عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - بینینەکەی عۆبەدیا
- 1
- بینینەکەی عۆبەدیا.
 یەزدانی باڵادەست سەبارەت بە ئەدۆم ئەمە دەفەرموێت،
 هەواڵێکمان لەلایەن یەزدانەوە بیست،
 نێردراوێک بۆ نەتەوەکان نێردراوە تاکو پێیان بڵێت:
 «هەستن! هەستن بۆ جەنگ.»
- 2
- «ئێستا لەنێو گەلاندا بچووکت دەکەمەوە،
 تۆ زۆر ڕیسوا دەبیت.
- 3
- فیزی دڵت هەڵیخەڵەتاندی،
 ئەی نیشتەجێی نێو کەلێنی تاشەبەرد[a] ،
 ئەوەی نشینگەکەت لە بەرزاییدایە،
 ئەوەی لە دڵی خۆتدا دەڵێیت:
 ”کێ دامدەگرێتە سەر زەوی؟“
- 4
- ئەگەر وەک هەڵۆ بەرز بیتەوە و
 ئەگەر هێلانەت لەناو ئەستێرەکان دابنێیت،
 لەوێوە دەتهێنمە خوارەوە.»
 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 5
- «ئەگەر دز یان چەتەی شەوانت بۆ بێت،
 ئایا تەنها ئەوەی پێویستیان بێت نایدزن؟
 ئەگەر ڕەزبڕت[b] بۆ بێت
 ئایا هەندێک ترێ بەجێناهێڵن؟
 ئای چۆن بە تەواوی بڕایتەوە!
- 6
- ئای عیسۆ چۆن دەپشکێنرێت!
 گەنجینە شاردراوەکانی تاڵان دەکرێن!
- 7
- هەموو هاوپەیمانەکانت هەتا سنوور ڕاویان نای،
 هەڵیانخەڵەتاندی و بەسەرتدا زاڵبوون،
 ئەوانەی نمەکی تۆیان کردبوو داوت بۆ دەنێنەوە،
 بەڵام تۆ تێناگەیت.»
- 8
- یەزدان دەفەرموێت:
 «ئایا لەو ڕۆژەدا،
 دانایان لە ئەدۆم لەناو نابەم،
 تێگەیشتووانیش لە چیای عیسۆ؟
- 9
- ئەی تێمان، پاڵەوانەکانت دەتۆقن،
 هەموو ئەوانەی لە چیای عیسۆن
 بە کوشتن لەناودەچن.
- 10
- لەبەر ستەمی تۆ لە یاقوبی برات،
 ڕیسوایی داتدەپۆشێت،
 بۆ هەتاهەتایە لەناودەچیت.
- 11
- ئەو ڕۆژەی تەماشات دەکرد
 کاتێک بیانییەکان سامانەکەیان داگیر کرد و
 نامۆکان هاتنە ناو دەروازەکانی و
 لەسەر ئۆرشەلیم تیروپشکیان کرد،
 هەروەها تۆش وەک یەکێک بووی لەوان.
- 12
- بەڵام نابێت بە ڕۆژی کارەساتی براکەت دڵخۆش بیت،
 یان لە ڕۆژی لەناوچوونی نەوەی یەهودا شادمان بیت،
 یان لە ڕۆژی تەنگانەیاندا شانازی بکەیت.
- 13
- نابێت بچیتە ناو دەروازەی گەلەکەم
 لە ڕۆژی کارەساتیان،
 یان بە ناخۆشییەکەیان دڵخۆش بیت
 لە ڕۆژی کارەساتیان،
 یان دەستت بۆ سامانەکەیان درێژ بکەیت
 لە ڕۆژی کارەساتیان.
- 14
- نابێت لەسەر دووڕیانەکان بوەستیت
 بۆ کوشتنی دەربازبووەکانیان،
 نابێت هەڵاتووەکانیان ڕادەست بکەیت
 لە ڕۆژی تەنگانەیاندا.
- 15
- «ڕۆژی یەزدان[c]  بۆ هەموو گەلان نزیکە.
 هەروەک ئەوەی کردت ئاوات پێ دەکرێتەوە،
 کردەوەکانت بەسەر خۆت دێتەوە.
- 16
- هەروەک لەسەر کێوی پیرۆزم خواردتانەوە،
 هەموو گەلان بەردەوام جامی سزا دەخۆنەوە؛
 دەخۆنەوە و دەخۆنەوە و
 وەک ئەوەیان لێدێت کە هەرگیز نەبووبن.
- 17
- بەڵام دەربازبوون لەسەر کێوی سییۆن دەبێت،
 پیرۆز دەبێت،
 بنەماڵەی یاقوبیش بەشە میراتی خۆیان وەردەگرن.
- 18
- بنەماڵەی یاقوب دەبێتە ئاگر و
 بنەماڵەی یوسف دەبێتە گڕ؛
 بنەماڵەی عیسۆش دەبێتە پووش،
 جا گڕیان تێبەردەدەن و دەیانخۆن.
 بنەماڵەی عیسۆ کەسیان لێ دەرباز نابێت.»
 ئەمە فەرمایشتی یەزدانە.
- 19
- خەڵکی نەقەب
 چیای عیسۆ داگیر دەکەن،
 خەڵکی زوورگەکانیش
 خاکی فەلەستییەکان.
 دەبنە خاوەنی کێڵگەکانی ئەفرایم و سامیرە،
 بنیامینیش دەبێتە خاوەنی گلعاد.
- 20
- ئەو کۆمەڵەی ڕاپێچکراوانی ئیسرائیل کە لە کەنعانن
 هەتا سەرەفەند دەست بەسەر خاکەکەدا دەگرن؛
 ڕاپێچکراوانی ئۆرشەلیمیش کە لە سفارەدن
 دەست بەسەر شارۆچکەکانی نەقەبدا دەگرن.
- 21
- ڕزگارکەرانی خاکەکەش سەردەکەونە سەر کێوی سییۆن
 بۆ فەرمانڕەوایەتی لەسەر چیای عیسۆ.
 پاشایەتیش بۆ یەزدان دەبێت.
- a. 1:3 پایتەختی ئەدۆم ناوی سەلەع بوو، کە هەمان وشەی عیبرییە بۆ تاشەبەرد.
- b. 1:5 ڕەزبڕ: ئەوەی بەرهەمی ڕەزی دەبڕێتەوە.
- c. 1:15 ڕۆژی سزادانی گوناهباران و ڕزگارکردنی گەلی خودا.

