e] بۆ لێڤییەکان هەژمارد دەکرێت.
 - 31
 - ئێوە و ماڵەکانتان لە هەموو شوێنێک دەیخۆن، چونکە کرێی ئێوەیە لەبری خزمەتتان لە چادری چاوپێکەوتن.
 - 32
 - بەهۆیەوە گوناهباریش نابن ئەگەر لە باشترینەکەی پێشکەش بکەن، بەڵام پێشکەشکراوە پیرۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل گڵاو مەکەن نەوەک بمرن.“»
 
- a. 18:14 لە زمانی عیبری ئەم زاراوەیە دەگەڕێتەوە بۆ شتێک یان کەسێک کە دەبەخشرێت بە یەزدان.
 - b. 18:16 بیست گێرا: نزیکەی 12 گرام. بڕوانە دەرچوون 30:13.
 - c. 18:17 پیوەکەی: واتا بەزەکەی.
 - d. 18:27 واتا ئاوی ترێ.
 - e. 18:30 بڕوانە ئایەتی 27.
 

