عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
- شەراب گاڵتەجاڕە و مەستی غەڵبەغەڵب دەکات،
 ئەوەی پێی وێڵ بێت دانا نییە.
- 2
- هەڵچوونی پاشا وەک نەڕەی شێرە،
 ئەوەی تووڕەیی بکات لە دژی گیانی خۆی تاوان دەکات.
- 3
- وازهێنان لە ناکۆکی ڕێزدارییە بۆ پیاو،
 بەڵام هەموو گێلێک هەڵیدەگیرسێنێت.
- 4
- لە زستاندا تەمبەڵ زەوی ناکێڵێت،
 بۆیە لە کاتی دروێنەدا داوای بەرهەم دەکات و دەستی ناکەوێت.
- 5
- پلان لە دڵی مرۆڤدا ئاوێکی قووڵە،
 بەڵام تێگەیشتوو دەریدەهێنێت.
- 6
- زۆر کەس بانگەشەی خۆشەویستی نەگۆڕ دەکەن،
 بەڵام کەسی جێگای متمانە کێ دەیدۆزێتەوە؟
- 7
- کەسی ڕاستودروست بە ڕێگای تەواوی خۆیدا دەڕوات،
 دوای خۆی خۆزگە بە منداڵەکانی دەخوازرێت.
- 8
- پاشای دانیشتوو لەسەر تەختی دادوەری،
 بە چاوەکانی هەموو خراپەیەک شەن دەکات.
- 9
- کێیە دەڵێت: «دڵی خۆمم بێگەرد ڕاگرت،
 پاک بوومەوە لە گوناهم»؟
- 10
- دوو کێش و دوو پێوانەی لاسەنگ[a] ،
 هەردووکیان قێزەونن لەلای یەزدان.
- 11
- تەنانەت منداڵیش بە کردارەکانی دەناسرێت،
 ئاخۆ کردەوەکەی پاک و ڕاستە.
- 12
- گوێ کە دەبیستێت و چاو کە دەبینێت،
 یەزدان دروستکەری هەردووکیانە.
- 13
- حەز لە خەو مەکە نەوەک هەژار بیت،
 چاوت کراوە بێت و تێر نان بە.
- 14
- کڕیار دەڵێت: «خراپە، خراپە!»
 بەڵام کە ڕۆیشت شانازی پێوە دەکات.
- 15
- زێڕ هەیە و یاقووت[b]  زۆرە،
 بەڵام لێوی زانیاری گەوهەرێکی بەهادارە.
- 16
- ئەگەر کەسێک بووە کەفیلی نامۆیەک کەواکەی لێ وەربگرە،
 لەبەر بێگانەکە بارمتەی لێ وەربگرە.
- 17
- بەتامە بۆ مرۆڤ نانی بە فێڵ،
 بەڵام دواتر دەمی پڕ دەبێت لە چەو.
- 18
- پلانەکان بە ئامۆژگاری دێنە دی،
 بە ڕاوێژ بجەنگە.
- 19
- دەمشڕ نهێنی ئاشکرا دەکات،
 بۆیە تێکەڵی چەنەباز مەبە.
- 20
- ئەوەی نەفرەت لە دایک و باوکی بکات،
 لەناو جەرگەی تاریکیدا چرای دەکوژرێتەوە.
- 21
- میراتێک لە سەرەتای ژیان و بە زوویی دەست بکەوێت
 لە کۆتاییدا بێ بەرەکەت دەبێت.
- 22
- مەڵێ: «خراپە بە خراپە دەدەمەوە.»
 چاوەڕێی یەزدان بکە ڕزگارت دەکات.
- 23
- یەزدان قێزی لە بەکارهێنانی دوو کێشی جیاواز دەبێتەوە،
 تەرازووی لاسەنگ باش نییە.
- 24
- هەنگاوەکانی مرۆڤ لە یەزدانەوەیە،
 ئیتر مرۆڤ چۆن لە ڕێگای خۆی تێدەگات؟
- 25
- تەڵەیە بۆ مرۆڤ بە سەرەڕۆیی نەزرێک تەرخان بکات،
 ئینجا پاش نەزرەکە پرسوڕا بکات.
- 26
- پاشای دانا بەدکاران شەن دەکات،
 بە جەنجەڕ بەسەریاندا دێت.
- 27
- چرای یەزدان ڕۆحی مرۆڤ دەپشکنێت،
 هەروەها هەموو ناخی دەروونیش.
- 28
- خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی پاشا دەپارێزن،
 بە خۆشەویستی نەگۆڕ تەختی دەچەسپێت.
- 29
- شانازی لاوان هێزیانە،
 ڕیش سپیێتیش شکۆمەندی پیرانە.
- 30
- برینی لێدان خراپە پاک دەکاتەوە،
 لێدانی قامچیش ناخی دەروون.
- a. 20:10 بەکارهێنانی دوو کێشی جیاواز، یەکێک بۆ کڕین و یەکێک بۆ فرۆشتن.
- b. 20:15 یاقووت: گەوهەری سووری تۆخ.

