عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
ئیرەیی بە پیاوخراپان مەبە،
ئارەزوو مەکە لەگەڵیاندا بیت،
2
چونکە دڵیان پیلانی زۆرداری دەکێشێت و
لێوەکانیان باسی گرفتنانەوە دەکەن.
3
بە دانایی ماڵ بنیاد دەنرێت،
بە تێگەیشتنیش دەچەسپێت،
4
بە زانیاریش ژوورەکان پڕ دەبن
لە هەموو گەنجینەیەکی بە نرخ و جوان.
5
پیاوی دانا بەتوانایە،
کەسی زانا هێزی زیاد دەبێت.
6
بێگومان بە ڕاوێژەوە شەڕ دەکەیت،
سەرکەوتنیش بە زۆری ئامۆژگارانە.
7
دانایی بەرزە بۆ گێل،
لە کۆڕی ناو دەروازەدا[a] دەمی لێک ناکاتەوە.
8
ئەوەی بیر لە خراپە بکاتەوە،
بە تەڵەکەباز ناودەبردرێت.
9
پیلانی گێلایەتی گوناهە،
خەڵک قێزیان لە گاڵتەجاڕە.
10
ئەگەر ورە بەردەیت لە ڕۆژی تەنگانە،
بێ هێزیت!
11
ئەوانە دەرباز بکە کە بۆ مردن دەبردرێن و
لەوانەی بۆ سەربڕین پاڵخراون، کەمتەرخەم مەبە.
12
ئەگەر بڵێی: «ئەوەتا ئەمەم نەزانیوە،»
ئایا هەڵسەنگێنەری دڵەکان تێناگات؟
ئەوەی گیانت دەپارێزێت ئایا نازانێت؟
ئایا سزای مرۆڤ بەپێی کردەوەکانی ناداتەوە؟
13
ڕۆڵە، هەنگوین بخۆ، چونکە باشە و
شیلەی هەنگوین لە گەرووت شیرینە،
14
هەروەها بزانە دانایی بۆ گیانت بەم جۆرەیە.
ئەگەر دانایی بدۆزیتەوە دواڕۆژت دەبێت و
ئومێدبڕ نابیت.
15
وەک خراپەکار خۆت مەڵاس مەدە بۆ ماڵی کەسی ڕاستودروست،
هەڵمەکوتە سەر جێی حەسانەوەی،
16
چونکە کەسی ڕاستودروست حەوت جار دەکەوێت و هەڵدەستێتەوە،
بەڵام کارەسات بەدکاران تێکدەشکێنێت.
17
بە ساتمەکردنی دوژمنت شاد مەبە،
بە کەوتنیشی دڵت خۆش نەبێت،
18
نەوەک یەزدان ببینێت و بەلایەوە خراپ بێت،
جا تووڕەیی خۆی لێ بگێڕێتەوە.
19
مەراق لە خراپەکاران مەخۆ،
ئیرەیی بە بەدکاران مەبە،
20
چونکە خراپەکار دواڕۆژی نابێت و
چرای بەدکاران دەکوژێتەوە.
21
ڕۆڵە، لە یەزدان و پاشا بترسە،
تێکەڵی یاخیبووەکان مەبە،
22
چونکە بەڵایان لەپڕ دێت،
بەڵای هەردووکیان کێ دەیزانێت؟
قسەی دیکەی دانایان 
23
هەروەها ئەمەش قسەی دانایانە:
لایەنگریکردن لە دادوەری باش نییە.
24
ئەوەی بە بەدکار بڵێت: «تۆ بێتاوانی،»
گەلان نەفرەتی لێ دەکەن و نەتەوەکان تاوانباری دەکەن.
25
بەڵام ئەوانەی بەدکار تاوانبار دەکەن دەکەونە خۆشی و
بەرەکەتی باشیان بەسەردا دەڕژێت.
26
وەڵامی ڕاست
وەک ماچی لێوە.
27
کاروباری خۆت لە دەرەوە ڕاپەڕێنە و
لە کێڵگەکەت ئامادەی بکە،
دوای ئەمە ماڵی خۆت بنیاد بنێ.
28
بەبێ هۆ لە دژی دراوسێکەت شایەتی مەدە،
بە لێوەکانت فێڵ مەکە.
29
مەڵێ: «چی لێکردووم، ئاوای لێ دەکەم،
سزای ئەو پیاوە بەپێی کردەوەکەی دەدەمەوە.»
30
بەلای کێڵگەی پیاوی تەمبەڵ تێپەڕیم،
بەلای ڕەزەمێوی کەسی تێنەگەیشتووش.
31
چقڵ هەمووی داگرتبوو،
گەزگەزکە هەمووی داپۆشی بوو،
کەڵەکە بەردەکانی ڕووخابوو.
32
تەماشام کرد و لە دڵی خۆمدا لێکم دایەوە،
بینیم و وانەم لێ وەرگرت:
33
کەمێک خەوتن، کەمێک خەواڵووبوون،
کەمێکیش دەست تێکنان بۆ ڕاکشان،
34
ئینجا هەژاریت وەک چەتە دێت،
نەبوونیشت وەک چەکدار.
  1. a. 24‏:7 مەبەست لە کۆڕی خەڵکی شارە بۆ گفتوگۆ سەبارەت بە پرسە گرنگەکان.‏