عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
بە عیسای خاوەن شکۆ دڵشاد بن 
1
بۆیە خوشکان و برایانم، ئەی ئەوانەی خۆشمدەوێن و پەرۆشتانم، ئێوە خۆشی و تاجی منن. خۆشەویستانم، بەو شێوەیە کە نووسیومە، بە یەکبوونتان لەگەڵ مەسیحی خاوەن شکۆ بچەسپێن.
2
لە ئەوۆدیا دەپاڕێمەوە و لە سینتخی دەپاڕێمەوە کە بە یەکبوونیان لەگەڵ مەسیح هاوبیر بن.
3
بەڵێ تۆش ئەی هاوڕێی دڵسۆزم، داوات لێ دەکەم یارمەتییان بدەیت، چونکە هەردووکیان لە ڕاگەیاندنی پەیامی ئینجیلدا شانبەشانی من تێکۆشاون، لەگەڵ کلیمنتۆس و هاوکارانی دیکەم کە ناویان لە پەڕتووکی ژیانە.
4
هەمیشە بە عیسای خاوەن شکۆ دڵشاد بن. دیسان دەیڵێمەوە، دڵشاد بن!
5
با هەموو خەڵک بە ڕووخۆشیتان بزانێت. هاتنەوەی عیسای خاوەن شکۆ نزیکە.
6
نیگەران مەبن، بەڵکو با لە هەموو شتێکدا داواکاریتان بە نوێژ و پاڕانەوە و سوپاسگوزارییەوە لەلای خودا زانراو بێت.
7
ئاشتی خوداش، ئەوەی بەرزترە لە هەموو تێگەیشتنێک، دڵ و بیرتان بە یەکبوونتان لەگەڵ عیسای مەسیحدا دەپارێزێت.[a]
8
لە کۆتاییدا خوشکان و برایان، بیر لە هەموو ئەو شتانە بکەنەوە کە ڕاست و ڕێزدارن، دادپەروەر و پاکن، خۆشەویست و ناوبانگ باشن، ڕەوشت بەرز و شایانی ستایشن.
9
چی لە مندا فێربوون و وەرتانگرت و بیستتان و بینیتان، ئەوە جێبەجێ بکەن. خودای ئاشتیش لەگەڵتان دەبێت.
سوپاس بۆ بەخشینتان 
10
زۆر دڵشاد بووم بە مەسیحی خاوەن شکۆ، کە ئێستا دیسان بایەخم پێدەدەن. بە دڵنیاییەوە پێشتریش بایەختان پێم دەدا، بەڵام دەرفەتی ئەوەتان نەبوو کە دەریبخەن.
11
من ئەمە ناڵێم لەبەر ئەوەی پێویستم بە یارمەتییە، چونکە فێربووم لە هەر دۆخێکدا بم خۆبژێو بم.
12
دەزانم نەبوونی چییە و دەزانم هەبوونیش چییە، لە هەر شتێک و لە هەموو شتێکدا فێری نهێنی ئەوە بووم لە هەبوونی و نەبوونیدا ئاسوودە بم.
13
دەتوانم هەموو ئەم شتانە لە ڕێگەی مەسیحەوە بکەم، ئەوەی بەهێزم دەکات.
14
لەگەڵ ئەوەشدا چاکتان کرد کە بەشداری تەنگانەتان کردم.
15
ئەی فیلیپییەکان، ئێوەش دەزانن، لە سەرەتای بڵاوکردنەوەی پەیامی ئینجیل لەنێو ئێوە، کاتێک لە مەکدۆنیا ڕۆیشتم، هیچ کڵێسایەک لە بابەتی وەرگرتن و پێداندا هاوکارییان نەکردووم، ئێوە نەبێت.
16
تەنانەت ئەو کاتەی لە شاری سالۆنیکی بووم، چەند جارێک هاوکاریتان کردم کاتێک پێویستم بە یارمەتی بوو.
17
نەک لەبەر ئەوەی حەزم لە بەخشین بێت بەڵکو حەزم لەو بەرهەمەیە کە لەلای خودا بۆتان تۆمار دەکرێت.
18
ئێستا هەموو شتێکم هەیە، زیاتر لە پێویست. ئەو شتانەی ئەپەفرۆدیتۆس لەلای ئێوە هێنای وەرمگرت و تێربووم، بۆنێکی خۆشە، قوربانییەکی قبوڵکراوە، دڵی خودا خۆش دەکات.
19
خودای من هەموو پێداویستییەکانتان دابین دەکات بەپێی دەوڵەمەندی ئەو شکۆیەی لە عیسای مەسیحدا هەیەتی.
20
ئێستاش شکۆمەندی بۆ خودای باوکمان هەتاهەتایە. ئامین.
سڵاوی کۆتایی 
21
بە ناوی عیسای مەسیح سڵاو لە هەموو گەلی خودا بکەن.
ئەو خوشک و برایانەی لەگەڵمدان سڵاوتان لێدەکەن.
22
هەموو گەلی خودا کە لێرەن سڵاوتان لێدەکەن، بە تایبەتی ئەوانەی لە خانەوادەی قەیسەرن.
23
با نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ لەگەڵ ڕۆحتان بێت.

  1. a. 4‏:7 بڕوانە یۆحەنا 15‏:4‏‏.‏