عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
- ڕۆڵە، فێرکردنەکەم لەبیر مەکە،
 فەرمانەکانم لەناو دڵتدا هەڵبگرە،
- 2
- چونکە ڕۆژگاری درێژ و
 ساڵانی ژیان و ئاشتیت بۆ زیاد دەکات.
- 3
- با خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی لێت جیا نەبنەوە،
 بە ملتەوە گرێیان بدە،
 لەسەر پەڕەی دڵت بیاننووسە.
- 4
- ئینجا پەسەندی و نازناوی چاک بەدەستدەهێنیت
 لەلای خودا و خەڵک.
- 5
- پڕ بەدڵ پشت بە یەزدان ببەستە و
 بە تێگەیشتوویی خۆت پشت ئەستوور مەبە.
- 6
- لە هەموو ڕێگاکانت بیناسە،
 ئەویش ڕێچکەکانت ڕاست دەکات.
- 7
- لەبەرچاوی خۆت، خۆت بە دانا مەزانە،
 لە یەزدان بترسە و لە بەدکاری بەدووربە.
- 8
- دەبێتە تەندروستی بۆ لەشت و
 خۆراک بۆ ئێسقانەکانت.
- 9
- بە سامانت ڕێزی یەزدان بگرە،
 بە یەکەمین بەرهەمی هەموو خەرمانەکانت.
- 10
- ئەمبارەکەت پڕ دەبێت هەتا تێری،
 قەڕابەکەت سەرڕێژ دەبێت لە شەرابی نوێ.
- 11
- ڕۆڵەکەم، بە سووکی تەماشای تەمبێکردنی یەزدان مەکە،
 ڕقت لە سەرزەنشتی ئەو نەبێتەوە،
- 12
- چونکە ئەوەی یەزدان خۆشیبوێ تەمبێی دەکات و
 وەک باوکێک بە کوڕ دڵخۆش دەبێت.
- 13
- خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی دانایی دەدۆزێتەوە و
 بەو کەسەی تێگەیشتن بەدەستدەهێنێت،
- 14
- چونکە قازانجی لە قازانجی زیو باشترە و
 بەرهەمیشی لە زێڕ.
- 15
- لە یاقووت بەهادارترە و
 هەرچی ئارەزووی دەکەیت نابێتە هاوتای.
- 16
- تەمەنی درێژ لە دەستی ڕاستیدایە و
 دەوڵەمەندی و ڕێزیش لە دەستی چەپی.
- 17
- ڕێگاکانی ڕێگای خۆشحاڵین و
 هەموو ڕێڕەوەکانی ئاشتین.
- 18
- درەختی ژیانە بۆ ئەوانەی خۆیان پێوە گرتووە،
 خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی پێی پابەند دەبن.
- 19
- یەزدان بە دانایی زەوی دامەزراند،
 بە تێگەیشتنیش ئاسمانی چەسپاند.
- 20
- بە زانیاری ئەو قووڵاییەکان شەق بوون،
 هەورەکان شەونمیان دڵۆپاند.
- 21
- ڕۆڵە، دەست بە دانایی تەواو و سەلیقەوە بگرە،
 ئەمانە لەبەرچاوت دوورنەکەونەوە،
- 22
- دەبنە ژیان بۆ تۆ،
 ملوانکە بۆ جوانی گەردنت.
- 23
- ئەوسا بە ئاسوودەیی بە ڕێگای خۆتدا دەڕۆیت و
 ساتمە ناکەیت و ناکەویت.
- 24
- کاتێک ڕادەکشێیت بێ ترسیت،
 ڕادەکشێیت و خەوت خۆش دەبێت.
- 25
- نە لە بەڵای کتوپڕ دەترسیت و
 نە لە ماڵی بەدکاران کە وێران دەبێت،
- 26
- چونکە یەزدان دەبێتە پشتیوانت و
 پێت لە پێوەبوون دەپارێزێت.
- 27
- دەستی چاکە مەگرەوە لەوانەی شایستەی چاکەن،
 کاتێک لە تواناتدایە بیکەیت.
- 28
- بە کەس[a]  مەڵێ:
 «بڕۆ، دواتر وەرەوە، بەیانی دەتدەمێ،»
 لە کاتێکدا ئەو شتەت پێیە.
- 29
- پیلانی خراپ لە دژی دراوسێکەت مەگێڕە،
 لە کاتێکدا ئەو بە دڵنیاییەوە لەلات جێنشین بووە.
- 30
- لەخۆڕایی دژایەتی کەسێک مەکە،
 ئەگەر خراپەی لەگەڵتدا نەکرد.
- 31
- بەغیلی بە پیاوی ستەمکار مەبە،
 هیچ ڕێگایەکی ئەو هەڵمەبژێرە،
- 32
- چونکە لەلای یەزدان مرۆڤی قەڵپ قێزەونە،
 بەڵام نهێنی خۆی لەلای سەرڕاستانە.
- 33
- نەفرەتی یەزدان لەسەر ماڵی بەدکارە،
 بەڵام ماڵی ڕاستودروستان بەرەکەتدار دەکات.
- 34
- هەرچەندە گاڵتە بە گاڵتەجاڕان دەکات،
 بەڵام نیعمەت دەداتە بێفیزەکان.
- 35
- داناکان ڕێزداری بە میرات دەگرن،
 بەڵام گێلەکان شەرمەزاری هەڵدەگرن.
- a. 3:28 کەس: لە زمانی عیبری ئەم وشەیە بەم واتایانە دێت: (نزیکەکەت، برادەر، دراوسێ، هاوکار، هاوڕێ، هاوڵاتی). بڕوانە دواوتار 15:2 و لۆقا 10:29.

