عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
- هەژارێک ڕێگای تەواوەتی گرتبێت
 باشترە لەوەی زمان خوار و گێلە.
- 2
- دڵگەرمی بەبێ زانیاری باش نییە و
 ئەوەی پەلە بە پێیەکانی بکات بە هەڵەدا دەچێت.
- 3
- مرۆڤ بە گێلایەتییەکەی ڕێگای خۆی وێران دەکات،
 کەچی دڵی لە دژی یەزدان هەڵدەچێت.
- 4
- دەوڵەمەندیێتی برادەری زۆر پەیدا دەکات،
 بەڵام هەژار برادەرەکەشی لێی جیا بووەتەوە.
- 5
- شایەتی درۆزن بێ سزا نابێت،
 ئەوەی درۆ پەخش دەکات دەرباز نابێت.
- 6
- زۆر کەس هەوڵی بەدەستهێنانی ڕەزامەندی میر دەدەن،
 هەمووش دۆستی پیاوی بەخشندەن.
- 7
- پیاو هەژار بێت براکانی خۆشی ڕقیان لێی دەبێتەوە،
 لەوەش زیاتر هاوڕێیەکانی لێی دوور دەکەونەوە!
 بە پاڕانەوەکانی دوایان دەکەوێت،
 بەڵام بێ سوودە.
- 8
- ئەوەی دانایی دەست بکەوێت خۆی خۆشدەوێت،
 ئەوەی بایەخ بە تێگەیشتن بدات چاکە دەدۆزێتەوە.
- 9
- شایەتی درۆزن بێ سزا نابێت،
 ئەوەی درۆ پەخش بکات لەناودەچێت.
- 10
- گێل خۆشگوزەرانیی لێ ناوەشێتەوە،
 لەوەش زیاتر دەسەڵاتداربوونی کۆیلە بەسەر میرانەوە.
- 11
- وریایی مرۆڤ تووڕەبوونی خاودەکاتەوە،
 شانازیشی لێبوردنە لە یاخیبوون.
- 12
- هەڵچوونی پاشا وەک نەڕەی شێرە،
 بەڵام ڕەزامەندییەکەی وەک شەونمە بەسەر گیاوە.
- 13
- کوڕی گێل ماڵوێرانی باوکیەتی،
 ناکۆکی ژنیش دڵۆپەکردنی بەردەوامە.
- 14
- ماڵ و سامان میراتی باوکانە،
 بەڵام ژنی وریا لەلایەن یەزدانەوەیە.
- 15
- تەمبەڵی خەوی قووڵ دەهێنێت،
 کەسی سست برسی دەبێت.
- 16
- ئەوەی ڕاسپاردە[a]  بپارێزێت گیانی خۆی دەپارێزێت،
 بەڵام ئەوەی بە سووکی بڕوانێتە ڕێگای خۆی لەناودەچێت.
- 17
- ئەوەی بەزەیی بە هەژاردا بێتەوە قەرز بە یەزدان دەدات،
 ئەویش پاداشتی چاکەکەی دەداتەوە.
- 18
- کوڕەکەت تەمبێ بکە ئەوەندەی ئومێدی تێدایە،
 مەبە هۆکاری مردنی.
- 19
- ئەوەی زۆر تووڕە بێت بەرگەی ئەنجامەکەی دەگرێت،
 چونکە ئەگەر جارێک فریای بکەویت دەبێت دووبارەی بکەیتەوە.
- 20
- گوێ لە ڕاوێژ بگرە و تەمبێکردن وەربگرە،
 بۆ ئەوەی دانا بیت لە دواڕۆژت.
- 21
- مرۆڤ پلانی زۆری لە دڵدایە،
 بەڵام تەنها ڕاوێژی یەزدان دەچەسپێت.
- 22
- ئارەزووی مرۆڤ لە خۆشەویستی نەگۆڕە،
 هەژار لە پیاوی درۆزن باشترە.
- 23
- لەخواترسی بۆ ژیانە،
 بە تێری دەنوێت و خراپە بەسەری ناکاتەوە.
- 24
- تەمبەڵ دەست دەخاتە ناو قاپ،
 تەنانەت بۆ دەمیشی نابات.
- 25
- لە گاڵتەجاڕ بدە و ساویلکە ژیر دەبێت،
 تێگەیشتوو سەرزەنشت بکە زانیاری تێدەگات.
- 26
- ئەوەی باوکی تاڵان بکات و دایکی دەربکات،
 کوڕێکە مایەی شەرمەزاری و ڕیسوایی.
- 27
- ڕۆڵە، ئەگەر وازت لە گوێگرتن لە ڕاوێژ هێنا،
 لە وتەکانی زانیاری گومڕا دەبیت.
- 28
- شایەتی دڵڕەش گاڵتە بە دادپەروەری دەکات،
 دەمی بەدکارانیش تاوان قووت دەدات.
- 29
- سزا بۆ گاڵتەجاڕەکان ئامادەکراوە،
 لێدانیش بۆ پشتی گێلەکان.
- a. 19:16 تەوراتی موسا.

